گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم

ئۆرهان وەلی کانک

ئۆرهان وەلی کانک/ تورکیا

March 12, 2022

 لە نامەیەکیدا بۆ هاوڕێیەکی بە ناوی مووەفەق سامی ئۆنات دەڵێت: ”لە ساڵی ١٩١٤ لە ئیستانبوڵدا لەدایکبووم. لە ١ ساڵیدا لە بۆق دەترسام. لە ٩ ساڵیدا مەراقی خوێندنەوە و لە ١٠ ساڵیدا مەراقی نووسین دای لە سەرم. لە ١٣ ساڵیدا ئۆکتای ڕەفعەت و لە ١٦ ساڵیدا مەلیح جەودەتم ناسی. لە ١٧ ساڵیدا بۆ یەکەمجار چوومە باڕێک. لە ١٨ ساڵیدا دەستم بە عارەقخواردنەوە کرد. لە ١٩ ساڵیدا ڕۆژانی ئاوارەییم دەستیپێکرد. لە دوای ٢٠ ساڵیشەوە فێری پارە پەیداکردن و کولەمەرگی بووم. لە ٢٥ ساڵیدا تووشی ڕووداوێکی هاتوچۆ بووم. زۆر عاشق بووم. قەت هاوسەرگیریم نەکرد.”

 

ئۆرهان وەلی کانک شاعیرێکی تورکە، لە ساڵی ١٩١٤ لە ئیستانبوڵ لەدایکبووە. لەگەڵ هەردوو هاوڕێیەکەی، ئۆکتای ڕەفعەت و مەلیح جەودەت، (بزووتنەوەی غەریب)یان درووست کرد و شیعری تورکییان لە قاڵبە کۆنەکەی هێنایە دەرەوە. ئۆرهان وەلی داکۆکی لە زمانێکی شیعری دەکرد خاڵی بێت لە ڕازاندنەوەی زۆر و بۆر و هاوەڵناوی ناپێویست، بەڵکو زیاتر بە جۆرێک دەینووسی نزیک بوو لە شعری ئازادەوە. ئۆرهان بەو دەنگە تایبەتەی هەیەتی و بەو هەستە قووڵانەی لە ناو دێڕەکانیدایە کە سادە دەردەکەون، دەناسرێتەوە. شیعرەکانی لە ناو بازنەی خەڵک و ئەکادیمیاشدا باوەشێکی گەرمی بۆ کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٠ کۆچی دوایی دەکات-باڵندە

 

 

 

 

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم
ئورهان وەلی کانک
لە تورکییەوە ڕێباز مەجید

 

 

 

 

جیابوونەوە

 

لەو کەشتییەی دووردەکەوێتەوە ڕادەمێنم؛
ناتوانم خۆم فرێبدەمە دەریاوە، ژیان جوانە؛
لە ناخمدا پیاوێتی هەیە، ناتوانم بگریم.

 

 

 

بە خۆڕایی

 

بە خۆڕایی دەژین، بە خۆڕایی؛
هەوا بە خۆڕاییە، هەور بە خۆڕاییە؛
دۆڵ و گرد بە خۆڕایین؛
باران و قوڕ بە خۆڕایین؛
دەرەوەی ترومبێلەکان،
دەرگای سینەماکان،
پەنجەرەی دوکانەکان بە خۆڕایین؛
نان و پەنیر نا
ئاوی تاڵ بە خۆڕاییە؛
دەبێ بۆ ئازادی سەرت دانێیت،
گەر نا، ئەسیربوون بە خۆڕاییە؛
بە خۆڕایی دەژین، بە خۆڕایی.

 

 

 

شیعری تەنیایی

 

ئەوانەی بە تەنیا ناژین، نازانن
بێدەنگی چەندە مرۆڤ دەتۆقێنێت؛
چۆن کەسێک لەگەڵ خۆی دەدوێت؛
چۆن کەسێک بەرەو ئاوێنەکان ڕادەکات،
لە حەسرەتی کەسێک،
نازانن.

 

 

 

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم

 

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون
سەرەتا شەماڵێکی نەرم دێت؛
گەڵاکان، درەختەکان
هێواش هێواش دەلەرێنەوە؛
لە دووریشەوە، لە زۆر دوورەوە،
دەنگی بەردەوامی زەنگۆڵی ئەوانەی ئاو دەفرۆشن
گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون.

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون؛
باڵندەکان دێن و دەچن؛
لە بەرزاییەکانەوە، کۆمەڵ کۆمەڵ، دەجریوێنن.
کە تۆڕی ماسیگرەکان دەخرێنە ناو ئاوەوە و؛
ژنێک قاچەکانی لەناو ئاوەکەدا دەهێنێ و دەبات؛
گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون.

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون؛
فێنکیی بازاڕی گەورە
حەشامەتی دوکانەکانی مەحموود پاشا
ئەو مەیدانانەی کە بە کۆتر تەنراون
لە بەندەری کەشتییەکانەوە زرمەی چەکوش دێت
ئەو بۆنەی کە شەماڵی بەهار لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت؛
گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون.

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون؛
سەرخۆشیی ڕۆژانی ڕابردووم لە کەلەدایە
لە ناو زەردەپەڕی بەندەرۆچکەی خانووی کەناراوەکان؛
لە کپیی دوای گڤەگڤی هەوای باشوور
گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون.

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون؛
کیژێکی نەشمیل بەسەر شۆستەکەدا تێدەپەڕێت؛
جنێوەکان، گۆرانییەکان، فیکەکان و توانجەکان.
شتێک لە دەستییەوە بەردەبێتەوە؛
دەبێت گوڵێک بێت؛
گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون.

گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون؛
باڵندەیەک بە دەوری تەنوورەکەتدا لە شەقەی باڵ دەدات؛
نێوچاوانت گەرمە یان ساردە، نازانم؛
لێوەکانت وشکن یان تەڕن، نازانم؛
لە پشتی فستقەکانەوە مانگێکی سپی هەڵدێت
بە لێدانی دڵتدا دەزانم؛
گوێ لە ئیستانبوڵ دەگرم، چاوەکانم داخراون.