جووڵە

ئۆکتاڤیۆ پاز/شاعیری مەکسیکی

February 28, 2019

 

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ٣١ـی مارسی ١٩١٤ لە مەکسیکۆسیتی-مەکسیک لە دایک بووە، ١٩ـی ئەپڕێڵی ١٩٩٨ بە شێرپەنجە لە هەمان شوێن کۆچی دواییی کردووە. ئەو شاعیر، نووسەر، دیپلۆمات و ڕەخنەگرێکی مەکسیکی بوو. پاز بە ئابڕووی شیعری جیهان ناسراوە. لە حەڤدەساڵیدا دەستی بە نووسین کرد. باوکی، پارێزەر بوو، باپیریشی چیرۆکنووس، هەردووکیان لە پەروەردەی پازدا کاریگەر بوون. لە گەنجێتیدا بەها کۆمەڵایەتییەکانی لە باوکییەوە وەرگرت و ئەدەبیاتیش لە باپیرییەوە فێر بوو. سەرەنجام شاعیریی لە بری پارێزەریی هەڵبژارد. لە ساڵی ١٩٦٢ـدا بوو بە باڵیۆزی مەکسیک لە هیند و چوو بۆ ئەوێ. لە ساڵی ١٩٦٨ـدا وەک هەڵوێستێک لە هەمبەر سەرکوتکردنی خوێناویی خۆپیشاندانی ئارامی خوێندکاران لە مەکسیک، دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و ئیتر تا کۆتایییەکانی ژیانی، وەک سەرنووسەر و چاپەری چەند گۆڤارێکی تایبەت بە هونەر و سیاسەت مایەوە.

ئۆکتاڤیۆ پاز، لە ساڵی ١٩٨٠ـدا لە لایەن زانکۆی هارڤاردەوە دوکتۆرای شانازیی پێ بەخشرا و لە ساڵی ١٩٨١ـدا خەڵاتی سێرڤانتسی بردەوە. سەرەنجام لە ساڵی ١٩٩٠ـدا ئەکادیمیای سویدی بۆ خەڵاتی نۆبێل، لە هەمبەر نیو سەدە تێکۆشان لە بواری شیعر و ئەدەبیاتی مەکسیکدا، خەڵاتی نۆبێلی بە پاز بەخشی. ئەو لە سوید گوتارێکی گرنگی بە ناوی «گەڕان بە دوای هەنووکەدا» خوێندەوە.

پاز پێی وایە شاعیر شیعر بۆ دڵی دەنووسێت، بەڵام پێویستە لەگەڵ خوێنەریشدا پەیوەندیی دروست بکات. هەروەها شیعر نهێنییەکە ناتوانین هەرگیز چۆنیەتیی ئافراندنەکەی وەسف بکەین، بەڵام لە هەمان کاتدا بەبێ ئەوەی بیر لە ڕەوتی ئافراندنەکەی بکەینەوە، ناتوانین درکی بکەین. هەروەتر شیعر وەجدێکە، واقعییەت ڕەت دەکاتەوە، یانیش دەیگۆڕێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

جووڵە
ئۆکتاڤیۆ پاز
وەرگێڕانی لە ئیسپانییەوە: ئەحمەدی مەلا

 

ئەگەر تۆ جوانوویەکی شێ بی، من ڕێگەی خوێنم

ئەگەر تۆ یەکەم بەفربارین بی، من سۆپەی ئەلبا دادەگیرسێنم

ئەگەر تۆ قولـلەی شەو بی، من بزمارێکی داغبووی سەر ناوچەوانتم

ئەگەر تۆ داکشانی سبەینانی زەریا بی، من جریوەی یەکەمین مەلم

ئەگەر تۆ سەبەتەپرتەقاڵ بی، من چەقۆی خۆرم

ئەگەر تۆ قوربانیگەی بەرد بی، من دەستێکی گوناهبارانەم

ئەگەر تۆ سەرزەمینی درۆ بی، من زەلێکی سەوزم

ئەگەر تۆ قەڵەمبازی با بی، من ئاگری بەخاکسپێردراوم

ئەگەر تۆ دەمی ئاو بی، من دەمی کەفم

ئەگەر تۆ دارستانی هەور بی، من ئەو تەورەم کە دوولەتی دەکات

ئەگەر تۆ شاری گڵاوبوو بی، من بارانی فیداکاریم

ئەگەر تۆ چیای زەرد بی، من بازووی کڕێژبەردی سوورم

ئەگەر تۆ خۆری بەرز دەبیتەوە، من ڕێگەی خوێنم