جلشۆرێکی خاڵی لە جل و پڕ لە ئاو

ڕیچارد براوتیگان/شاعیری ئەمەریکی

July 25, 2020

ڕیچارد براوتیگان شاعیری ئەمەریکی، ٣٠ـی جێنیوەریی ١٩٣٥ لە ئەمەریکا لە دایک بووە، لە ١٦ـی سێپتەمبەری ١٩٨٤ـدا بە تفەنگی ڕاو خۆی کوشت. ئەو نۆ ڕۆمانی نووسیوە کە “ڕاوی ماسیی سەلەموون لە ئەمەریکا” بەناوبانگترینیانە، هەروەها کۆمەڵەچیرۆکێک و چەندین دەفتەرەشیعریش. براوتیگان سەر بە ڕەوتی بیت بوو. شاعیرانی بیت هەوڵیان دەدا شیعر لە یاسا وشکوبرینگەکانی ئازاد بکەن و بیبەنە ناو خەڵک و شەقامەکانەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

جلشۆرێکی خاڵی لە جل و پڕ لە ئاو
ڕیچارد براوتیگان
و. لە ئینگلیزییەوە: سایۆ

 

 

 

لە جوانترین ڕۆژەکاندا وەستاین

لە جوانترین ڕۆژەکاندا وەستاین و

لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزین،

با قژی دەبریسکاندەوە

هەر بەم شێوەیە سادە بوو

وەرسوڕام تا شتێک بڵێم.

 

 

ڕەنگ، وەک دەستپێک

ئەوین لە بیر کە

دەمەوێ لەناو ڕەنگی قژی زه‌ردتدا

بمرم.

 

 

شەپقەکەی کافکا

باران وەک نەشتەر لە بنمیچەکە دەدات

قاپێک ئایسکرێمم خوارد،

لە شەپقەکەی کافکا دەچوو.

قاپێک ئایسکرێم

تامی مێزی نەشتەرگەری دەدات،

نەخۆشەکەشی چاوی بڕیبێتە بنمیچەکە.

 

 

ڕۆمیۆ و جولێت

ئەگەر تۆ بۆ من بمریت

منیش بۆ تۆ دەمرم

گۆڕەکانیشمان وەک دوو خۆشەویست دەبن

پێکەوە جلەکانیان بشۆن

تۆ سابوون بێنه‌

منیش سپیکەرەوە.

 

 

دەقاودەق پارچەحەڵوا

تۆ

ڕێک نموونەیەکیت

لە ته‌واوی ئەو پارچەشیرینییانەی

تا ئێستا خواردبێتم.

 

 

7ـی ئەپرێڵی 1969

ئەمڕۆ، هێندە بێتاقەتم

دەمەوێت شیعرێک بنووسم

گرنگ نییە چۆن شیعرێک

بۆ نموونە ئەم شیعرە.

 

 

سمتێکی سەرنجڕاکێش

زۆر شت دۆڕان و

زۆر شتیش قازانج کران

له‌م وشانەدا.

 

 

لە سەدەی بیستەمدا دەژیم

بۆ مارسیا

لە سەدەی بیستدا دەژیم و

تۆ لە پاڵمدا ڕاکشاویت

کاتێک خەوت لێ کەوت

خۆشحاڵ نەبوویت

منیش بێهیوا بووم

هیچ شتێکم كه‌ لەو بارەیەوە پێ نەکرا.

ڕووخسارت هێندە جوانە

ناتوانم پەسنی نەدەم

ناشتوانم دڵخۆشت بکەم

کاتێک خەوتوویت.

 

 

دوو کەم

هه‌موو كه‌سێك ده‌یه‌وێت بڕواته‌ سه‌ر جێگه‌

لایان گرنگ نییە لەگەڵ هەر کەسێک بێت.

ئەوان بلۆکی ڕیزکراون.

کەواتە من لەگەڵ تۆ دەڕۆمە سه‌ر جێگە،

ڕیزەکەش تێک ناچێت.

 

 

30ی دیسێمبەر

لە 1:03ی بەیانیدا

بۆنی گازێکی ناخۆش

وەک هاوسەرگیریی نێوان

ئەڤه‌كادۆیەک و ماسییەکی گەنیو

ناچارم لە جێگەکەم بێمە دەرەوە

تاکوو ئەم وشانە بنووسم

بێ ئەوەی چاویلکەکەم بکەمە چاوم.

 

 

بیستوهەشت سەنت حەقی پیرییەکەم

لە باڕێکی سان فرانسیسکۆ شیعرێکم خوێندەوە

 بە ناونیشانی: «پۆرترێتی بیلی بچکۆلە»

خەڵکانێك لە دەورم کۆ بوونەوە و بیرەیان خواردەوە.

خوێندنەوە کۆتایی هات

دوازدە دۆلار و پەنجا سەنت دەستکەوتی ماندووبوونم،

بیستوهەشت سەنتیش حەقی پیرییەکەم.

بە تەنیاش گەڕامەوە ماڵەوە.

 

 

گرمە!

بێخەوی/ بیست ڕۆژ

وێنە سێکسییەکەم

هیچ بەهایەکی نەفرەتیی نییە.

ئەگەر مردوویەک بوومایە

تەنانەت سەرنجی مێشوولەیەکی مێینەشم ڕانەدەکێشا.

 

 

سەرسامی

تەوالێتەکە هەڵدەگرم

وەک ئەوەی هێلانەی باڵندە بێت.

بەسەر لێواری کاسەکەدا،

شوێنپێی پشیلە دەبینم.

 

 

ئەمبوڵانسی هایکۆیی

پارچەیەک بیبەری سەوز

کەوتە خوارەوە

بۆ ناو تاسێکی دارینی زەڵاتە

کەواتە چی؟

 

 

نۆ شت

 

شەوە و

ژمارەیەک جوانی

لە با دێنە خوارەوە

زەردەخەنە بۆ لقەکانی دارێک دەکەن

زەردەخەنەیەکی مەکراوی

سەمایەک دەکەن

وەک سەمای سێبەرێک

لەگەڵ کۆلارەیەکی مردوو

قایلبوونیان بە دەردی گەڵا وەریوەکان و

چوار شتی تریش

یەکێکیان ڕەنگی قژت.

 

 

سان فرانسیسکۆ

(ئەم شیعرە لە لایەن ڕیچارد براوتیگانەوە دۆزراوەتەوە

لەنێو جانتای کاغەز لە جلشۆرییەکی سان فرانسیسکۆدا، نووسەرەکەی نەناسراوە).

تۆ، بە ڕێکەوت

پارەکەت خستە نێو جلشۆرەکەی منەوە.

هەر بە ڕێکەوت منیش

پارەکەم خستە نێو جلشۆرێکی ترەوە.

بە مەبەست

جلەکانتم خستە نێو جلشۆرێکی خاڵی لە جل و پڕ لە ئاو.

هەستم بە تەنیایی کرد.

 

 

بەرەو ئینگلتەرا

هیچ پوولێکی پۆستە نییە بۆ نامەناردن

ئینگلتەرای کۆن، سێ سەدە بەر لە ئێستا

بەبێ بوونی پوولی پۆستە

هێشتا کۆنتر

بۆ ئەو کاتەی گۆڕ هەڵنەکۆڵدرابوو.

جۆن دەن وەستاوە و لە پەنجەرەکەوە دەڕوانێتە دەرەوە

بەرەبەیانی ڕۆژێکی نیسانە و خەریکە باران دەبارێت

باڵندەکان بەسەر درەختەکاندا دەنیشنەوە

وەک ڕیزبوونی پارچەکانی شەتڕەنجێک

لە یارییەکی دەستپێنەکراودا.

جۆن دەن پیاوی پۆستەچییەکە دەبینێ

بە شەقامەکەدا سەر دەکەوێت

زۆر بە وریایی ڕێ دەکات

چونکە گۆچانەکەی

لە شووشە درووست کراوە.

 

 

ئایا هیچ کات لەوێ بوویت؟

لە چاوەکانتەوە تێگەشتم، پرسیارێکی هەڵەم کردووە

نیگەران و دوور دەڕوانن.

بابەتەکە دەگۆڕین.

 

 

داهاتوو

ئاهـ یەکی جوونی ١٩٧٦

١٢:٠١ـی نیوەشەو

هەموو ئەو کەسانەی

دوای مردنی ئێمە

لەو دونیایەدا دەژین.

ئێمە هەستمان بەو ساتە کرد

کە ئێستا تێیدا دەژین.

 

تۆکیۆ

یەکی جوونی ١٩٧٦

١٢:٠١ـی نیوەشەو

 

 

دوایین سەرسامی

ئەو کاتەی هێدی هێدی لەوە تێدەگەیت

کە چیتر هیچ شتێک سەرسامت ناکات

کۆتاسەرسامیت دەبێت.

 

 

سێبەری مێروولەیەکی ترساو

سێبەری ڕەنگپەڕیوی مێروولەیەکی ترساو

دەیەوێت ببێتە هاوڕێت،

سەبارەت بە منداڵیت بزانێت و

لەگەڵ تۆ فرمێسک هەڵبڕێژێت.

دەخوازێت،

لەگەڵ تۆ بژی.

 

 

خانەی پیران

بۆ گەڕاندنەوەی شکۆت

دوای ئەوەی لە جێگەدا خۆت پیس کردووە

دەبێ وای دەربخەیت

تۆ هانیپاڵیت*

کاتێک چیاکانی ئەڵپ دەبڕێت

 

*هانیپاڵ(٢٤٧-١٨٣ پ. ز) : ژەنەڕاڵێکی قیرتاجە،

لە(٢١٨ پ.ز) چیاکانی ئەڵپی بڕی و ئیتاڵیای داگیرکرد و ئیمپراتۆری ڕۆمی تێکشکاند.

 

 

منداڵی لە تاکۆما*

ئەگەر دەرگاکە نیوەکراوە بێت

دەتوانیت ببیتە کاپتنی ژێردەریایییەک.

گوللـەی یەکەم

گوللـەی دووەم

ئەگەر دەرگاکە داخراو بوو

دەتوانیت بیکەیتەوە و

بڕۆیتە چێشتخانەکە.

 

*تاکوما tacoma: شارێک لە خۆرئاوای واشنتۆن،

زێدی براوتیگان.

 

 

پرسەی بێوەژنێک

هەواش ئەوەندە سارد نییە

تا هەندێک هێزنگ قەرز بکەم

لە دراوسێکەم.

 

 

ڕەخنەگر هەڵی دێنێت

هەڵەیەک لەم شیعرەدا هەیە

دەتوانیت بیدۆزیتەوە؟

 

 

شیعری(هەگیزکاتژمێرەکەیدانەکەند)

بۆ مارسیا

هەمیشە کاتژمێرێک نووساوە بە جەستەتەوە،

پێویستە لە کاتی خۆیدا بیرت لێ بکەمەوە.

لە هەشت و سێ خولەکدا

قژە زەرد و درێژەکەت.

لە یازدە و حەڤدە خولەکدا

مەمکە سپی و لەرزۆکەکانت.

لە پێنج و سی خولەکیشدا

میاوێک و زەردەخەنەیەکی گوڵئاسات

دەزانم ڕاست دەکەم

 

 

تکایە

بیرم لێ دەکەیتەوە

هێندەی

من بیرت لێ دەکەمەوە؟

 

 

چێشتخانە

ناسکۆڵەیەکی ٣٧ـساڵە، بەڵام کزۆڵ

ئەڵقەی پەنجەی تەنیا خەیاڵێکە

ڕێکوڕاست دەڕوانێتە کووپەقاوەیەکی بەتاڵ

وەک ئەوەی لە دەمی باڵندەیەکی مردوو بڕوانێت.

نانخواردن کۆتایی هات

هاوسەرەکەی لە توالێتە

زوو دەگەڕێتەوە

پاشان نۆرەی ئەوە.

 

 

گۆرانیی لادەری سێکسی

من

هەمیشە

پەلکەزێڕینەکان

ڕاو دەنێم.

 

 

ماچی خەیاڵی

هیچ شتێک

هێندەی بیرکەوتنەوەی ماچێک

کە ڕووی نەداوە

ناخۆش نییە.

 

 

گوتی کارێکی باشە

“کارێکی باشە”

وای گوت و لە دەرگاکە چووە دەرەوە

کام کار؟

هەرگیز پێشتر ئەومان نەبینیبوو

هیچ دەرگایەک نەبوو!

 

 

کارتی پۆستە لە گەڕەکێکی چینی

چینییەکان، لە گەرماو تریاک دەکێشن.

هەموو دەڕۆنە گەرماوەکانیان و

دەركه‌ لە خۆیان دادەخەن

پیرەکان لەسەر بانیۆکە دادەنیشن و

منداڵەکانیش لەسەر زەوی.

 

 

لە ترسی تەنیایی

بۆ ئەوەی تەنیا نەکەویت

زۆر شت دەکەیت

کە هیچکات لە خۆت ڕانەدەبینی بیانکەیت.

 

 

تەوەری فەرامۆشی، وەک دەرگایەک

تەوەری فەرامۆشییەکەی منم

وەک دەرگایەک.

بە هێواشی چاوەکانی لێک دەنا

هەرچەند ئەو ژنە بوو کە خۆشم دەویست

بەڵام گەلێک جار لە کاتی نەوازش

وەک ئاسکێکی میکانیکی خەوی لێ دەکەوت

منیش بە بێدەنگییەکی ئاسنین ئازارم دەچەشت

لە خەونەکانیدا.

 

 

پرتەقاڵەکان

ئاهـ  مردن

چەند بێخەوشانە هەژماری بایەک دەکات

کە لە ڕەگەزی پرتەقاڵە و

لە شوێنپێیەکانت هەڵدەکات

دەوەستیت تا لە باخێکدا بمریت

بەروبوومەكەی پڕە لە ئەستێرە.

 

 

دۆزینەوە

لۆچە کراوەکانی لە پەڕەی گوڵ دەچن

وەک کۆڵۆمبس لە کاتی پێڵاوداکەندندا.

ئایا هیچ شتێکی جوانتر هەیە

لەو دەمەی نووکی کەشتییەک بەر جیهانێکی نوێ دەکەوێت؟