شارێک کە تێیدا خۆشم دەوێیت

لی-یانگ لی/شاعیری ئەمەریکی-چینی

December 30, 2021

لی-یانگ لی شاعیری ئەمەریکی ساڵی ١٩٥٧ لە جاکارتای ئیندۆنیزیا لە دایکوباوکێکی چینی لە دایک بووە. لە شیعرەکانیدا توانیویەتی بە زمانە سادەکەی واتا قووڵەکان کەوی بکات. ئەدەبیاتەکەی بەدەر نییە لە شاعیرانەبوون، عیرفان، ئیمان، تێڕامان لە ڕۆح و جەستە، ئاشقانەبوون و هەروەها ژیانی خۆی. دوورخرانەوەی باوکی بۆ ئیندۆنیزیا لێرەدا بە ڕوونی دەبینرێت. لی-یانگ لەم شیعرەدا، کە تێکستێکی نێوداری ئەوە، جوانیناسییەکی جەستەکی و زمانەکیی شکۆدار وەکوو بزاوتێک بۆ وەڵامدانەوەی ئەوی دیکە بەکار دەهێنێت. وەک لە ناونیشانی شیعرەکەوە دیارە، شار، فەزایەکی ناهاوتایە، کە تێیدا تاک لەگەڵ غەریبەکاندا؛ وەکوو دوورخراوەکان، کەسانی ڕاوەدوونراوی سیاسی، لاوازان لە سەرتاسەری جیهانەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە. هەروەها شار وێناندنی کۆمەڵی خەڵکانی جیاوازە لە یەکتر و هەوڵەکانی ئەوانە بۆ گەیشتن بە هاوتایی. لە پشتوێنەی ئەم فەزا شارییەدا، بابەتی ئەوین لە شیعرەکەدا لە دەلالەت و ئاماژە مەزهەبییەکانیدا بە تەواوی ڕوون و ئاشکرایە. شاعیر بۆ ئاماژەدان بە گەڕان و ویستی ئەوین و بەرزنرخاندنی تەمەننای جەستانە، چ لە پیاو و چ لە ژندا، کە لە “غەزەلی غەزەلان”دا هاتووە، یەکێک لە غەزەلەکانی کردووە بە دیباچەی شیعرەکەی. لی-یانگ بە هێنانەکایەی مۆتیف و بابەتەکانی ئەڤینخوازی لە دەقی ئینجیلیی غەزەلی غەزەلانەوە، خوێنەر بۆ کەشفی شارێک دەبات، کە تێیدا پێرسۆنای ئەو، دڵدارەکەی خۆی دەدۆزێتەوە. لە دنیای شیعرەکەدا، جەستە و ڕۆح یەک پشکیان هەیە.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

شارێک کە تێیدا خۆشم دەوێیت
لی-یانگ لی
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

ئەمێستا وە خۆ دەکەوم و دەچم بۆ شار
لە هەر کووچەوکۆڵانێک لە دووی دەگەڕێم
ئەو کەسەی گیانم دەیهەوێت
غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان

 

 

جا کاتێک، لە شارێکدا کە تێیدا خۆشم دەوێیت
تەنانەت تاقانەترین گۆرانییەکانی منیش بێوەڵام دەمێننەوە و
من ڕادەبوورم بەم شەقامە هەوکردووانە،
بە هاوارە بەرزەکانی کۆڵانەکان و
داڵانەکانی نوقمبووی شەودا سەرلەدووی تۆ…

 

تا لەگەڵ تەمدا دانووستان دەست پێ بکەم،
بارانی قیرین، وەکوو ددان دەڕژێتە سەر قوتووی تەنەکەی سواڵکەر،
یان دوو پیاو، دەبنە چەقەڵ بۆ گیانی پیاوی سێیەم لەو لاکۆڵانانەی
کە نەختەڕووناکییەکەیان لە تەختەکورسییەکەوەیە گڕگرتوو لە ئاگردا،
تا بە دوای خۆمدا ڕایبکێشم ڕەگەزفەوتاویی خۆم سەرلەدووی تۆ…

 

ڕادەبوورم لە بەرامبەر تارمەکانی حەوشەی قوتابخانە، تەختەدەرگەکانی کڵێسا،
خاچی شکاوی سەر کەنیسەکان، ماڵە پارێزراوەکانی پاڕانەوە،
ڕادەبوورم لە بەرامبەر پەنجەرەی بە-ڕۆژنامەداپۆشراوی ئەپارتمانەکان،
لەگەڵ هاووڵاتییانی تێکشکاو و ڕاوەدوونراو،
لە سەرتاسەری ئەم شارە پڕچیرۆکەی
کە مۆمەکان دیوارەکانی بە پێوە ڕاگرتووە
لە شاری پاکەوان و پۆلیسەکاندا
شارێک کە پێی دەڵێم ماڵەوە، کە تێیدا میوانم…

 

پەڵەیەک، شین
لەسەر بازوو، تۆ
ژێروژوورم دەکەیت،
وەکوو ئێسقان کە ماڵی ئازار لە خۆ دەگرێت، کەواتە
چەوساوەی ئەوینی تۆم، جەستەی تۆ

 

شێوەی گەڕانەوەکان، قژی تۆ
بەدەنی ڕووناکی، گەرمیی تۆ
دەبێت هیی من بێت، زارکت
من دەخۆم، گشت چرکەیەکی ئەو میوە نەرمەپەڕە،
فوارەیەکی ئاوەژوو کە تێیدا خۆم نابینم.

 

زمانم تامی بریندارییەکەتی لە بیرە.
ڕەگی گەردنم
دەتپەرەستێت. شمشێرێک
لە نێوان ڕانەکانم،
تووکی شەرمگەی من بۆنی ڕۆنی ئینسانیی لێ دێت.

 

سێبەری ژێر قۆڵەکانم،
بەڵێن دەدەم، کە میهرەبان بن، سێبەرەکانی
ژێر ڕووخسارم. تاوتوێی مەکە
بەڵام وەرە، ئەی غوربەتی دڵلاوێن، ئەی خوشکی هەورازونشێو.
پێم بڵێ لە نێوان دیلەکاندا

 

من چۆن دەناسیتەوە ئێستا کە قژم درێژ،
خوێنم ڕەنگین و نەیارانە خۆیان کوتاوەتە نێو ڕێیەکانمەوە؟
لەم ئاژاوەی شێوەزارەکان و گەردانی زمانەکاندا
چۆن دەنگم دەبیستی کاتێک زار بکەمەوە؟

 

بە دوامدا بگەڕێ، کەسێکم لەنێو خێڵی خەڵکانی خۆڵەمێشی
لەبن باڵاخانە بەرزە درزبردووەکاندا،
هونەری خاپووربوو. ناوە زۆرەکانم
وەکوو پۆلی باڵندان لەبان سەرت هەڵفڕێنە
سەرلەدووت دێم.
بە جوانییەکەت وردم کە.

 

عەنباری کە لە مندا ئەم ئاگرە نامۆیە
بەرگێکی ئاسنینم لەسەر بچێنە، بەڵام بە خۆشەویستی.
سەد جار خولم خوارد و چرچولۆچ کەوتم، بەڵام درزم نەبرد
پێست هەڵدەدەم ئەوەندە تا بێخەوش ببم، بەڵکوو بە تۆ بگەم.

 

بەڵام لەم شارەدا
کە تێیدا خۆشم دەوێیت
هیچکەس نایەت، هیچکەس
لە درزی خشتەکاندا بۆ دیدارم نایەت؛
لە نێوان تاریکوڕووندا،

 

هیچ دەستێک بە نهێنی ناملاوێنێتەوە، هیچ زارێک
خوێی دەگمەنم ناچێژێت،
هیچکەس هەنگوین لە کەندوودا خەبەر ناکاتەوە
هەراوهوریا لە نێوان پەراسووەکاندا نابیستێت
کاروکاسبیی دەوڵەمەندان لە قۆناغی مایەپووچیدا نابینێت؛
بەدەنەی کەشتییەکان کونتێبوو، من هێشتا بە بارەوە ڕێ دەکەم

 

زمانم وەردەگێڕن هیلاکی و ئیشتیای زەمەن، خەوی من
بەرەڵڵا لە وێستگەکانی پاسدا، لە بەرامبەر دەرکی دووکانەکاندا،
بێخەویی من داچەقیو لەژێر ئاسمانێک کە
بە تێلەکان، لقەکان و داوە ڕەشەکانی باران سێبەرچن کرابوو.

 

جەستەی هەرزەی با لە کۆڵانەکاندا هەڵمدەگڵۆفێت، دەرگەکان پێکدا دەدرێن
وەکوو ئەو تفەنگانەی کە دەتەقێنرێن، تفەنگێک دەتەقێنرێت، دەفری شیرینی، خلۆک لەسەر ئەرزەکە تێدەپەڕێت،
دەنگی خولانەوەکەی دەبیسترێت
کیسەیەکی نایلۆنیی زلەی پڕبا،
وەکوو پێستێک لە دەوری تێلەکانی حەسار وەردەخولێت.

 

لە شوێنە هەڵکەنراوەکانی ئاسەواردا
چاوەڕێی تۆ بووم و هاوارم نەکرد.
لە ژوورە چۆڵوهۆڵەکاندا، جەستەی من تۆی دەویست و
لە سینەمدا مەیلی فڕین بوو.
لە هێرشەکانی ڕۆژانەدا، ناوی تۆم دەهێنا و

 

دەنگی من شوێن تۆ دەکەوت
تەنانەت بە ئاراستەی پێچەوانە
بەرەو ئەو شارەی دی
کە تێیدا ژنێکم بینی
هەڵترووشکاو لە شەقامدا

 

بە دیار جەستەیەکەوە
دووری دەخستنەوە بە دەسماڵێک مێشەکان ورووکاو لە ڕووخساری تەرمێک.
ئەو ژنە
من نەبووم و
تەرمەکە

 

خەوتوو لەوێ، خەوتوو لەوێ
بە چەشنێک ئارام، کە ئەهوەنییەکەی هەوڵێکی دەدا مەزن، وەک بڵێیت
تێکڕای هەبوونەکەی کۆ بووبووەوە
لە درزی نێوچەواندا، وەها ئارام
کە پێم وا بوو هاکا دابنیشێت و بەرز بەرز پێبکەنێت:

 

ئەو پیاوە من نەبووم؛
برینی ئەو، برینی ئەو بوو، مەرگی ئەو مەرگی من نەبوو.
سەربازێک
کە تەقەی لێ کرد و پاشان جگەرەیەکی داگیرساند
من نەبووم.

 

ئەوانەیش کە لە شارەکانی سەرتاسەری جیهاندا نایانبینم
ئەوانەی کە دانیشتوو، وەستاو، خەوتوو
ئەوانەی کە لە بەندیخانەکاندا بە ددانی شکاوەوە شەترەنج دەکەن؛
من نین. هەندێکیان

 

هاوتەمەنی منن، بگرە هاوباڵا و هاوکێش؛
هیچکامیان من نین.
نە ژنێک کە زلـلەی لێ دەدرێت و نە پیاوێک کە شەق،
ئەوانەی کە ڕزگاریان نابێت
ئەوانەی کە ناویان نازانم؛

 

ئەوانە بۆ هەمیشە من نین،
ئەوانەی کە ئیتر زیندوو نین
لە شارانێک کە
تۆ لەوێ نییت،
ئەو شارانەی کە تێیاندا بە دوای تۆدا گەڕام.

 

باران خۆش دەکاتەوە، مانگ
لە هەناسەکانیدا، دەردەکەوێت لەو سەرەوە.
تاقەدەنگ، دەنگی باڵلێکدانێکە لە دووردەستەکانەوە.
لە ژوور بانکی نیشتیمانییەوە، ئاڵای هەندێک لە کۆمارەکان
یان ئاڵاکانی دیکە
وەکوو ئاو بەر دەبنە ئاگر تا خۆیان لێک بدڕێنن.

 

ئەگەر هەست بکەم کە شەو دەڕوات
تا پەردە بدڕێنێت یان دەنگی پتر هەڵێنێت،
هۆکار تەنیا ئەمەیە کە برسیی
واتام؛ شەو
هێدی هێدی دەتوێتەوە

 

غەریبیی تۆیش وەکوو مەرگی من بێکەمایەسییە.
غەریبیی تۆ لە پێی خستووم،
وەک بڵێیت کتوپڕ لێرەوە تەماشای سەرەوەم کردبێت و
بینیبێتم ئەستێرەکانی مەحاڵ کاڵ دەبنەوە.
لێرەنەبوونت سزادانی گشت شتێکە.

 

کەواتە درووستە ئاخۆ نزا بکەم
بۆ زەینێک ئارەزووی فڕینێکی ئازادی هەبێت
بەڵام گرفتاری قوللابێک بێت بە ناوی جیهان
گرفتاری ژانی ددان، گرفتاری حەقیقەت؟

 

چ دوعایەک بکەم؟ لەبەر کێ بپاڕێمەوە؟
لە کوێیت تۆ
لەو شارانەی کە تێیاندا خۆشم دەوێیت،
شارانێک کە بەیانییان لە خەو ڕادەبن و دەڕۆن بەرەو کار و پارە
بەرەو بێژومار فەرسەخ شکۆ و کەناراوی ئاڵتوونی؟

 

سپێدە دێت بەرەو شاری بەتاڵ لە تۆ.
لاپەڕەکان و پەنجەرەکان دەترووسکێن و تۆ لەوێ نییت.
کەسێک شوێنی خۆی گسک دەدات لەسەر شۆستەکە،
سەرخۆشەکان خەبەر دەکاتەوە کە وەک جلی چڵکن کەوتوونەتە سەر زەوی و
تۆ ڕۆیشتوویت.

 

تۆ لە بادا نییت،
بەو جۆرەی کەسێک لە پەراوێزی کتێبێکدا دەنووسێت.
لە ئاگرە بچووکەکانەوە بە كێڵگە چۆڵۆهۆڵەکاندا ڕێ دەکەیت.
لە شوێنێکەوە کە مرۆڤەکان کۆ دەبنەوە،
هەر یەک لە ئارەزووی ڕۆحی خۆیدا.

 

لە نێوان دیوارە خشتەکاندا،
لە فەزایەکدا کە گەورەتر نییە لە ڕووخساری من
درەختێکی لاوی بێگەڵا لە خاکێکی قوڕیندا وەستاوە.
لقەکانی، لانەی زاری کراوە و فەریکی
ئاگرگەلێکی لاواز، کە بەدەر لە خواردن هیچ نازانن.
برسییەتیی من بۆ تۆ کەمتر لە هیی ئەوان نییە.

 

لە دەروازەکانی شارێکدا کە تێیدا خۆشم دەوێیت
دەریا هەتاو لەسەر پشتی خۆی دەبات
زەوی دەکوتێتەوە تا سزای بدات.
چ تینێکی هەیە قورسییە خلیسکەکەی
ساوانێکی بێبڵێسە لەسەر تاوێرەکان.

 

وەکوو ئەم دەریایە، ناسێنەری منیش هەتیویی منە.
قەرەباڵغ بە تەلەگرامە نەگەیشتووەکان
لە بەربەرەکانێ لەگەڵ ناوە خوازراوەکاندا
پەرێشان لە تاو سەفەرە هەڵەکان
بە دوورخرانەوەکانمەوە هاتووم کە خۆشم بوێیت.

 

ڕاستەوخۆ لە تووڕەییی باوکمەوە و
درەنگ لە ڕەحمی دایکمەوە
درەنگ لەم سەدەیە و لە بەیانیی چوارشەممەیەکدا
بە ناونیشانی کەسێک کە نە بەهەشتی بینیوە و
نەیش جەهەننەم

 

زێدی من ون بوو، هاووڵاتیبوونم بە دەست هات،
هاوپەیمان لەگەڵ بەردەکانی زەمیندا، من
هاتمە ژوورەوە، بەبێ ئەوەی مێژوو، پاشەکشە یان هاریکارییەکی نواندبێت،
لە ڕۆژەکانی دوورەڕۆژدا، لەسەر زەویی بێزەمینم
من دووبارە هاتمە ژوورەوە

 

بۆ ناو شارێک کە تێیدا خۆشم دەوێیت.
هەرگیزیش باوەڕم نەکرد
کۆمای خەون و پەیڤە بێئەژمارەکان، بێهوودە بن.

 

 

١٩٩٠

 

 

 

سەرنج: کۆپلەسازییەکان پەیوەستە بە دەقە ڕەسەنەکەوە.

 

فەرهەنگۆک
تەختەکورسی: پانکورسی، کورسیی گشتیی باریک و درێژکۆڵەی ناو باخچان، یان لە هەر شوێنێکی تر، بۆ دانیشتنی چەندکەس پێکەوە
ڕەگەزفەوتان: انقراض
تارم: تارمە، نەردە، تەختەبەند، محەجەرەی بەرهەیوان
پاکەوان: کەنناس، کرێکاری شارەوانی کە ڕێوبان خاوێن دەکاتەوە
ژێروژوورکردن: سەرەونخوونکردن، قڵپکردنەوە، هەروەها کاولکردن/وێرانکردن
شەرمگە: زێ/چووکی مرۆڤ
سێبەرچن: هاشوورلێدان/حاشوورلێدان، سێبەرلێدان بە قەڵەم
شوێنکەوتن: تعقیب، ڕاوەدوونان
ورووکان: تێورووکان، دەورەدان و کۆبوونەوە لە شتێک
فەریک: کاڵ، پێنەگەیشتوو، شتێک هێشتا خاو/خام بێت
ساوان: سوان، ساوین، پیاماڵین، پێداهێنان، لێخستن، ڕێخستن
دوورخرانەوە: نەفیکران، تبعید
کۆما: تۆپەڵ، کۆگا، کۆ، کۆمەڵێکی زۆر لە هەر شتێک