ئەوەی گەمارۆم دەدات ئاو نییە ڕووخساری تۆیە

یایڵ گڵۆبەرمان/شاعیری ئیسرائیلی

March 8, 2020

یایڵ گڵۆبەرمان، شاعیر و وەرگێڕی ئیسرائیلی لە شاری تێل ئەڤیڤ لە ساڵی ١٩٥٩ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بوو بە بەڕێوبەری نوێی پرۆگرامی نووسینی خوێندنگەی هیلیکۆ بۆ شیعر. خێزانەکەی لە دوای هۆڵۆکۆستەوە ئاوارەی ئیسرائیل بوون. لە دوای خزمەتی سەربازی، لە زانکۆی هاگیو، نێزەرلاند هونەری خوێندووە و لە زانکۆی تێل ئەڤیڤ بەشی فیلمی خوێندووە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 


ئەوەی گەمارۆم دەدات ئاو نییە ڕووخساری تۆیە

یایڵ گڵۆبەرمان
(دوو شیعر)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان

 

 

 

 

نەوەی دووەم

 

ئەو پیاوەی کە پیاو نەبوو، لەسەر مێزەکە دادەنیشێت.

ئەو ژنەی کە بە حاڵ ڕزگاری بووە لە ژیان، کێکی ھەڵووژەی بۆ دەبات.

ئەمە ماڵی منە: ئێرە باشە. پارێزراوە.

دایکم سەر دەخاتە سەر شانی باوکم. باوکم سەر دەخاتە سەر شانی سێبەر.

لە شەواندا لەسەر نووکی پێ، لە پۆشاکی ھەنگدا دێنە ژوورەکەم،

بە مۆم ناوچەوانم دەخورێنن.

ئێمە خێزانێکی گەرموگوڕین.

زەویی ژێر پێمان گڕەی دێت.

ئێمە بڕوامان بە دیوارەکان ھەیە. کەمتر بە سەقف.

دەبێت ھەموو بەیانییەک سەرلەنوێ درووست بکرێتەوە. درووستی دەکەینەوە.

لە کابینەی فریاگوزارییەکەماندا، بارووت ھەیە و

لە بانکدا وەک یەدەک، بەرتیلمان ھەیە

کە ڕێمان بۆ ئاسان دەکات شەوان لە سنوور دزی بکەین.

بێدەنگی ئەو ترۆپکەیە کە بەتاڵییەکان پڕ دەکاتەوە، زەوییەکان دادەپۆشێت.

گوێم لە شتێکی قووڵە دەنەڕێت و هەڵدەقوڵێت:

دەریایەک لەژێر کانیاوی ماڵەوە ھەیە.

ئەم ماڵە پەرژینە بە خۆشەویستی. باوکم بەھێزە.

دایکیشم جوان و شیکە.

گیرشوین(١) دەیتوانی لایلایەی ئێمە بنووسێتەوە.

ئەم ئازارە سوودی چییە؟

ئەم ئازارە ببەمە کوێ؟

کاتێک دەگاتە ئێرە، لە کوێ دایبنیشێنم؟

چی بدەمێ تا بیخوات؟

 

*

 

مێز

 

پێچەوانەی ئیکارووس،(٢) خەریکم فێر دەبم لەسەر پێیەکانم بفڕم.

ھەندێک جار لەسەر ھەر چوار پێم.

ھێشتاش، تامەزرۆیی ھەر ئەوەیە و ھەمان شتە:

کە بە دوو قۆڵی پێچراو لە خۆتەوە بەرەو ناو شتێکی سووتاو ڕابکەیت.

پێنجی بەیانییە و ھەواش زریاناوییە

دووبارە-چوونە-بەر-باری-ڕۆژەکە ترسناکە

شین وەک ئەوەی دەردەکەوێت.

ئەم دوورگەیە لە پارچەی پەرت و تیژ درووست کراوە

بەو پارچە کەشتییانەی نغرۆ بوون خەریکن درووستی دەکەن

بەڵام من دەتوانم تێیدا بژیم

بەرەو مێزە نووکتیژەکە مەلە دەکەم

توند خۆم دەگرم و سەر دەکەوم.

ڕەنگە ئەم جارە بتوانم بەرز ببمەوە

بێ ئەوەی پێیەکانم لە نیشتمان، لە خۆشەویستی هەڵبگرم.

بانگی ئەو تەنافبازە دەکەم

کە بەسەر بڕبڕەی پشتدا دەڕوات.

ئەوەی گەمارۆم دەدات ئاو نییە،

لە ھەموو لاکانەوە

ڕووخساری تۆ گەمارۆم دەدات.

لە شەودا، ھەموو شتێک بەردەوام دەخولێتەوە،

بەسەر شاندا دەڕوانێت.

ئەگەر توانای گۆڕینی حەقیقەتم نییە

ئەوا دووری نێوانی دەگۆڕم.

 


(١)جۆرج گیرشوین، ئاوازدانەر و پیانۆژەنێکی ئەمەریکییە، یەکێکە لە باشترین ئاوازدانەرەکانی سەدەی بیستەم.

(٢)لە ئەفسانەی یۆناندا، ئیکارووس و باوکی هەوڵ دەدەن بەو باڵانەی باوکی لە مۆم و پەڕ درووستی کردوون لە دوورگەی کریت هەڵبێن.