نیرودا و ماتیڵدا
March 25, 2020
گابریێل گارسیا مارکیز دەڵێت: “پابلۆ نیرودا باشترین شاعیری سەدەی بیستەمە لە ناو هەموو زمانەکاندا”.
بە گشتی نیرودا بۆ زۆرینەمان ناسراوە. ئەو لە چیلی لە دایکبووە لە ساڵی ١٩٠٤و لە ساڵی ١٩٧٣ش هەر لە چیلی دەمرێت. دوو ساڵ پێش مردنی خەڵاتی ئەدەبی نۆبڵ وەردەگرێت. یەکێک لە کارە ئەدەبییە بەناوبانگەکانی . سۆنێت/سۆناتا عاشقانەکانێتی، کە زۆرینەییانی بۆ ماتیڵدای هاوژینی نووسیوە. ئەمەی لێرەدا دەیخوێننەوە سۆناتای ٦٥ە _باڵندە
سۆناتای ٦٥
پابڵۆ نیرۆدا
لە ئینگلیزییەوە پشتیوان کەمال
ماتیڵدا، تۆ لەکوێیت؟ لەژێر بۆینباخەکەمدا،
لە سەروو دڵم و لە نێو پەراسوەکانمدا،
لە ناکاو بە غەمێکی قووڵی ئاشناوە
هەستم کرد ڕۆشتبوویت.
هێند پێویستم بە ڕووناکی وزەت بوو،
بۆ هەڵلوشینی هیوا بە چواردەورمدا دەمڕوانی.
زانیم ئەم فەزایە بێ تۆ ماڵێکە و
جگە لە پەنجەرە تراژیدییەکانی هیچی تیادا نەماوە.
ئێستا لە بێدەنگییەکی ڕووتدا، سەربانی ئەم ماڵە
گوێ دەگرێت لە وەرینی ئەم بارانە دێرینە بێ گەڵایە،
لە پەڕەکان، لە ئەو شتانەی کە شەو زیندانی کردوون.
هێشتا وەک خانوویەکی تەنیا چاوەڕێم
بێیت و بمبینیت و ئاوەدانم بکەیتەوە.
تا ئەو ساتە، پەنجەرەکانم لە ئازاردان.