ڕاوکەرەکە، ئاسکەکە… دارستانەکەش

خالید سەدەقە

June 23, 2018

خالید سەدەقە شاعیرێکی فەلەستینی گەنجە. نەمانتوانی زانییارییەکی لەسەر ژیانی کۆکەینەوە، دورەپەرێز و گۆشەگیرە. دیوانێکی شیعری هەیە. بە تەنیا لە شوقەیەکدا لە عەممان دەژی و شیعر دەنووسێت. بێباک و بێ ترس لە جەبر و دەسەڵاتی شیعر و زمانی شیعریی، دێت سادەترین بابەتە ڕۆژانەییەکانی بە سادەترین ئاستی دەربڕینی زمانی، دەکاتە شیعر. ئەو باسی گەرمنەبوونی ئاوی بۆیلەرەکەی دەکات، باسی ئەو فۆبیا و خەیاڵانە دەکات کە لە تەنیاییدا لە ژوورەکەیدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە. باسی ئەوە دەکات کە ڕۆژ بۆتەوە و خەوی لێ ناکەوێت، باسی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی و باسی ونبوونی کۆنترۆڵی تەلەفزیۆنەکەی دەکات. بابەتەکانی سادە دەردەکەون و زمانەکەشی هەمان شت، بەڵام پێکەوە تەنیاییەکی گەورە دەگێڕنەوە، تەنیایی و بێباکییەکی ڕاستەقینە. -باڵندە

 

 

 

 

 

ڕاوکەرەکە، ئاسکەکە… دارستانەکەش
خالید سەدەقە
وەرگێڕانی ئەژین باجەلان، بڕیار محەمەد تاهیر

 

 

 

 

 

 

ئەی ترس تۆ چیت؟

 

ئەی ترس تۆ چیت
ئایا تۆ دزێکی هاتوویت دڵم بدزیت و بۆ هەتاهەتایە نائومێدم بکەیت؟
ئایا تۆ کەسێکی سەرخۆشیت نەتزانی بۆ کوێ بڕۆیت بۆیە لە دەرگای منتدا؟
ئەی ترس تۆ چیت؟
ئایا تۆ تەنیاییت، دۆست و هاوسەرت نییە هاتوویت لەگەڵ من بێدار بیت
ئایا دەتەوێت لەگەڵ من بژیت،
هاتوویت بۆ ئەوەی خواردنەکەی من بخۆیت و
ژوورەکەم داگیربکەیت؟
ئەی ترس تۆ چیت؟
چیت لێم دەوێت،
ئایا دەتەوێت لە جێگەکەم هەستم و تۆ دانیشیت؟
دەتەوێت خزمەتکارت بم  و
تۆ گەورەی ئێرەببیت؟
ئایا دەتەوێت چاکەتەکەمت بۆ داکەنم بۆ ئەوەی تۆ گەرمت بێتەوە و
من لە سەرمادا بمێنمەوە؟
ئایا ئەم کتێبەت دەوێت؟
بیبە، تاقەت پڕوکێنە،
هەرچۆنێک بێت خۆم پێم تەواو نەدەکرا،
هاتوویت چی بکەیت؟؟
ئایا هاتوویت نەهێڵیت کارەکانم بکەم؟
ئەی ترس تۆ چیت؟
بۆچی بەم ڕادەیە گەورەیت
بەم قەبارەیەوە چۆن توانیت بێیتە ژوورەکەوە؟
ئایا تۆ تەنیاییت؟
ئایا تۆ  چاپخانەیەکت هەیە،
یان بەڕێوبەری کۆمپانیایەکیت؟
ئایا تۆ شۆفێرێکی نەفرەتیی تەکسیت؟
ئایا فەرمانبەرێکی حکومیی توندیت و پێناکەنیت؟
ئایا تۆ ئەو منداڵانەیت کە لە گۆڕەپانی خوێندنگەکان بە منیان ڕادەبوارد؟
ئایا تۆ ئەو تەمەنەیت کە خێرا ڕۆیشت بێ ئەوەی ئاگام لێی بێ؟
ئایا تۆ کۆتاییت؟
تۆ چیت .. پێم بڵێ
ئەی ترس تۆ چیت؟

 

 

من، من هەموو ئەمانەم کرد

 

هەر بەڕاستی بوونت هەبوو؟؟
پێموابێ من دامهێنایت
مێژووەکەتم داهێنا
دراوسێ فزولییەکانت
پاسەوانی کۆشکەکەت و
هاوسەرێکیشـم بۆ داهێنایت تا لەگەڵ مندا خیانەتی لێ بکەیت
ئەمەیان لە هەمووی سەیرترە!!

من کاتی سووڕێ مانگانەکانتم دیاری کرد
پاشان وام کرد ناڕێکوپێک بن.
وێنەی نهێنییە بچووکەکانتم کێشا
درۆکانت، قەنەفە ڕەشەکەت
تاتووەکەی سەر شانت
کاشیی مەتبەخەکەت
واشم لێ کردیت شیعرت خۆش بوێت
هەمووی یارییەکی دەروونی ئاڵۆز بوو.

هەر بە ڕاستی بوونت هەبوو؟؟
پێموابێ من دامهێنایت
کتێبی لوغزەکانی ئێدگار ئالان پۆوم پێ دایت و
لەسەر لاپەڕە ٢٤ بە کراوەیی جێمهێشت
بۆنی بەجێماوتم لەسەر کراسەکەم داهێنا
شێوازی جگەرەکێشانت
شێوازی نانخواردنت
ڕۆیشتنەکەت
من، من هەموو ئەمانەم کرد
واملێکردیت کیشەی کورت-بینینت هەبێ، چاوت کەمێک کز بێت.
پاشان چاولیکەی پزیشکیم بۆ داهێنایت
هەوڵم دا هەموو شت واقعی دەرکەوێت.

مەودای نێوانمانم داهێنا
ڕێک ١٣٠٠ کیلۆمەتر
لە نێوان پەنجەرەی ژوورەکەمدا لە عەممان و لەرزەی لێوتدا

هەر بە ڕاستی بوونت هەبوو؟؟
پێموابێ من دامهێنایت
من بووم ئەو هەموو خاڵەم
لەسەر مل و سنگت دانا
من عەزییە شینەکەتم چنی و خستمە بازاڕەوە
من قاچەکانتم داهێنا و
پاشان دەریام بۆ درووست کردن
پاشان نەورەسی زیوییم بۆ هەڵدایت بە ئەسماندا
تاکو دیمەنەکە بڕواپێکراوتر بێت..

لەبەر ئەوەش کە من شکستخواردووە گەورەکەم
لێدەگەڕێم ئێستا بڕۆیت،
بێ هیچ هۆیەک..
بێ هیچ هۆیەک.

 

 

تۆ نازانی کێشەیەکی چەند گەورەیە
گەر کەسم نەبێت
هیچ کەس…
تاکو باسی تۆی بۆ بکەم!

 

 

تەنیام و

                     دەترسم…

                                         وەک دوا مرۆڤ

                                                                           لەسەر زەوی!

 

 

 

وەکو گەمژەیەک

 

وەکو گەمژەیەک
سەعاتێکە لە خوارەوە بەرامبەر بالکۆنییەکەت وەستاوم
ئێستا چی دەکەیت لەو سەرەوە؟
کەمێک وەرە دەرەوە
هەوایەک هەڵمژە
سەیرێکی جلەکانی سەر تەنافەکەت بکە
ئاوی گوڵەکانت بدە
دان بۆ باڵندەکانت ڕۆبکە
سەرت بخە سەر ڕووی پەنجەرەکە
شتێک بکە، هەر شتێک بێ.

برسیت نییە؟
بڕۆ شتێک لە سەلاجەکە دەرکە و بیخۆ
سێوێک
ئاوێک
ئەگەری زۆرە قاپێک زەڵاتەی جەرجیرت هەبێت.

شتێکی باش دەبێت گەر سێبەرە جوانەکەت لەسەر پەردەکە دەرکەوێت
کاتێک بۆ مەتبەخەکە دەڕۆیت

دەرکەوە ئێستا
جگەرەم پێ نەما و
دراوسێکانیشت لە بیناکەی بەرامبەر ئەم ڕاوەستانەی منیان بە دڵ نییە
هەر ساتێک بێت دەکرێت یەکێکیان بێت.
شتێکی گوماناوی لە شەقامەکە ڕوودەدات
پیاسەکەران لێم دەڕوانن
خەریکە شتێک ڕوو دەدات.

ئەو ئۆتۆمبیلە هۆندایەی قەراغی ڕێگەکە
ئەوەی ژێر بیناکە
ئەوە ئۆتۆمبیلەکەمە، لەبیرت ماوە؟
ئەگەر تۆزێک پەردەکە لابدەیت
بە ئاسانی دەتوانیت بیبینیت

هیچ نەبێت پەنجەرەکە،
پەنجەرەکە!!

پەنجەرەکە بکەرەوە و
بهێڵە بۆ دواجار
هەوا بێتە ناو جیهانەوە.

 

 

لە کۆتاییدا
دوکانێکی گوڵفرۆشیم دۆزییەوە
قورسە لەم شارەدا دوکانێکی گوڵفرۆشی بدۆزرێتەوە.
ئێستا تەنیا ئەوە ماوە
ئافرەتێک بدۆزمەوە
ئافرەتێک کە خۆشم بوێت و
ئەم چەپکە گوڵەی پێشکەش بکەم.

 

(نامۆیەک لەگەڵ خۆی دەدوێت)

 

 

وەکو زیخێکی بچووک
بە نەعلی ڕێبوارێکەوە نووسابێت،
نازانم بۆ کوێ دەچم!

 

 

ئاگاداربە!
هەموویان دوای تۆ کەوتوون
ڕاوکەرەکە و ئاسکەکە و….           دارستانەکەش!