ستۆکهۆڵم

غەییاس مەدهون

June 11, 2018

غەییاس مەدهون، شاعیرێکی بە ڕەچەڵەک فەلەستینییە، لە ساڵی ١٩٧٩ لە یەکێک لەو ئۆردووگایانەی دیمەشق لە دایک دەبێت کە بۆ پەنابەرە فەلەستینییەکان ئامادە کراوە.
خاوەنی چوار کتێبی شیعرە بە زمانی عەرەبی. بە زمانەکانی سویدی و هۆڵەندی و ئینگلیزیش شیعرەکانی چاپ بوون. چەندین خەڵاتی وەرگرتووە و چەندین جار لە وڵاتانی سوید و بەلجیکا و ئەمریکا، بە پێی هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگران کتێبەکانی لە باشترینەکانی ساڵ بوون  و هەروەها پڕ فرۆشەکانیش بوون. غەیاس مەدهون ئێستا لە سوید دەژی– باڵندە

 

 

 

 

ستۆکهۆڵم
غەییاس مەدهون
وەرگێڕانی ئەژین باجەلان

 

 

 

 

زۆر دڵتەنگم
ئەم شارەی تێیدا دەژیم
لەو شارە ناچێت کە تێمدا دەژی.

 

بڕوام پێبکەن
بە بێ وەرگێڕ دەتوانن درک بە دڵتەنگیم بکەن
دڵتەنگییەکی کەرنەڤاڵییە.
لە مانگی تەموزی ڕابردوو تەمەنی دڵتەنگییەکەم بوو بە سی ساڵ
چ ڕێکەوتێکە!
من و دڵتەنگییەکەم هەمان تەمەنمان هەیە.

 

بۆتان باس دەکەم چۆن وا خەمگین بووم
کاتێک منداڵ بووم
وام دەزانی کە گۆڕەکان گیانەوەری گۆشتین
ئێستا
دڵنیابوومەتەوە لەوە.

 

گەر حامورابی ئەو شەریعەتەی دانەنایە
گەر پێغەمبەران درۆیان لەگەڵ نەکردینایە
گەر خودا نیشتمانە بچووکەکەمی بە کەسی دی نەدایە
ئەوە سوێندم پێ دەخوارد
بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە ڕوویان دا
بە مەمکی یارەکەم و
پەنجەکانی، کە لە مۆسیقا دەچن، سوێند دەخۆم
کە ئەم جیهانە گەڕە
لە خوارەوە کونە.

هەزاران شت هەن
دەتوانم بیانکەم
دەتوانم بێبەرامبەر ماچی ئافرەتێک بکەم
لە بەرامبەر سووپێکی گەرم لە ئامێزی بگرم و
لە باوەشیدا وەکو ئەسپێکی پیر بگریم.

مرۆڤ ناتوانێ دڵی خۆی ببخەشێت دوای مردن نەبێت
بڕوام پێبکەن
من زۆر دڵتەنگم
دەمەوێت ئێستا ئەم دڵە بەدبەختەم ببەخشم.

 

دەبێت بڕوام پێبکەن
من لە خاکی پێغەمبەرانەوە هاتووم
ئەگەر بڕوام پێ نەکەن
دەبم بە مەیخۆر و
لە شەقامەکاندا تف لە ڕووخسارتان دەکەم
هەندێکتان لەبەرخۆوە دەڵێن
دەیناسم
بەداخەوە
شاعیرێکی باش بوو.
ئەی بەدبەختینە
شاعیری باش بوونی نییە
شاعیر بە تەنیا هەیە.

 

گەر لەم ساتەدا تفەنگێکم هەبێت لە بریی
ئەم هۆنراوەیە
وانەیەکم لەسەر نیگەرانیی فێردەکردن
کەوڵگەیەکی شیعریم پێ دەکردن.

بیرم کەوتەوە
شتێکتان بۆ باس دەکەم لەسەر ئەو شارەی تێیدا دەژیم
ستۆکهۆڵم
هەندێ جار وەک تەلەفۆنە گشتییەکانە
هەندێک جاریش وەک قەحبەکان
گرنگ ئەوەیە لە هەردوو بارەکەدا
نە دەدوێ و
نە قاچەکانی بەرز دەکاتەوە، بە پارە نەبێت.

شتێکتان بۆ باس دەکەم لەسەر ئەو شارەی تێمدا دەژی
دیمەشق لە ئازادی دەچێت.