سوپاس بۆ ژیان

داستان مارف

داستان مارف | کوردستان

September 2, 2022

داستان مارف لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانیی تەواو کردووە. یەکەم شیعری لە ٢٠١١ـدا لە گۆڤاری هەناردا بڵاو بووەتەوە. داستان لە بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ، خەڵاتی یەکەمی شیعری پێ بەخشرا. فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری بن.

 

 

سوپاس بۆ ژیان

داستان مارف

 

 

 

 

پێش خۆت دەنگت گەیشت،
وەک دوا زەنگی کڵێسایەک بۆ دواهەمین ڕاهیبە کە دەخوازێت خۆی بە تۆ بسپێرێت، کە منم.
تۆ عیسای منیت.

 

***

 

بە خەوتوویی زۆر جوانیت،
وابزانم هەموو مرۆڤەکانیش بە خەوتوویی زۆر جوانن.

 

***

 

 (پیاوێک خۆیکوشت)من بم یان هەر کەسێکی تر.
ڕستەی ناو کەوانەکە ناونیشانی هەواڵێکە.
چونکە تۆ ڕۆژنامەنووسیت.
من خۆکوژەکەم، من بم یان هەر کەسێکی تر.
چیرۆکەکە نادیارە،
ئەوەی دەیبینین مردنە لە ڕۆژنامەدا.

 

***

 

پشیلەیەکی دایکە بێچووەکانی بزر کردووە.
وادەزانێت بزری کردوون.
(مرۆڤ دزیونی)
دایکێک بە دەنگێک کە هی پشیلە نییە،
هاواری بێچووە پشیلەکانی دەکات،
حەسرەتی ئەو دەنگە دەناسمەوە
تۆم بزر کردووە،
وادەزانم بزرم کردوویت.
(مرۆڤ دزیوتی)
من پشیلەیەکی دایکەم کە بێچووەکانی بزرکردووە.

 

***

 

ناتناسمەوە.
تێدەپەڕیت و تۆ نیت،
پێدەکەنیت و تۆ نیت،
لە قەرەباڵغیدایت و بەڕاستیش لە قەرەباڵغیدایت.
تەنیام، نامناسیتەوە؛
تێدەپەڕم و من نیم،
پێدەکەنم و من نیم،
تەنیایی ناکرێتە شیعر،
وەک-قەحبە-ژیان ناکرێتە شیعر،
من قەحبەیەکی تەنیام.
نامناسیتەوە!

 

***

 

لە خەو هەڵدەستم، جگەرە دەکێشم، قاوە دەخۆمەوە،
چونکە دڵم بۆی تەنگ بووە، دەگریم.
دەچمە قاوەخانەیەک،
ئوتومبێلەکان تێدەپەڕن،
مرۆڤەکان تێدەپەڕن،
من وەستاوم.
جگەرەم لە دەستدایە و هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژم،
کورسی و مێزی قاوەخانەکە جمەی دێت؛ لە ژیان، پێکەنین، دڵشکان و قسەی ئاسایی،
دادەنیشم و شیعرێک دەخوێنمەوە،
شیعرێک بۆ خۆم دەخوێنمەوە،
شیعرێک بۆ خۆم دەخوێنمەوە، بیرتدەکەم.
قاوەخانەکە جێدەهێڵم.
شەقام، پارک، مرۆڤ و ئۆتۆمبێلەکان تێدەپەڕن،
لە ناوەڕاستی ژورەکەمدا وەستاوم،
دونیا تاریکبووە،
با، پەردەی ژورەکە دەجوڵێنێت،
بەلوعەی توالێتەکە دڵۆپە دەکات،
دەنگی پێی منداڵانی نهۆمی سەرەوە دەگەنە ژوورەکەم،
لەسەر پشت ڕاکشاوم،
ئێستاش وەک شەوانی ڕابردوو سەقفی ژورەکە لە شوێنی خۆیەتی؛
سوپاس بۆ ژیان.

 

***

 

زەوی وشکە،
با چڵی درەختەکان دەجوڵێنێت،
قەد، بێدەنگ.
ڕووناکیی، ڕووناکیی، ڕووناکی بە نێو چڵی درەختەکاندا پەرش بووە،
ڕەنگی درەخت، درۆزن.
شەوێک، شەوێک، شەوێکی ڕووناکە،
شەوێکی درۆزنە و مەیلی ڕۆژی هەیە.
تەنیایی، تەنیایی..
موزیکەکە هاوسەنگی سەرم تێکدەدات،
ناوەوەم، بێدەنگ.
تاریکیی، تاریکیی، تاریکی وەک خامێکی ڕەش، پێش بە ڕوانینمی گرتووە،
لە کونیلەی خامەکەوە ڕەنگ دەبینم؛
ڕەنگەکان، ڕەنگە جوانەکان، ڕەنگە درۆزنەکان،
ڕەنگەکان مەیلی تاریکییان هەیە.

 

***

 

ئەمشەو شتێک ڕوودەدات؛ ناخەوم، ناتوانم بخەوم،
چاوەڕێم بێیت.
دێیت؛ هیچ ڕوونادات، ناخەوم، ناتوانم بخەوم،
تۆ لێرەیت.

 

***

 

قاوەخانەکان
چیرۆکە جیاوازەکان،
چیرۆکە هەمیشەییەکەی من؛ تەنیایی.
هەتاو بە تیژی لەپەنجەرەکەوە هاتووە و فەرشەکەی بڕیوە.
کورسی و مێز و خەڵک،
مێز و کورسیەک و من،
لەڕوکەشدا بێ تۆم،
لە ناوەوەمدا لێرەیت،
بەرانبەرمیت و تەنهام،
دەستم دەگریت و تەنهام،
ماچت دەکەم و تەنهام،
دەزانم خۆشمت دەوێت،
دەزانم تەنهایت.
دەڵێیت بمگێ،
دەڵێم خۆشمدەوێیت.
تەنهایت.
تەنیایی دروستکراوی سروشتە لە مرۆڤدا،
دەستکرد نییە و هیچ دەستێکیش ناتوانێت بزری بکات،
خوداش..
قاوەخانەکان؛
چیرۆکە جیاوازەکان،
چیرۆکی هەمیشەییمان، تەنیایی.

 

***

 

لەژێر مانگدا جلەکانمان داکەند،
لە ناو بەفردا لوراندمان،
کەڵبەمان لەپێستی یەکتر گیرکرد،
ئازارمان ڕژاندە یەکترەوە،
بووینە قەحبەی ژیانی یەکتر،
ڕۆیشتین.
خوێنی یەکترمان کردە مەتارەوە، بۆ ئەوەی پێی بژین
ئەو بەرەو دەریا، من بەرەو سەحرا،
پێستمان بەکۆڵماندادا،
ئەوەی لێمان جێما ژیانێکی قەحبە بوو.