لە شەوی هەڵکشانی دەریادا

تابلۆیەکی نەخشێنراوی شاژنە بەڵقیس لەسەر دیواری کەنیسەیەکی ئەثیوپیا

January 21, 2020

 

 

لە شەوی هەڵکشانی دەریادا
شیعری موقەدەسی ژنان
ماکێدا (بەڵقیس؛ شاژنی سەبەء) [١٠٠٠ پ. ز]
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هێرش سەعید

 

 

دانایی شیرینترە لە هەنگوین،
تامی خۆشترە لە ئاوی ترێ
ڕووناکترە لە پرشنگی خۆر
بەنرخترە لە زێڕ و گەوهەر
بیستن کەمەندکێش دەکات و
بینایی دەدات بە دڵان.

 

خۆشم دەوێ وەک دایکێک،
لە ئامێزم دەگرێت وەک جگەرگۆشەی
دوای شوێنپێکانی دەکەوم
دوورم ناخاتەوە لە خۆی.

 

دانایی نغرۆی کردم،
بەبێ خنکان!
لە دەریای پانوبەریندا
توانای ڕۆچوونی پێ دام.
لەو قووڵایییانەدا دەستی گرتم
تا لای مرواری و مەرجان.

 

هاتمە دەر وەک ئەو لەنگەرە قورسانەی
پیاوان کەشتییەکانی پێ ڕام دەکەن
لە شەوی هەڵکشانی دەریادا
بە چرایەکی ڕۆشنەوە
کە لەوێ پێیان دام،
بە گوریسی زانیندا سەر کەوتم
هاتمەوە ناو کەشتیی ژیان.

 

کاتێ لە تاریکیی بنەوەی دەریاکەدا بووم
نووستم و لە خەومدا
ئەستێرەیەک لە ڕەحمی مندا داگیرسا.

 

بە سەرسامی لە ڕووناکییەکەی ڕامام،
گرتم بە دەستمەوە و
دامە بەر خۆر!
خۆمم دا بە سەریدا و
ئیتر نەمهێشت بڕوات لە لام.

 

 

 

*سەرچاوەی ئەم شیعرە: کتێبێکی [جەین هیرش فیڵد]ە بە ناوی Women in Praise of Sacred