هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی

نزار قەببانی/شاعیری سووری

December 31, 2018

هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی
نزار قەببانی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

 

1

پێت دەڵێم:

هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی،

کاتێک کاتژمێری نیوەشەو لێ دەدات و

ساڵی ڕابردوو لە ئاوی خەمەکانمدا نوقم دەبێت

وەک کەشتییەکی لە-کاغەز-دروستکراو.

بە ڕێگەی خۆم پێت دەڵێم،

بەدەر لە هەموو کەشە ئاهەنگئامێزەکان،

کە جیهان 1975 ساڵە جێبەجێی دەکات و ڕەتیش کراوەتەوە…

هەموو گوزارشتە کلاسیکییەکان

کە پیاوەکان 1975 ساڵە بە گوێی ئافرەتەکاندا دەیڵێنەوە.

 

 

2

هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی

بە ئاسانی دەیڵێمەوە

وەک منداڵێک کە پێش خەوتن نوێژەکەی دەخوێنێت

وەک باڵندەیەک کە لەسەر گوڵەگەنمێک دەوەستێت

گوڵە سەرقاڵەکانیش زۆر دەبن

لەسەر کراسە سپییەکەت

گوڵێک…

گیراوە چاوەڕوانەکانیش زۆر دەبن لە ئاوی چاوتدا…

وەک گیراوەیەک…

پێت دەڵێم بە گەرمی و هەڵەشەیییەوە

وەک سەماکەرێکی ئیسپانی

کە قاچی لە زەوی دەدات و

هەزاران بازنە پێک دەهێنێت.

لە چواردەوری ئۆقیانووسی گۆی زەویدا.

………………………………

………………………………

………………………………

 

 

3

هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی

ئەوە ئەو چوار وشەیەیە

کە بە ڕشتەیەک قامیش دەیپێچم و

لە شەوی سەری ساڵدا بۆت دەنێرم

هەموو ئەو کارتانەی کە لە کتێبخانەکان دەیفرۆشن…

مەڵێ نامەوێ…

هەموو ئەو نیگارانەی

کە مۆم و زەنگ و تۆپەڵەبەفر و داریان لەسەرە،

منداڵ و فریشتەش،

بۆم ناگونجێن.

من بە کارتە ئامادەکراوەکان ئاسوودە نابم.

بە چامە ئامادەکراوەکانیش.

بەو خۆزگانەش کە بە شێوەیەک هاتوون،

ئەوانە هەموویان لە پاریس، یان لەندەن،

یان ئەمستەردام چاپ کراون.

بە فەڕەنسی یان ئینگلیزی نووسراون.

تا بۆ هەموو بۆنەکان بشێن.

تۆیش ژنی بۆنەکان نیت،

بەڵکو ئەو ژنەی کە خۆشم دەوێت.

تۆ ئەو ئازارە ڕۆژانەیەی

کە بە کارتەکانی پیرۆزبایی ناگوترێت.

بە پیتە لاتینییەکانیش ناگوترێت

بە نامەناردنیش ناگوترێت.

بەڵکو دەگوترێت

کاتێک کاتژمێری نیوەشەو لێ دەدات و

وەک ماسییەک دێیتە ناو ئاوە گەرمەکانم و

لەوێ خۆت دەشۆیت

دەمیشم بۆ دارستانەکانی پرچە قەرەجییەکەت

سەفەر دەکات و

لەوێ نیشتەجێ دەبێت.

 

 

4

لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت

ساڵی نوێ وەک هاتنەژوورەوەیەکی شاهانە

لێمان دێتە ژوورەوە.

لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت

دەربڕینێکم هەڵگرتووە لە خواوەیە

بۆ گەڕان لە نێوان ملیۆنان ئەستێرەدا.

 

 

5

ئەو جەژنە دار ناکڕین،

تۆ دەبیتە دار

خۆزگەکان و

نوێژەکانمت پێدا هەڵدەواسم.

چراکانی فرمێسکیشم.

 

\

6

هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی

خۆزگەیەکە دەترسم کە بیخوازم

هەتا گرنگی بە لووتبەرزی و چاوچنۆکی نەدەم.

بیرۆکەیەکە دەترسم بیری لێ بکەمەوە.

تا خەڵک لێمی نەدزن و بانگەشە بکەن

کە ئەوان یەکەم کەس بوون

شیعریان داهێنا.

 

 

7

هەموو ساڵێک تۆ خۆشەویستمی

هەموو ساڵێکیش من خۆشەویستتم

دەزانم کە من لە ڕادەبەر خۆزگە دەخوازم

زیاتر لە ڕادەی ڕێگەپێدراویش خەون دەبینم

بەڵام،

کێ مافی ئەوەی هەیە

لەسەر خەونەکانم لێپێچینەوەم لەگەڵدا بکات؟

کێ لێپێچینەوە لە هەژارەکان دەکات؟

ئەگەر خەونیان بینی

کە پێنج خولەک لەسەر عەرش دانیشتوون؟

کێ لێپێچینەوە لە بیابان دەکات

ئەگەر بێزووی بە جۆگەی ئاوەوە کرد؟

سێ حاڵەت هەیە کە تێیدا خەون دەبێتە یاسایی:

حاڵەتی شێتی.

حاڵەتی شیعر.

حاڵەتی ناسینی ژنێکی سەرسووڕهێنەری وەک تۆش.

منیش بۆ خۆشبەختی لە هەرسێ حاڵەتەکەدام.

 

 

8

خێڵەکەت بەجێ بهێڵە.

شوێنم کەوە بەرەو گومڕایییە ناوەکییەکانم

شەپقەیەکی کاغەزی جێ بهێڵە و

مۆسیقایەکی یۆنانی و

جلوبەرگی نکۆڵیکارییش.

دابنیشە لەگەڵم لەژێر داری برووسەکدا

شیعری شینیش بشارەوە.

داتدەپۆشم بە قەمسەڵەکەم لە بارانی بەیرووتدا.

شەرابی سوور بخۆرەوە لە ماچی ڕەبەنێکدا.

ژەمێکی ئیسپانییشت بۆ دروست دەکەم

لە هێلکەشەیتانۆکەکانی دەریا.

شوێنم بکەوە خانمەکەم

بۆ شەقامەکانی دواوەی خەون.

تا دەرتبخەم لەو چامانەی کە کەس نایانخوێنێتەوە و

جانتاکانی فرمێسکمت بۆ بکەمەوە کە بۆ کەسم نەکردوونەتەوە.

تا خۆشم بوێیت وەک ئەوەی کەسم خۆش نەویستبێت.

 

 

9

کاتێک کاتژمێر دوازدە لێ دەدات و گۆی زەوی هاوسەنگیی خۆی لە دەست دەدات.

سەماکەرەکان ئیتر بیر لە قاچەکانیان دەکەنەوە.

بۆ ناوەوەی خۆم دەکشێمەوە و

دەتکێشمەوە لەگەڵ خۆم.

چونکە تۆ ژنێکی پەیوەست نابیت بە خۆشیی گشتییەوە.

نە بە زەمانی کات…

نە بەو هەنگاوە گەورەیەت کە بە پێشماندا تێدەپەڕێت.

نە بەو تەپڵە بتپەرستانەی کە لە چواردەورمان لێ دەدرێن.

نە بەو دەمامکە کاغەزانەی

کە لە کۆتاییی شەودا هیچیان لێ نامێنێتەوە…

جگە لە پیاو لە کاغەز و

ژن لە کاغەز

 

 

10

ئای خانمەکەم…

ئەگەر کارەکە بە دەست من بوایە

ساڵێکم بە تەنیا بۆ تۆ دروست دەکرد

ڕۆژەکانت تێپەڕاندبا وەک دەتەوێ.

پشتیش بە حەفتەکاندا بدەیت وەک دەتەوێ.

خۆت بدەیتە بەر خۆر

خۆشت بشۆیت

ڕاش بکەیت لەسەر لمی مانگەکانی

وەک چۆن دەتەوێ…

ئای خانمەکەم…

ئەگەر کارەکە بە دەست من بوایە

پایتەختێکم لە کاتە لەدەستچووەکان بۆ کۆ دەکردیتەوە.

کە سیستمی کاتژمێری ڕۆژ و لم وەرناگرێت و

کاتی ڕاستەقینەش دەست پێ ناکات.

تەنیا ئەو کاتە نەبێت

کە دەستە بچکۆلانەکەت

لەناو دەستمدا چێشتەخەوی خۆی دەکات.

 

 

11

هەموو ساڵێک چاوەکانت دوو وێنەی بێزەنتین

مەمکەکانت دوو منداڵی قژکاڵن

لەسەر بەفر پێچ دەخۆنەوە

هەموو ساڵێک و من لە تۆوە گلاوم

ڕاو نراوم بە تۆمەتی خۆشەویستیت.

وەک چۆن ئاسمان تۆمەتبارە بە شینێتی

چۆلەکەکانیش تۆمەتبارن بە سەفەر

لێوەکانیش تۆمەتبارن بە خولانەوە

هەموو ساڵێک من لێدراوی بومەلەرزەکانتم

تەڕبووی بارانەکانیشتم.

هەڵکەنراویشم وەک دەفری چینی

بە نشێوییەکانی جەستەت.

هەموو ساڵێک تۆ….

نازانم چیت ناو بنێم؟

تۆ ناوەکانی خۆت هەڵبژێرە

وەک چۆن خاڵ شوێنی خۆی لە ڕستەدا هەڵدەبژێرێت.

وەک چۆن شانە شوێنی خۆی لە دەقی قژدا هەڵدەبژێرێت…

تا ئەو کاتەی ناوە نوێیەکەت هەڵدەبژێریت،

ڕێم پێ بدە بانگت بکەم:

“خۆشەویستەکەم…”