به‌یرووت

نزار قه‌ببانی/شاعیری سووری

November 12, 2018

 

 

 

ئه‌مه‌ شیعری ده‌ستپێکردنه‌ له‌گه‌ڵ شار، وه‌ک له‌ کۆتایییه‌که‌یدا چه‌شنی دێڕێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو ده‌یخاته‌ به‌ر ده‌ممان. لێره‌دا شار- به‌یرووت وه‌کوو یه‌کێک له‌و شارانه- له‌ نموونه‌ی ژنێک خراوه‌ته‌ به‌ر باس، که‌ ئه‌مه‌یش بۆ شیعری قه‌ببانی، هه‌میشه‌ باو بووه‌. بیرکردنه‌وه‌ و درکی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌ شار و ئه‌وه‌یشی که‌ شار خۆی وه‌ک هه‌بوویه‌ک ده‌رفه‌تمان ده‌داتێ تێیدا درکی بکه‌ین. ئه‌م شیعره‌ بۆ شاره‌، که‌ هه‌موو دوانییه‌ دژبه‌یه‌که‌کان و مه‌رگ و خۆشه‌ویستی و شۆڕش و خیانه‌تی له‌ خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌. ئێستا نۆره‌ی ئێمه‌یه،‌ که‌ بدوێین، بۆ ئه‌و. – ماڵپه‌ڕی باڵنده‌

 

 

 

به‌یرووت
نزار قه‌ببانی
وه‌رگێڕانی له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌: خه‌ڵات عه‌لی

 

 

 

1

 

بەیرووت، ئەی خاتوونی دنیا…

کێ بازنەکانتی فرۆشت، کە بە یاقووت سەرقاڵ بوون؟

کێ ئەنگوستیلە ئەفسووناوییەکەتی برد و نینۆکە زێڕینەکانتی کورت کردەوە؟

کێ ئەو خۆشییە خەوتووەی سەربڕی لە چاوە سەوزەکانتدا؟

كێ دەموچاوتی بە چەقۆ ڕووشاندووە؟

ئاوی نێو ئاگری لە لێوە ناوازەکانتدا دۆزییەوە.

کێ ئاوی دەریای ژەهراوی کرد و ڕقوکینەی پڕژاند بەسەر کەنارە پەمەیییەکاندا؟

ئەها ئێمە هاتین… بە داوای لێبووردن و دانپێدانانەوە

ئێمە ئاگرمان بەسەرتدا تەقاند بە ڕۆحێکی پێشینەوە و

ئافرەتێکمان کوشت، کە پێشتر بانگەشەی ئازادیی دەکرد.

 

 

2

 

چی بڵێین ئەی بەیرووت؟

کە کورتکراوەی خەمی مرۆڤایەتی لە چاوتدایە؟

لەسەر سینگی سووتاویشت، خۆڵەمێشی شەڕی ناوخۆ…

چی ببێژین ئەی باوەشێنی هاوینە و گوڵە باخەکەی؟

کێ بە بیریدا دەهات کە بە یەک بگەین و تۆ کەلاوە بیت؟

کێ بە بیریدا دەهات لە گوڵێکدا هەزاران کەڵبە گەشە بکەن؟

کێ بە بیریدا دەهات چاو دژی پێڵوو بجەنگێت؟

چی بڵێین مروارییەکەم؟

گوڵەگەنمەکەم

پێنووس و خەونەکانم…

ئەی کاغەزی شیعرەکانم…

لە کوێ سەختیی ڕووی تێ کردی ئەی بەیرووت

کە تۆ بەقەد پەرییەک ناسک بوویت…

تێ ناگەم چۆن چۆلەکەیەکی گەڕۆک

گۆڕا بۆ پشیلەیەکی دڕندەی شەو؟

هەرگیز تێ ناگەم ئەی بەیرووت..

تێ ناگەم چۆن خودات لە بیر کرد و گەڕایتەوە بۆ سەردەمی بتپەرستی؟!

 

 

3

عەشتار، هەستە لەژێر شەپۆڵی شین

هەستە وەک چامەیەکی گوڵ

یان هەستە وەک چامەیەکی ئاگر

هیچ شتێک پێشی تۆ نییە… دوای تۆ نییە… وەک تۆ نییە…

تۆ پوختەی ئاوەدانیی…

ئەی کێڵگەی مرواری…

ئەی بەندەری عەشق…

ئەی تاوسی ئاو…

هەستە لە پێناو خۆشەویستی، لە پێناو هۆزانڤانەکان.

هەستە لە پێناو نان، لە پێناو هەژارەکان.

خۆشەویستی تۆی دەوێت… ئەی جوانترینی شاژنەکان

خودا تۆی دەوێت… ئەی جوانترینی شاژنەکان

ئەها تۆش باجی باشیی خۆتت دا وەکوو هەموو باشەکان و

سەرانەی هەموو وشەکانت دا.

 

 

4

 

لە خەوەکەت هەستە…

ئەی سوڵتان، ئەی ڕووناکی

ئەی چرای داگیرساو لە دڵ…

هەستەوە تا جیهان بمێنێتەوە ئەی بەیرووت...

ئێمەش بمێنینەوە و

خۆشەویستییش بمێنێتەوە…

هەستەوە، ئەی جوانترین مرواری کە دەریا کردبێتییە دیاری.

ئێستا دەزانین واتای چییە،

کە لە بەرەبەیاندا چۆلەکەیەک بکوژین…

ئێستا دەزانین واتای چییە،

کە لە ئاسمانی هاویندا شووشەمەرەکەبێک بپڕژێنین…

ئێستا زانیمان

کە ئێمە دژی خودا و دژی شیعر بووین.

 

 

5

 

ئەی خاتوونی دنیا، بەیرووت

ئەی کاتی یەکەم ژوان و یەکەم خۆشەویستی

ئەی ئەو کاتەی شیعرمان دەنووسی و دەمانشاردەوە لە کیسی قەدیفە.

دانی پێدا دەنێین بەیرووت، کە ئێمە

خۆشمان دەوێی وەک دەشتەکییەکی کۆچبەر…

بە کرداریش خۆشەویستی دەکەین، بە تەواوی وەک دەشتەکییەکی کۆچبەر…

ئێستا دانی پێدا دەنێین، کە تۆ دۆستمان بووی و

پەنا بۆ نوێنەکەت دەبەین بە درێژاییی شەو

لە بەرەبەیانیشدا کۆچ دەکەین، وەک دەشتەکییەکی کۆچبەر.

ئێستا دانی پێدا دەنێین، کە ئێمە نەخوێندەوار بووین…

ئەوانەشمان پشتگوێ خست کە دەمانکرد…

ئێستا دانی پێدا دەنێین، کە ئێمە لە نێوان کوژراوەکاندا بووین و سەری تۆمان نەبینی…

کە وەک چۆلەکەیەک دەکەوێتە ژێر پارچەبەردێک…

ئێستا دانی پێدا دەنێین،

کە ئێمە ئەو حوکمەمان لەسەرت جێبەجێ کرد،

وەک گەواهیدەرێکی ساختە.

 

 

6

 

لە پێش خوای تاکوتەنیا دانی پێدا دەنێین…

کە ئێمە ئیرەییمان پێ دەبردی…

جوانییەکەت ئازاری دەداین…

ئێستا دانی پێدا دەنێین…

بەوەی کە ئێمە لەتمان نەکردی… لێتمان نەبووری… و لێت تێ نەگەیشتین… و

لە شوێنی گوڵ، چەقۆمان کردە دیاریت…

دانی پێدا دەنێین لە پێش خوای دادپەروەر…

ئێمە هاوڕێیەتیمان کردیت… لەگەڵت کۆ بووینەوە…

ڕامانکێشایت… و

لاسارییەکانمان خستە سەر شانت…

ئەی خاتوونی دنیا، دووریی تۆمان بەس نییە…

ئێستا زانیمان…

کە لقەکانت چۆن پێمانەوە لکاون…

ئێستا زانیمان…

دەستمان تووشی چی بووە!

 

 

7

 

خودا لە نەخشەی بەهەشت بە دوای لوبناندا دەگەڕێت.

دەریاش لە دەفتەرە شینەکانیدا بە دوای لوبناندا دەگەڕێت.

مانگی سەوزیش گەڕایەوە تا هاوسەرگیری لەگەڵ لوبناندا بکات.

دەستتم بدەیە ئەی گەوهەری شەو، گوڵەشلێرەکەی وڵاتان…

ئێستا دانی پێدا دەنێین،

کە ئێمە خوێناوی و ئازارپەرست بووین،

بریکاری شەیتانیش بووین…

ئەی خاتوونی دنیا، ئەی بەیرووت

هەستەوە لەژێر ئەو داڕووخانە، وەک گوڵی بادەم لە نیساندا…

لە خەمەکانت هەستەوە،

شۆڕشیش لە منداڵدانی خەم لە دایک دەبێت…

هەستەوە وەک چاکەیەک بۆ دارستانەکان و

دۆڵەکان و

ڕووبارەکان

هەستەوە وەک چاکەیەک بۆ مرۆڤەکان،

ئێمە هەڵەمان کرد ئەی بەیرووت

هاتین که‌ بەر لێبووردەیی بکەوین.

 

 

8

 

هێشتا خۆشم دەوێی بەیرووتـی شێت.

ئەی ڕووباری خوێن و گەوهەرەکان

هێشتا خۆشم دەوێی بەیرووتـی دڵباش

ئەی بەیرووتـی پەشێوی…

ئەی بەیرووتـی برسێتیی داپۆشەر و تێریی داپۆشەر.

هێشتا خۆشم دەوێی بەیرووتـی دادپەروەری

بەیرووتـی ستەم

بەیرووتـی بکوژ و شاعیر

هێشتا خۆشم دەوێی بەیرووتـی عەشق

بەیرووتـی سەربڕین لە دەمارێکەوە بۆ دەمارێکی تر

هێشتا خۆشم دەوێی سەرەڕای گەمژەیییەکانی مرۆڤ

هێشتا خۆشم دەوێی بەیرووت..

بۆچی ئێستا دەست پێ نەکەین؟