قیتاری حەلەب-پاریس

مەیس ئەلریم قەرفوول/شاعیری سووری

November 4, 2018

مەیس ئەلریم قەرفوول، لە نەوەی نوێی شاعیرانی سوورییە، ساڵی ١٩٨٥ لە تەرتووس-سووریا لە دایک بووە. ئێستا لە فەڕەنسا دەژی. ئەو هەوڵ دەدات بە زمانێکی ناباو، هاوکات کەمێک ناڕاستەوخۆ، شیعر بنووسێت. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

قیتاری حەلەب-پاریس
مەیس ئەلریم قەرفوول
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: لاوک ئەبووبەکر

 

 

باشترە ببمە دیوارێک

مرۆڤایەتیم وشک بکاتەوە

نەمهێشت بۆم بگریێن

لە ئاھەنگەکاندا سەمام کرد

تا پەراسووم وشک بووەوە

وەک بەشێک لە ئاگر ھاتمە دەرێ

دیوارەکانم لە شکانی خۆم پاراست

بوومە عاموودێک

ھەر کاتێک وێنەیەکی پێدا ھەڵدەواسن

ڕووت دەبێتەوە

ئێستایش بێ توێکڵ ماومەتەوە

لە سەری تەنیای درەختێک دەچم

ھەموو شتێک بە مردن دەشێوێت

دەنگی کۆکەی ئەودیو دەرگاگە

ھاوڕێکانمن

کە دەربارەی حەلەب دەنووسن

 

 

خێرا

لە ڕۆژێکی دێریندا

سەردانم کرد

ڕێگای نێوان چیاکان و گریانی درەختەکانیشم

بیر نایەتەوە

لە ڕێگا

لەسەر خەونێکی باڵا نوستم

ئەمە ڕێنوێنیی قەڵای گردەکانە بۆ منداڵەکانیان

تا بنون؟

سەد جار زمانەکەمم تەڕ کرد

تا شتێک بڵێت

وا بکات بەرماڵەکە سوورتر بێت

زمانێکی سەرمابردووی

لە-زەمەندا-فڕێدراو

بەفرێکی لە-دەرەوە-جێهێڵراو

لە قیتارێکی

خێرادا

 

 

تا ئاوا بوو

خۆر ئازاری چاوانمی دا

شەویش لە گەنمدا نوقم بوو

سەرلەبەری شانۆیییەکەم بە کۆتا هێنا

چیتر نۆستالژیا بۆ ئەو شتانەی

لە ڕێگاکەدا پشتی پێ دەبەستم

نامپەڕێنێتەوە و

من بەرەو تەنیایی دەپەڕمەوە

ڕێگا خاکێکە

دەتچێنێت، لە کاتێکدا دەیشتدروێتەوە

وەستان پەرداخێکی شکاوە

ڕووخساری خۆتی تێدا دەبینی

ڕووبارم بە پەراسووم تێپەڕاند و

بەلەمەکەم نوقم بوو

 

 

بۆنی عەتری گەنجەکەی نزیکم

لە شووشە دەچێت

ئەمە ئەو بۆنەیە کە قیتارەکان و

پڵنگە ڕەشەکان و

ڕەنگی چاوانێکی مەکربازیش

نایکوژن

جیابوونەوەیەک لە نێوان پەنجەرە و ڕووناکییەکەیدا

چۆن دەتوانم خۆم لە سەفەرێکدا ھەڵبسەنگێنم

بە زەردەخەنەیەک نەبێت

کە لە پەپوولەیەکی مردوو دەچێت!

 

 

شتەکان هەموو دەنگدانەوەن

بۆ؟

بۆ دەستپێک

لە کوێیە؟

لە وێرانەدا

کێ دەیپارێزێت؟

بکوژان و کوژراوان

باران لەسەر قیتارەکە وەستا و

شەو ڕەق هەڵات

”ھونەر”

ئەو شانۆیییەی خوێندمەوە

دەبێت بە خلیسکانی پیاوێکی کێوی لە سەھۆڵبەنداندا

تەواو ببێت

لە کاتێکدا ھەموان دەمێننەوە بۆ ئەوەی بگریێن

زۆر لای وەستام

قیتارەکە وەستا

ڕەنگە من ئەو پیاوە بووبێتم

کە لە سەھۆڵبەندانەکەدا توایەوە

دڵم گۆڕی مردووەکانمە

دەفتەرێکی دڕاو

وەک ئەوەی شاشەکانی فەیسبووک

لە وێرانی و نائومێدی و

لە ھێڵێکی بێکۆتاییدا

ھاوسەرگیرییەک و تارای بووکێنی

پرسەیە

 

 

پەپوولە مردووەکە زەردەخەنەی کرد

لە پاریس