کچا کورد

قەندیل زاگرۆس

قەندیل زاگرۆس/ کوردستان

October 11, 2022

قەندیل زاگرۆس، لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٠، خەڵکی کەرکووکە و ئێستا نیشتەجێی سلێمانییە. وەرگێڕانی بۆ چەندین وتار و شیعر کردووە، بەگشتی لە عەرەبی و ئینگلیزییەوە وەردەگێڕێت و خۆشی شیعر و چیرۆک و وتار دەنووسێت.

 

 

کچا کورد

قەندیل زاگرۆس

 

 

 

 

کە ڕووبارەکانت بەنێودا دەڕۆن،
وەختێ ڕێبەریی هەورەکان دەکەی تا ببروسکێن بەسەر نەیارانت،
تۆ کە داڵدەدەری ژیانیت؛
مێژوو لەنێوتدا ونە و سەرهەڵدانت هاتنە ئەبەدییەکانە،
کەونارترین و درەوشاوەترین ئەستێران وا بەسەر چیاکانی تۆوەن و
هاوڕێکانت، ئەوانەی پشتیان لە بەرزایی نەکرد؛
ئەسرین دەڕێژن و دەسماڵی سەرچۆپییەکانیان ئامادەیە بۆ ئەم ئاشکرابوونە،
خۆت وەدەرخە و باوکسالارانی ئەم دەڤەرە ڕاو بنێ،
ئەوان فریشتەکانیان دزیت، باوەڕەکانیان دزیت،
جەستەیشیان لێ بەگوناه کردی و هەنووکە لە مەڵاسدان بۆ ئەوەی سبەینێیشت بدزن،
سا خۆت وەدەرخە و منداڵە باوککوژەکانت داڵدە بدە،
هاوڕێکانت چاوەڕێن کاژی دراوسێکانت فڕێ بدەیت،
چونکە ئەوان ددان بە زمانیشتدا نانێن، خۆتیان لێ بتەکێنی.
چاوت لە ڕۆحە ونبووەکەت بێ، ڕێنیشاندەری مە بووی تا وەتدۆزین
دۆزیمانییەوە و بە خۆتمان ڕاسپاردییەوە و، ئێمە چووین بۆ جەنگ
جەنگ لەهەمبەر ئەوانەی دژی تۆن؛ کە دژمانن.
ئاگرەکەت ئەبەدییە و ڕۆحە بڵندەکەت بووە سایەمان
ئەگەر تۆ ساوێری مە نەبی، سا چیمان لە ژیان داوە؟
بەڵام کە ڕووبارەکانت دەڕۆن،
هاواری هاژەیان تەفرەیی خۆشنوودییانە،
هەر لەو چاخەوەی دەزانین بنووسین؛
ناوی تۆیان لەبیر بردینەوە و، خۆیان کردە جێنشین
بەڵام نەبەزینت ڕێگەی نەدا لەبن بێی،
سا خۆت وەدەرخە و ئەم ئازادییە بێنەوە گۆڕێ.
لەم دونیا هەناسەمان وەرگرت،
ڕژانی “ئەو دونیا” هی ئێمە نییە و، تۆ نایخۆیتەوە
وەختێکیش هەناسەیان لێ بڕیت؛
ڕۆحت بەسەر بەرزەچیاکاندا نیشتەوە و، کۆڵمان نەدا
لە دژ باوباپیرانە بەرازەکانت کە ڕەگەزەکەت ئافراندنی؛ سەنگەرمان گرت
مەنۆڕە تار و باڕێژ و تۆفانیی جیهانی مە، خۆت وەدەرخە
تنۆک تنۆک ئەو خوێنانەی لێت ڕژان هەڵلووشە،
بقیژێنە بە تاڵ تاڵی ئەو ژیانانەی خنکێنران،
ئازایەتی تۆیە سەرچاوەی دەرکەوتنمان،
سا بەدی بێ ئەی خەونی هەزاران ساڵە
دوندەکانت دەقریشکێنن بەنێو دۆڵ و دارستانەکاندا و
لەنێو خەرەندەوە سروودەکانت دەگوترێنەوە
دوکەڵ لە نەخشەکەت بڵند دەبێتەوە،
سا ئەمە باجی هەڵایسان نییە؟
باوکانت ژیانیان بە مەرگ ناوگیر کرد،
ئارەزووی ئەو سرەوتنە ئەبەدییە دەکەنەوە کە دەماندەن بە کوشت،
لێ ئێمە ژیانی خۆمان لە مەرگەوە ئافراند،
بامەزنی خەرەندەکانت با هەڵکا و
سترانی چەنگ و ساز و تەنبوورت لەبۆ ڕۆحمان بژەنە؛
با بۆنی هەڵاڵانت بێ و دیلان بکەین،
باوکانت تۆیان زیندەبەچاڵ کرد، لێ نەیانزانی ئەو پێدەشت و شاخانە هی مەن،
سا هەڵێ ئەی خۆرهەڵاتێ مە؛
ئێمە خۆشماندەوێیت، ئەی هەڵکۆڵراو،
ئەی وێنەی لەناونەچووی نێو ڕووباران، دەگیرسێین لەگەڵتدا،
شایی ڕۆژگار و شەوگارە شێتەکانمان بۆ بگێڕەوە،
چونکە تۆ زاگەی ژیان و ئازادیت،
میژوومان گەواهیدەرە کە دەتوانین سەرهەڵدەینەوە و پێبکەنین و بڵند ببینەوە،
با چارەنووسمان وا بخوازێت