بەیانییت پڕ خۆشەویستی

غادە سەمان/شاعیری سووری

May 30, 2018

غادە سەمان، شاعیر، ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووسی سووری، لە ساڵی ١٩٤٢ـدا لە دیمەشق لە دایک بووە. سەرەتاکان لەژێر چاود‌ێریی باوکیدا- ئەحمەد سەمان- بەرهەمەکانی چاپ و بڵاو دەکردەوە. لە ١٩٦٤ـدا یەکەمین کۆمەڵەچیرۆکی بە ناوی “چاوەکانت چارەنووسی منن” بڵاو کردەوە. بەم کتێبە خرایە ڕیزەی نووسەرە فێمێنیستەکانەوە و دواتر لەم بازنەیە دەرچوو. یەکەمەین ڕۆمانی بە ناوی “بەیرووت ٧٥” لە کۆتایییەکانی ١٩٧٤ـدا چاپ کرد. ناوی هێندێک لە دەفتەرەشیعرییەکانی: ئەڤین/١٩٧٥. خۆشەویستیمت پێ ڕادەگەیەنم/١٩٧٦. شایەتیی دەدەم دژ بە با/١٩٨٧. خەمنامەیەک بۆ یاسەمینەکان/١٩٩٦. ئەبەدییەت، ساتی ئەڤین/١٩٩٩. – باڵندە

 

 

 

 

بەیانییت پڕ خۆشەویستی
غادە سەمان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

 

 

 

لە نێوانماندا گەشە دەکەیت ئەی منداڵی بایەکان.
ئەو هۆگرییە برسییە و ئەو هەستە چڕ و تیژە.
ئەوەی ناوێکی بۆ نادۆزمەوە،
هەندێک لە ناوەکانی خۆشەویستییە.
لەو کاتەوەی تۆم ناسی،
خۆشبەختی دووبارە لە ناخمدا نیشتەجێ بوو
ئێمە تەنیا یەک هەسارە هەڵدەگرین و یەک ڕۆژمان لێ هەڵدێت.
جوان بوو کە تۆم ناسی
ناوم نای کامەرانی کامەرانی و
هەموو بەیانییەک لە خۆڵەمێشی خۆمدا ڕادەپەڕم.
لەسەر دەنگی خۆم ڕادەبم کە پێت دەڵێم: بەیانیت پڕ خۆشەویستی ئەی کامەرانی.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستی دەکەم
هەموو شتێک کە دەستی لێ دەدەم مەحاڵە کە ڕووناکی بێت
لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت،
هەموو پیاوانی جیهانم خۆش دەوێت.
منداڵەکانی و درەختەکانی و دەریاکانی و بوونەوەرەکانیم خۆش دەوێت.
ڕاوچی و ماسییەکانی و تاوانبار و بریندارەکانی،
پەنجە پیسەکانی مامۆستا بە تەباشیر و
پەنجەرە ڕووتە بێپەردەکانی نەخۆشخانە.
لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت
دووبارە شێتی لە مندا نیشتەجێ بووەوە و
کامەرانی گڕ دەگرێت، لە کیشوەرە کوژاوەکانی ڕۆحمدا.
لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت،
ڕەنگەکان بۆ دنیا گەڕانەوە،
دوای ئەوەی کە ڕەش و ڕەساسی بوو.
وەک فیلمە کۆنەکان، بێدەنگ و داڕزاوە.
گۆرانی گەڕایەوە بۆ قوڕگ و کێڵگەکان و
دڵم گەڕایەوە بۆ ڕاکردن بەناو دارستانەکاندا.
گۆرانیبێژ و شەکەت، وەک ئاسکێکی بچووکی سەرکەش،
لە کەسیەتیی دووری بێسنوورت،
پیاوێکی نوێی هەموو ڕۆژێک،
هەمیشە، لەگەڵ خۆتدا خیانەتت لێ دەکەم،
چێژی خیانەت بە تۆ تاقی دەکەمەوە،
هەموو شتێک بووەتە ناوی تۆ،
دەنگی تۆ،
هەتا ئەو کاتانەی دەمەوێت لێت ڕابکەم،
بۆ مێرگەکانی خەو.
بە ڕێکەوت دەبێتە هاوکارم، لە نزیک گوێچکەم،
گوێ بۆ چرکەچرکی کاتژمێرەکەم شل دەکەم،
ئەویش ناوت دووبارە دەکاتەوە…
چرکە بە چرکە…
نەکەوتمە خۆشەویستییەوە، بە هەنگاوی جێگیرەوە بۆی چووم
چاوکراوە، تا زۆرترین ماوە
من لە خۆشەویستیدا وەستاوم،
نا، من کەوتوومەتە خۆشەویستییەوە.
دەمەوێیت،
بە هەموو هۆشمەوە
(یان بەوەی کە دەمێنێتەوە دوای ئەوەی تۆم ناسی)
بڕیارم دا خۆشم بوێیت…
ویستم وای کرد،
دۆڕان وای نەکرد،
من تێپەڕیم بە خودی بێزارتەوە،
بە هەموو هۆشم یان شێتیم،
پێشینەیەک دەزانم:
لە هەر هەسارەیەک ئاگر هەڵگیرسێنم و
هەر ڕەشەبایەک لە سندووقی مشتومڕەوە دەربچێت،
من چاوەڕوانی تۆ دەکەم،
سنوورم لە سنوورتدا ون دەبێت،
پێکەوە دەخەوین لە هەورێکی ڕووندا و
بانگت دەکەم: ئەی من …
لەناو جەستەمدا ڕادەکەیت
وەک یارییە ئاگرینەکان و
کاتێک تێدەپەڕیت،
شوێنەواری دەستلێدانەکانت، بێشوومارن لەسەر جەستەم و
بە کامەرانییەوە دەیانژمێرم
وەک دزێک کە تاڵانەکانی دەژمێرێت،
خواپێداون هەموو ئەو جەستانەی کۆت کردوونەتەوە،
خواپێداون هەموو ئەو ئافرەتانەی لە پێش من خۆشت ویستوون،
خواپێداوە ئەو لێوەی ماچت کردووە و ئەو سکەی منداڵەکانتی هەڵگرتووە.
خواپێداون هەموو ئەوانەی خەونیان پێوە دەبینی و هەموو ئەوانەی لە بیریان دەکەیت.
لە پێناوتدا، گژوگیا لە چیاکاندا گەشە دەکەن.
لە پێناوتدا، شەپۆلەکان لە دایک دەبن و دەریا لە ئاسۆدا وێنە دەکێشێت.
لە پێناوتدا، منداڵەکان لە گوندە دوورەکانەوە پێدەکەنن.
لە پێناوتدا، ژنەکان جوان دەبن.
لە پێناوتدا، ماچم داهێنا
لە خۆڵەمێشی خۆمدا ڕادەپەڕم تا خۆشم بوێیت
هەموو بەیانییەک ڕادەپەڕم تا خۆشم بوێیت، خۆشم بوێیت، خۆشم بوێیت…
بە ڕووی پۆلیسدا هاوار دەکەم:
“هەموو خەڵک دەبنە پۆلیس، کاتێک مەسەلەکە پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت”
هاوار دەکەم: بەیانیت پڕ خۆشەویستی…
بەیانیت پڕ خۆشەویستی ئەی کامەرانی.