فازڵ عەززاوی– عێراقی، لە ساڵی 1940 لە شاری کەرکووک لە دایک بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمانی ئینگلیزی و دکتۆرای لە زانکۆی “لایبزیگ”ـی ئەڵمانیا لە بارەی (گرفتە سەرەکییەکانی بەردەم پەرەسەندنی رووناکبیریی عەرەبی) بە دەست هێناوە . بەر لەوەی بچێتە ئەڵمانیا و ببێتە پەناهەندە، لە عێراق لە ڕۆژنامەوانیی ئەدەبیدا کاری کردووە و لە ساڵی 1969 بەشداریی دەرچوواندنی گۆڤاری “شیعری 69″ـی کردووە و پاشان (مانیفێستی شیعریی) نووسیوە کە هەرایەکی ڕووناکبیریی نایەوە لە بارەی کۆنسێپت و ئاسۆی شیعری نوێی عەرەبی. هەندێک لە دیوانە شیعرییەکانی : (سڵاو ئەی شەپۆل… سڵاو ئەی دەریا)- (بەرەو ژوور هەتا لای چاوەی ئاو) – (پیاوێ بەرد هەڵئەداتە ناو بیرێک) . وێڕای نووسینی شیعر، چەندین ڕۆمان و چیرۆک و توێژینەوەی ئەدەبییشی هەیە. لەگەڵ هەریەک لە شاعیرانی کەرکووک “سەرگۆن بۆڵس و موئەیەد ئەلڕاوی و سەڵاح فایەق و جان دەمۆ” گرووپێکی شیعرییان بە ناوی (گروپی کەرکووک) ڕاگەیاند و ئەم گرووپە کاری لەسەر دامەزراندنی بنەماکانی ‘پەخشانەشیعر’ دەکرد. – ماڵپەڕی باڵندە
یەکتربڕەکان،
یان: لە هەر بیرێکدا یووسفێک دەگری!
فازڵ عەززاوی
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: جەمال غەمبار
-ئەو کەشتییەی نەگەیشتە جێ.
-ئەو ماڵەی دروست نەکرا.
-ئەو ڕێگایەی نەگیرایە بەر.
-ئەو نامەیەی کە نەگەیشت.
-ئەو بیرەی کە لێ نەدرا.
-ئەو درەختەی نەڕوێنرا.
-ئەو سیگارەی نەکێشرا.
-ئەو قاوەیەی نەخورایەوە.
-ئەو مردنەی کە نەهات.
-ئەو ژیانەی دەستی پێ نەکرد.
■
+لە هەر کەشتییەکدا، موسافیرێکی قاچاخ هەیە و
لە هەر ماڵێکدا، چەندین بیرەوەریی ون.
+لە هەر ڕێگایەکدا، کاروانێک دەگەڕێتەوە.
+لە هەر نامەیەکدا، ڕستەیەک لە بیر کراوە.
+لە هەر بیرێکدا “یوسف”ێک دەگری!
+هەر درەختێک، سێوێکی حەرامی گرتووە.
+لە هەر سیگارێکدا، نیگاری هیندییەکی سوور دیارە،
لە هەر قاوەیەکدا تاڵی و
لە هەر مردنێکدا، فریشتەیەکی مەست!
+لە هەر ژیانێکیشدا
ماتەمگێڕان چاوەڕێی ناشتنی تەرمێکن!
+لەوێندەرێش،
لە مەخفەرێکی سەر سنوور
فەرمانبەرێکی لێیە،
تۆ، چاک چاک دەناسێت!
تەوقەیەکی لەگەڵدا بکە، یان
زەردەخەنەیەکی بۆ بکە و
پاشان بە هێمنیی، خۆت ئاودیو کە…!
■سەرچاوە: کۆدیوانی “في نهایة کل الرحلات – منشورات الجمل /1994”.
■تێبینی: لە سەرەتای نەوەدەکاندا ئەم دەقەم تەرجەمە کرد و لە “ئەدەب و هونەر”ـی ئەودەمی ‘کوردستانی نوێ’ـی خۆشەویستدا بڵاوم کردەوە. ئەمێستاکەش، هەم لەبەر جوانی و دڵگیریی دەقەکە و هەم دڵنیاشم ژمارەیەکی بەرچاو خوێنەرانی بەڕێز نەیانبینیوە، بە چاکم زانی لە نوێ بڵاوی بکەمەوە.- جەمال غەمبار