غەسان حەمدان، لە شاعیرانی عێراقییە. لە ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد لە دایک بووە. ئەو هاوکات نووسەر، وەرگێڕ، توێژەری مێژووە و چەندین کتێبی لەو بوارانەدا هەیە. ئەوەی لە شیعرەکانیدا دەیبینین؛ ڕۆژهەڵاتیبوون، ئەڤین، جەنگ و وێرانییە. هەندێک جار عاشقێکە و لە ئەشقەکەی بەدەر، شتێکی دیکە نابینێت، هەندێک جاریش لەناو سەنگەرەکانەوە سەر دەردەهێنێت، کە لە شاعیرێکی عێراقی- بەو مێژووەوە کە هەیەتی- چاوەڕوانکراوە. لە دەفتەرەشیعرەکانی، دەتوانین ئاماژە بە یادداشتەکانی شازادەیەکی خانەنشینکراو/ ڕۆژی دەیەمی خوڵقان/ و تا ئاسمان شینە بکەین. هەروەها حەمدان وەرگێڕی شیعرەکانی سوهراب، شاملوو، فرووغ و عەباس کیاڕۆستەمییە بۆ عەرەبی، ئەو هەروەتر کتێبەکانی جەلال ئال ئەحمەد، بوزورگ عەلەوی، سادق هیدایەت، ڕەزا قاسمی، ئاسف سوڵتانزادە، بەختیار عەلی، قاسم کەشکۆڵی و محەمەد قاسمزادەی کردووە بە عەرەبی. هاوکات وەرگێڕی شیعرەکانی محەمەد ماغووتـە، لە عەرەبییەوە بۆ فارسی. لێرەدا شیعرەکانی غەسان حەمدان بە ئاگەداریی خۆی کراون بە کوردی. غەسان ئەم شیعرانەی بە فارسی نووسیون. – ماڵپەڕی باڵندە
تۆ ئەی ئاسکە ڕۆژهەڵاتییەکەی من
غەسان حەمدان
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە
خوای چەشنان
بیرتە؟
بەیانییەکی ڕۆژهەڵاتیی جوان بوو
شەقامێکی قەرەباڵغ و تەڕ…
کامە شار بوو؟ هانۆی؟ بانکۆک یان سیئۆل؟
بیرم نییە
بەڵام وەکوو چاوەکانت ئەفسووناوی…
وەک بڵێی هیپنۆتیزمت کردبێتم!
منیش چەشنی منداڵێک لە ترسی ونبوون
دەستی تۆم گرتبوو
بزەکەم ون نەدەبوو
کە گەرمیی دەستت دڵنیاییی دەبەخشییە
دڵە عاشقەکەی من
بیرتە کە گوتت
دەبێ لە بیری ماڵێکدا بین…؟
دەبێ لە بیری سبەینێیەکدا بین…؟
منیش پێم وا بوو بیلبیلەی چاوەکانت کۆشکێکە و
بزەکەت سبەینێمە…
بیرتە بۆ گەیشتن بە وێستگەی میترۆ
پەلەت بوو
منیش قژە ئاوریشمییەکەتم لە بادا بۆن دەکرد و
بە چاوانێکی داخراوەوە سەرلەدووت بووم؟
تۆیش…
ئەرێ
تۆ ئەی ئاسکە ڕۆژهەڵاتییەکەی من
خوای چەشنانی پەرستگەی تەنیاییی منی!
■
لەم بەهارە جەنگزەدەیەدا
خوشکەکەم دەڵێت
سبەی باسی دۆخی ئێمە بکە
کە تۆ وەک دایکێک
دایکێک بە باوەشێک خەمەوە…
منیش بە بزەیەکەوە دەڕوانمە پەنجەرە
قەلەڕەشێک تێدەپەڕێت
بەڵام خەمی دایک
چلۆن دەکرێ لە منداڵەکاندا بدۆزیتەوە؟
لەم بەهارە جەنگزەدەیەدا
لەزگەمان داوە لە پەنجەرەکان
باوکە بە ڕادیۆکەوە خەریکە و
شتێک ناڵێت
مەگەر شتێک هەیە کە دەبێ بگوترێت؟
منیش
پەنجەرە دەکەمەوە
باوکە دەڕوانێتە بەڵاڵووکە پشکووتووەکەی حەوشە
بزەیەک دەکات و
دایە
لە تەنیشت خۆمان هەست پێ دەکەین…
■
سەروائەندێش
بە هەنگاوی خۆشنەوای کیژۆڵانی حەوا
شاعیران
کێشی شیعریان دۆزییەوە
منیش
بە شیرینیی پەیڤی تۆ
سەروا چێ دەکەم
ئەوکات
کە بەرەبەیان
بە زەردەوە
لە من هەڵدێی
■
پیاوی ڕۆژهەڵاتی
من پیاوێکی ڕۆژهەڵاتیم
وەکوو ڕۆژهەڵاتییەکان خۆشم دەوێیت
نەک وەک پیاوانی بیانی
کە دێنە پێشەوە و
بێ ئەملاوئەولا
دڵیان هەڵدەڕێژن
من پیاوێکی ڕۆژهەڵاتیم
شەو و ڕۆژ بیر لە تۆ دەکەمەوە و
لە دوورەوە سەرنج دەخەمە سەرت
تەنانەت ئەگەری هەیە دوات بکەوم
یان هەروا
سەدان جار
بە لای ماڵەکەتدا تێبپەڕم
من پیاوێکی ڕۆژهەڵاتیم
ئەهلی گوڵپێشکەشکردن نیم
تەنانەت ناوت لە ئەستێرەیەک نانێم
کە ئێمەی ڕۆژهەڵاتییەکان
لە عەشقدا سەرکوت کراوین و
چەتەکان
غیرەتیان
لێ ڕفاندووین
لەوانەیە منی ڕۆژهەڵاتی
بە هەوای تۆوە وڵاتان داگیر بکەم
بەڵام لە ئەوین هیچ نادرکێنم
چیرۆکێکی خەیاڵی دەنووسم و
بە درۆوە
لە ئەوینەکەمان دەدوێم
ئەم قوفڵە بوودییەی
سەر لێوەکانمان
دەبێ بشکێ
■
بەغداد لە ئاگردا
کات
وەستاوە
بەغداد ژاکاوە و
بووەتە قاقڕێکی بێ خۆشەویستی
ئیتر گوڵێک نییە و
گوڵاڵەسوورەی شەهیدان
وەک ئەفسانەیەک دەنوێنێت
پیاو و ژن
بە دەم شیوەنەوە
گوڵی پلاستیکی لەسەر گۆڕەکان دەڕوێنن
تا گۆڕستان
جوانتر ببێت
منداڵێک بە پایسکلەوە
تێدەپەڕێت و
دەنگی تەقینەوە
دواهەمین کۆترەباریکە
هەڵدەفڕێنێت
گۆڕستان گەورەتر دەبێت و
بەغداد
ڕەش…
■
ئێشکگرتن
لەم جەنگە نەبڕاوەیەدا
ماڵئاواییم لە هەموو هاوڕێکانم کرد
تەنانەت لە درەختە وشکەکانی گەڕەک…
چۆلەکەکان ڕۆیشتبوون و
من
حاجی حەسەنی بەقاڵم بینی
سەلکێک پەنیری بە قەرز دەفرۆشت و
جگەرە لە سووچی لێوەکانی جیا نەدەبووەوە…
لە سەنگەردا
هاوسەنگەرێک نەبوو و
وێنەی خێزانی
لە گیرفانمدا قورسییەکەیم هەست پێ دەکرد
دەنگی گوللـە نەدەهات و
بێتەلەکە کڕ بووبوو
تەنێ من بووم و کۆنەچەکەکە و
ئاسمانی خۆڵەمێشی…
تفەنگەکەم گرتە باوەش و
بە دانیشتنانەوە خەوتم
هەر وەک شەهیدێک
کە بڕیار بوو نۆرە ئێشگرییەکەی بگۆڕدرێت…
■
مەرگی شاعیر
شاعیر
ئەگەر بمرێت
بزەی ژنێکی جوان
لەگەڵ خۆیدا دەبات
ژنێکی جوان
لە چەشنی شنەی لای گەڵاکانی ئەسپیندار
ژنێک کە نەیدەزانی
شاعیر لە خەڵوەتەکەیدا
لەبەر ئەو دەژیا و
شیعری دادەهێنا
بارێ،
شاعیران هەمیشە
بە بزەی ژنانی جوانەوە
دەنێژن…
■
لە نادیاریدا…
قژی باڵ دەگرێ
بێ ئەوەی بایەک بشنێتەوە…
ڕسوام مەکە
ئەی دەست!
کە سێوی بەهەشت
گەرەکە لە نادیاریدا لێ بکرێتەوە…
■
غەوارە
گۆڕی خۆمم لێ داوە
لە تەنیشت خۆم
یان لەوانەیە لە پشت سێبەرەکەم
ئیتر نازانم
ئەمە گۆڕی منە
یان سێبەرێک کە شەوانەڕۆژ سەرلەدووی منە!
سەیری ناوەوەی دەکەم
زیندوو و مردوومی دەوێت
بەڵام
تەرمێکی تر لەوێیە
تەرمی کەسێکی مەدهۆش
بە چاوانێکی دەرپەڕیوەوە…
چەپکەگوڵێک دادەنێم و
دەنگی هەناسەهەڵکێشانەکانی
چیتر نابیسرێت و
سێبەرەکەم
دوام دەکەوێت…
■
بای گوناحباران زووتێپەڕە
جەنگەکانیش تەواو دەبن و
بوومەلەرزەیەکی دیکە ڕوو نادات
ئاگرکەوتنەوە و ڕووداوگەلی مەرگهێنی
دیکە
دەچنە مێژووەوە و
خودا
چاولەڕێی ئێمەیە
کە تۆماری قوربانییەکانی بۆ بنێرین
لەو ڕۆژەدا
فریشتەکان
باشەکان لە خراپەکان جیا دەکەنەوە
بارێ
خودا
هەموان دەگەڕێنێتەوە بۆ زەوی
بێگوناحان
چەشنی کۆترانێک لەبەر پەنجەرەی دایکانیان هێلانە دروست دەکەن و
گوناحباران
بایەکی زووتێپەڕ دەبن…