وەک شاخی بەرانەکێوی

سەلاح ئەلحەیسانی/شاعیری عێراقی

December 23, 2019

سه‌لاح ئه‌لحه‌یسانی، شاعیر، ڕۆماننووس و شێوه‌كار له‌  شاری كه‌ربه‌لا ساڵی 1966 له‌ دایك بووه‌، زمان و ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیی خوێندووه، هه‌روه‌ها وێنه‌كێشانی له‌ ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی لاهای خوێندووه‌ و ده‌رچووی ئه‌كادیمیای (فوربورج)ـه‌، له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه ‌و گۆڤاردا سه‌رپه‌رەشتی لاپه‌ڕه‌ی فەرهەنگی بووه‌. به‌ڕێوه‌به‌ری (گالێریی عه‌ین)ـه‌ له‌ وڵاتی ئیماراتی عه‌ره‌بی و دامه‌زرێنه‌ری (گالێری 25)ـه‌ له‌ شاری كه‌ربه‌لا، خاوه‌نی چه‌ندین دیوانه‌شیعره‌، له‌وانه‌ (ئاوی ونبوونت)، (وه‌ك چۆن به‌روبوومێك به‌ر ده‌بێته‌وه‌)، هه‌روه‌ها ڕۆمانی (ڕۆژانی گه‌شتییه‌كان) و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ (ئه‌مین مه‌علووف: مشتومڕی ناسنامه‌كان)، (زوها حه‌دید و په‌ڕینه‌وه‌ بۆ داهاتوو)، (گه‌ڕان به ‌دوای سه‌نگی فه‌لسه‌فه‌ له‌ ماكاندۆ)، (كه‌ناری ڕۆمانی خه‌لیجی)، (ئه‌مبرتۆ ئیكۆ پیاوی ئاسه‌وار و ڕێڕوه‌كانی) و چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی دیكه‌، خاوه‌ن شه‌ش پێشانگەی تایبەتی شێوه‌كارییه،‌ جگه‌ له‌ ده‌یان نمایشی هاوبه‌ش. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

وەک شاخی بەرانەکێوی
سه‌ڵاح ئه‌لحه‌یسانى
وه‌رگێڕانی لە عەرەبییەوە: شارا ڕەشید

 

 

 

دۆخه‌كان

(1)

به‌یانیت گومڕاییه‌ بچووكه‌كان

گومڕاییی ناوه‌كی

به‌یانیت به‌روبوومی هه‌ناوی

كه‌ له‌ یه‌ك دره‌ختدا جێگه‌یان نابێته‌وه‌

به‌یانیت كووپێكى گه‌وره‌ قاوه‌به‌شیر و

شیر به‌ شیر

به‌یانی كاتژمێر 12:16 خوله‌كه‌

ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌

ئه‌گه‌ر جیهان ده‌قاوده‌ق به ‌هه‌مان شێوه‌

خۆی دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌

جارێكی دی ناگه‌ڕێته‌وه‌

به‌یانیت ئه‌مه‌ بێ كه‌ من ئێستاكه‌ سه‌رقاڵیم:

هه‌ست ده‌كه‌م كه‌مێك تووڕه‌م له‌ سه‌رجه‌م گه‌ڕده‌ره‌كانی به‌دواداچوون

چونكه‌ وه‌ك پێویست زانیارییان پێ نه‌دام

تاوه‌كو بزانم له‌ كوێیت و شتێكت پێ بڵێم

شتێك نه‌ ئاڵۆز و نه‌ دژوار

وه‌ك شاخی به‌رانه‌كێوییه‌كی پیر

شتێك سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگێكی نوێ له‌ ڕابردوودا.

 

 

(2)

ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ڕێكه‌وتت ده‌كات له‌ پاسه‌كه‌دا

ئه‌و پیاوه‌ی له‌ كورسیی ته‌نیشتت ده‌رده‌كه‌وێت

ئه‌و پیاوه‌ی سه‌باره‌ت به‌ ژیانێکی كتوپڕ و

دره‌ختى كتوپڕ له‌ باخچه‌كه‌یدا شتێكت پێ ده‌ڵێ

ئه‌و پیاوه‌ی گه‌یشتن تاقی ده‌كاته‌وه‌

ئه‌و پیاوه‌ی باسی ڕامكه‌رانت بۆ ده‌كات

كه‌ له‌م نزیكانه‌ پڵنگێكیان بزر كردووه‌

ئه‌و پیاوه‌ی ڕێگه‌یه‌كی نه‌بینراوت له‌گه‌ڵ ده‌بڕێ

وه‌لێ به‌ خودی خۆیه‌وه‌ له‌وێه‌

له‌و به‌رزایییه‌ كه‌ به‌ چه‌كی سپی

له‌ نێوان سوفیگه‌راندا

جه‌نگێك هه‌ڵده‌گیرسێ و

له‌ خواره‌وه‌شی

هه‌وای ژووره‌كه‌ هاوسان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ژووره‌كه‌دا

پیاوه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ عه‌ده‌می خۆیدا.

 

 

(3)

ژیان برینێكی ڕووكه‌شه‌

به‌ هه‌ندێك مه‌رگ

ده‌توانێ ساڕێژ ببێته‌وه‌.

 

 

(4)

نیگاكانم كه‌ ناردم

ونبوونت بدۆزنه‌وه‌

به‌ كوێری ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌

چون چاویان به‌ تۆ نه‌كه‌وت

 

 

(5)

ژنێك له‌ پێیەكانیدا شه‌قامه‌كان ده‌ردێنێ

ژنێك باس له‌ هه‌وڵی خۆكوشتنێكی به‌رده‌ست ده‌كات

ژنێك به‌رله‌وه‌ی پێكه‌كه‌ی هه‌ڵدات بزه‌ی دێ

تاوه‌كوو وا ده‌رنه‌كه‌وێت كرده‌وه‌كانی

هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆن له‌ ژیانی قاوه‌.

 

 

(6)

به‌یانیت میوزیكێكی شل…

به‌یانیت ئه‌و كتێبه‌یه‌ كه‌

وه‌ك تووشبوو به‌ ئازاری گورچیله‌ ده‌تلێته‌وه‌

بۆ ئه‌وه‌ی كاتژمێرێك لای خۆی بتهێڵێته‌وه‌ .