گابریێل گارسیا مارکیز دەڵێت: “پابلۆ نێروودا باشترین شاعیری سەدەی بیستەمە لە ناو هەموو زمانەکاندا”. نێروودا لە چیلی لە دایک بووە لە ساڵی ١٩٠٤ و لە ساڵی ١٩٧٣ش هەر لە چیلی دەمرێت. دوو ساڵ پێش مردنی خەڵاتی ئەدەبیی نوبێل وەردەگرێت. یەکێک لە کارە ئەدەبییە بەناوبانگەکانی سۆنێت/سۆناتا عاشقانەکانێتی، کە زۆرینەیانی بۆ ماتیڵدای هاوژینی نووسیوە. -ماڵپەڕی باڵندە
سۆناتای ٦٥
پابڵۆ نیرۆدا
لە ئینگلیزییەوە پشتیوان کەمال
ماتیڵدا، تۆ لەکوێیت؟ لەژێر بۆینباخەکەمدا،
لە سەروو دڵم و لە نێو پەراسوەکانمدا،
لە ناکاو بە غەمێکی قووڵی ئاشناوە
هەستم کرد ڕۆشتبوویت.
هێند پێویستم بە ڕووناکی وزەت بوو،
بۆ هەڵلوشینی هیوا بە چواردەورمدا دەمڕوانی.
زانیم ئەم فەزایە بێ تۆ ماڵێکە و
جگە لە پەنجەرە تراژیدییەکانی هیچی تیادا نەماوە.
ئێستا لە بێدەنگییەکی ڕووتدا، سەربانی ئەم ماڵە
گوێ دەگرێت لە وەرینی ئەم بارانە دێرینە بێ گەڵایە،
لە پەڕەکان، لە ئەو شتانەی کە شەو زیندانی کردوون.
هێشتا وەک خانوویەکی تەنیا چاوەڕێم
بێیت و بمبینیت و ئاوەدانم بکەیتەوە.
تا ئەو ساتە، پەنجەرەکانم لە ئازاردان.