ڕاهۆز کامەران لە شاعیرانی نوێی کوردە. لەدایكبووی ١٩٩٤ـە لە شاری سلێمانی و بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی تەواو کردووە و ئێستایش خوێندکاری کۆلێجی سینەمایە. هەروەها لە (فێستیڤاڵی گەلاوێژ)دا خەڵاتی شیعری بردووەتەوە. سەر بەو دەنگە شیعرییانەیە بە جەختەوە دەیەوێت سەبارەت بەو سەردەم و قۆناغە بنووسێت کە تێیدا دەژی، کە ڕێک ئەم ڕۆژەیە. ئەو پێی بە توندی لەسەر زەوی و شارەکەی جێگیر کردووە و هەندێک جار دەیەوێت بە زمانێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕۆژگارەکەی خۆیدا بدوێت. لەم تێکستەیدا دنیا تایبەتەکەی خۆی دەگوازێتەوە بۆ ناو شیعر و تەنانەت دڕدۆنگانە لە هەموو شت، بگرە لە بابەتەکانی نێو تێکستەکەیش، دەڕوانێت.– ماڵپەڕی باڵندە
خەم، گوناهـ، ئاوارەیی و ونبوون
ڕاهۆز کامەران
دەبێت هەموو ئەم پارچانە پێكەوە بنێم،
یەكێتیی بابەت بخەمەوە نێوان
خەم
گوناهـ
ئاوارەیی
دژیەكی و
خواردنەوەی زۆر
پەرتی
ونبوون
ونبوون
ونبوون
ونبوون
شاڵاو، سڵاو، تۆ لە شەقامی سەهۆڵەكە بە جانتایەكەوە پیاسەت دەكرد، گوێت لە گۆرانی دەگرت و هەندێك جاریش نا، بەڵام هێدفۆنەكەت هەر لە گوێت نابوو
لەو سەرمایەدا چی دەكەیت؟ بیرت دەكەم!
لەگەڵ زاموا باسی شیعر دەكەین،
وەك هەمیشە ئەو لە ئاسمانە، دەڵێت ئەدەبیات جێ ناهێڵین…
وەك هەمیشە من لە خوارەوەم
خوارەوەی كات
خوارەوەی زەمینێك كە كات جێی هێشتووە و لە ناكاتدا دەژی
هیوادارم ئەدەبیات جێمان نەهێڵێت!
بیری كافكا دەكەم
بیری ئازاد سوبحی
بڕیار دەڵێ: شاڵاو باشە، ئیتر من، دەنووسم: تفەنگ، هۆڵدن كۆڵفیڵد و سالنجەر…
ئۆفیلیا!
تەنیا ئەوانەی دەزانن، زیۆس لە بەینی ڕانەكانیدا كێی شاردەوە دەزانن، غەریبی مانای چی شاڵاو گیان.
بیری باوکم دەکەم…
-ئەلوو…
ئەلوو…
…
زمان دەشێلم،
بڕوا پەرتوبڵاوەكانم كۆ دەكەمەوە
بۆ خانووە چۆڵە كۆنەكەم لە ناوەندی شار دەگەڕێمەوە…
تەنانەت
بەفر باریوە و هەموو شتێك بەرەو بێدەنگی، بێدەنگی و بێدەنگی دەڕوات…
بیرە، كە ساردە و دڵ كە گەرمە و ئێمە كە زۆر زۆر زۆر تەنیاین
دەرگا دەكوتم
هاوسەرە پرچ زێڕینەكەم دەیكاتەوە
ئەویش وەك من دژی سەرمایەدارییە،
مۆمی لە كارەبا
ئەشكەوتی لە ماڵ
پیاسەی لە پاس خۆشتر دەوێت…
بەڵام لەبەر ئەوەی سبەینێ بە ڕێ بكات
ئەمڕۆ لە كار ماندوو بووە.
كارەساتێك لەناومدا تا دێت گەورە دەبێت و منیش تا دێت دەنگی گوێپێنەدان بە هەموو، هەموو شتێك زیاتر دەژنەوم دژی ئەو…
ئەو، كە
ئەفسانەكان كردیان بە دەریا و منی تەنانەت بۆ خنكانیش نەگرتە خۆی.
بە شێنێ دەڵێم: لە فەیسبووكەكەمەوە بۆ شاڵاو بنووسە:
كێ هاوڕێی شەوێكە، كە سەرما مرۆڤەكانی لێ سەندووەتەوە
من ئەو شەوەم!