بیرهان کەسکین شاعیرێکی تورکە و لە ساڵی ١٩٦٣ لەدایکبووە. لە زانکۆی ئیستانبوڵ بەشی کۆمەڵناسی خوێندووە. یەکەم دەرکەوتنی شیعریی بۆ ساڵی ١٩٨٤ دەگەڕێتەوە. خاوەنی چەندین کتێبی شیعرییە. لە ساڵی ٢٠٠٥دا کتێبە شیعرییەکەی بە ناو (با) بوو بە براوەی خەڵاتی پرتەقاڵی ئاڵتوونی لە تورکیا.
ئاسڵی سەرین شاعیرێکی تورکە و لە ساڵی ١٩٧٧ لەدایکبووە. لەگەڵ نووسینیشدا سەرقاڵی کاری ئەندازیارییە. لە ساڵی ٢٠٠٧دا یەکەم کتێبی شیعری خۆی بە ناوی (zip ئەمە منم ) بڵاوکردەوە و تاکو ئێستا خاوەنی سێ کتێبی شیعرییە.
مۆنۆمێنتی ژمێرەر
بیرهان کەسکین و ئاسڵی سەرین
وەرگێڕانی ڕێباز مەجید
مردووەکانمان دەخەینە لیستی “زۆرترین بەکارهێنراوەکان”ەوە
مردووەکانمان بۆ مردووەکانمان زیاد دەکەین.
بەختێکی تەواوە، گەر ناومان لە ژمێرەرێکدا نەنووسراوە
بیرهان، من هەمیشە وەکو “دژەژمێر”ێک خوێندوومەتەوە
یانی ئەوەی ناژمێردرێت، با هەرگیز نەژمێردرێت
ئاخۆ دوای چەند شاڵاو ئێمەش دەبینە مردووەکانمان.
پیاو و ژن، دوو ئاژەڵی جودا.
یاسای سرووشتە کە بەهێز لاواز دەکوژێت.
کێشەکە ئەمە نییە، شتێکی ترە.
بۆچی کەسێک کە پەردەی پەمەیی و پەنجەرەی سووری حەزلێیە
لەگەڵ فیلێکدا لە شوێنێکدا پێکەوە بژین بۆ نموونە
ئەها کەمێکی تر گۆزەیەک دەشکێت.
ئێمە سەرمایەدار نین، وایە
حساب و کتابی گەورە، پلان، بودجە
بەڵام شتێک هەیە ناوی ئەڤینە، گەر دەڵێی لێیگەڕێ، ئەوەش هەیە
بۆ ئێمە هێڵی ئەستووری کێشراو و پەتی ڕاکێشراوهەیە
ئەوانەی بە دەستە تووکاوییەکانیان ناوچاوانیان ڕەشکردین،
وەک ئەوەی بەس نەبێت، بە تەواویش سڕیانەوە
بیرهان، ئەوەی هەیە بێچارەییە، بڕوانە:
لە باشووری تورکیاوە هەواڵێکی دڵتەزێن دێت
لە باکووری تورکیاوە هەواڵێکی دڵتەزێن دێت
لە ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە هەواڵێکی دڵتەزێن دێت
لە ڕۆژئاوای تورکیاوە هەواڵێکی دڵتەزێن دێت
وا خەریکە تورکیا دەگۆڕێت بۆ هەواڵێکی دڵتەزێن
باسی ئەڤینت کرد، دێڕێکی ئۆسکار وایڵدم هاتەوە خەیاڵ، بڕوانە!
“چونکە هەرکەس ئەوە دەکوژێت کە خۆشیدەوێت. ”
بەڵام ئۆسکار، گەر بڕیار وایە ئەوانەی خۆشماندەوێن بکوژین، ئەڤین بۆ؟
بەڵام پێش ئەمەش، ئاسڵی، زۆر پێش ئەمەش
شتێکی تر هەیە کە بە گەردنمانەوە بەستراوە.
ژن بخە ئەولاوە، ژن بخە ئەولاوە
ژن بخە ئەولاوە، ئەوەتا!
بابەتی ئادەم و پەراسووەکەی.
ئەگەر بڕیار وایە بیانژمێرین، با ئاوهاش بیانژمێرین:
پیاوێک لە باشووری تورکیا هەڵدەتروشکێت.
پیاوێک لە باکووری تورکیا هەڵدەتروشکێت.
پیاوێک لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا هەڵدەتروشکێت.
پیاوێک لە ڕۆژئاوای تورکیا هەڵدەتروشکێت.
وا خەریکە تورکیا لە پیاوێک دەچێت لە کاتی هەڵتروشکاندا.
شێوەی ستوونی وان و شێوەی ئاسۆیی مە ڕەنگە لە دیمەنێکی پۆرنۆگرافی بچێت، بەڵام وا نییە!
هەڵتروشكان واتە یاسای پەشیمانیی، سەفسەتەی: ئاگام لە خۆم نەبوو، خواردبوومەوە
هەڵتروشكان: ئەوە کلتووری ئێمەیە، چیبکەم و ئەوانە
هەڵتروشكان: با ژنێکی باش بوایە
هەڵتروشكان: با بە تەلەفۆن قسەی نەکردایە
هەڵتروشكان: با لێم جیانەبوایەتەوە
ئەوان مێردن، ئەوان باوکن، ئەوان خۆشەویستن، ئەوان دەوڵەتن.
ئەوانەی پێیان وایە یەکسانیمان دەوێت هەڵەن
بیرهان، کێ دەیەوێت لەگەڵ دز و مرۆڤکوژدا یەکسان بێت!
ئاسڵی، شتێکت پێ بڵێم؟
باوەگەورەم بە ڕەگەزی خۆی دەوت گوو بە جسناتتان.
یانی پێش ئەوەی ڕەگەزمان جیابکرێتەوە
وەکو ئۆتۆترۆف و ئەوانە بماینایەتەوە.
بەدڵنیاییەوە ئازاربەخشە. ئەو دەمەی هەندێک دەخەیتە ڕیزی “مرۆڤ”ەکانەوە
ڕەنگە شتێکی واش بێت: ئێمە لەگەڵ خورافەی
“مرۆڤ بۆ ماوەیەک خەونێک بوو” دەژین و ئەوەش ئەنجامەکەیەتی.
بیرهان، چی وای کرد ژنان وا تێفکرن
ئەوان لە پەراسوویەک درووستبوون؟
ئەگەر دەڵێیت، با بگەڕێینەوە بۆ کێشە سەرەکییەکە، با بگەڕێینەوە ئێستا
دە بیڵێ، ئایا هەر پیاوەکان نەبوون ئەم دەردەیان بەسەرهێناین؟
با بگەڕێینەوە بۆ ژنێک لە وان، بگەڕێینەوە لە ماردین، بگەڕێینەوە لە ئیزمیر
با بگەڕێینەوە بیرهان زۆر درەنگ بووە وا دونیا تاریک دەبێت با بگەڕێینەوە ماڵەوە
کێ ئەمانەی بە ئێمە وت، لە کاتی پێکەنین دەممان داخەین
لە کاتی گریان بیشارینەوە
قسەنەکردن لە هەموو بابەتێکدا، نەنووسین، بیرهان، تەنانەت وێنەکێشانیش
کێ هەموو ئەمانەی بەسەرماندا سەپاند
کێن ئەوانەی لەسەر درێژیی تەنوورەکانمان و ژمارەی ئەو منداڵانەی دەیخەینەوە بڕیاردەدەن
بۆچی ژنان لە یەکەم سێکسیاندا ڕوخساری باوکیان بیردەکەوێتەوە
بۆچی کیژۆڵەی بچووک لەگەڵ پیاوانێکدان کە هاوتەمەنی باپیریانن
بۆچی خانەی لەشفرۆشی هەن، بۆچی دایمە ژنێک لەسەر ئۆتۆبان کەوتووە
بۆچی ژنێک لە ڕیکلامی ئوتوکردندا ڕووتە
بۆچی ژنێک لە نمایشی ترومبێلەکاندا لەسەریان دادەنیشێت
کێن ئەوانەی لە ڕۆژی لەدایکبوونماندا عەسارەیان بۆ کردینە دیاری
کێ بوون ئەوانەی دەمانچەیان خستە سەر سەرمان، کێ بوون بیرهان؟
تەلەفزیۆنەکەم کردەوە، سپێدەیەکی قەشەنگی زستان، خۆر بە ئاسمانەوەیە
وەک ئەوەی هەموو شت بێ خەوش بێت، بە ئاسمانەوەیە
پیاوێک ژنەکەی لە ماڵەوەدا زیندانی کردووە و جگەرەکەی لەسەر جەستەیدا کوژاندووەتەوە
سەیرکە بیرهان، پزیشکەکان لەبارەی ژنێکەوە وتوویانە بە تەنها لەگەڵ منداڵەکەیدا جێی مەهێڵن
ڕاستدەکەیت، بۆ پەردەی پەمەییان حەزلێبێت، بۆ دوو زیندەوەری جیا پێکەوە بژین
ڕەنگە ئێمەی پڕۆژەی پەرەسەندنێکی ناتەواو بین
ئاسڵی، ئایا تەکنیکی لەیەکگیرکردنی دوو پارچە تەختە دەزانی چۆنە؟
بڕوانە، ئەمە فێربە.
چونکە ئەم شیعرە لەیەک گیرنابێت.
ژان دەکات، سارد دەبێتەوە، ژان دەکات، سارد دەبێتەوە، ژان دەکات، سارد دەبێتەوە.
لەیەک گیرنابێت. ئازاری یەکیان تێکەڵی ئەوی دی نابێت
لەمەودوا “بە توندی”، شێوەیەکی تر لە “ئاگرین” پێشنیازدەکەم بۆ هەموو ژنان.
دەرچۆ لە دوو ژوور و هۆڵەکەدا
چەکە ئاگرینەکان لەناو دەست، شمشێری ئوما بە کەمەرمانەوە
لەگەڵ شارەزایی تەواو لە هونەرەکانی بەرگری.
ئیدی ئەم هەموو ناوە لە مۆنۆمێنتی ژمێرەردا بەسە،
بەسە ئیتر، بەسە، با بتەقینەوە.