بڵند ئێزەدی ساڵی ٢٠٠٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە. پێشتر لە ماڵپەڕی باڵندە چەند شیعرێکی تری بڵاو بۆتەوە و ئەمەش نوێترین شیعرێتی.
بڵند ئێزەدی
چیدی دۆزەخ حەکایەتێکی وەهماویی ئاینەکان نییە، دۆزەخ ئەوەتا لێرە، هێندەی دار و بەرد و درەختەکان ڕاستەقینەیە
“هانا ئارێنت”
بێزاربوون لە وەسفی شەقامەکان، گوڵە جوانەکان، ئاسمانی کۆتایینەهاتوو، ستێرەی گەش و مانگی پڕڕاز، گەیاندمی بە بێزاری و چیدی بۆ خوشکمی باس ناکەم. باسی گوڵی بۆنخۆشی شەقامەکان ناکەم، باسی کوژرانی هەژار و شەقی پۆلیسی بۆ ناکەم، چیتر گێڕانەوەکانم کچی شۆخ و گریانی منداڵانی گەڕەک هەوێنی نین.
دەرەوە بۆ خوشکم دەگێڕمەوە:
ئاسمانێک پڕ لە نەفرەت و شەوێک پڕ لە تاریکی و گریانی سەرخۆشان و بێبەزەیی دونیا بۆ خوشکم دەگێڕمەوە؛ خۆری ڕەشی نیوەڕوان و بەفری ڕەشی زستانان دەگێڕمەوە؛ دەگێڕمەوە: ئاسمان چەندە بێبەشە لە باڵندە، شەقام چەندە بێنازە پای هیچ ڕێبوارێکی پێدا ناچێت، درۆیە حەکایەتی ڕێبواران و قاچاخچییەکان، فریوە شەڕکەری تفەنگ لە شانی شاخان، نەخۆشییە بۆنی خۆشی نانی بەیانیان. دەگێڕمەوە پشیلە ترسنۆکەکان لەم شارەدا چەندە زۆرن، باڵەخانە بەرزەکان، ئەوانەی شەیتانەکان لێی نیشتەجێن چەندە خنکێنەرن.
درۆ لەگەڵ خوشکم ناکەم:
شەڕی گورگەکان و درۆی شێتەکانی بۆ دەگێڕمەوە، ڕەشەبای نەفرەت و خوێنەبارانەی بۆ دەگێڕمەوە، ئەسپێی قژی جادە و ڕەکیکیی لافیتەی زیندووەکان و فرمێسکی مێژووی بۆ دەگێڕمەوە. قاوەی سپی بەیانیان و شیری ڕەشی نیوەڕوان و نانی زەردی پێدەچێژم و زمانی زبری داڵ و گریانی کۆتری پێدەناسێنم.
خۆڵی دوکانە ڕووخاوەکانی بازاڕ بۆ خوشکم دەهێنمەوە:
توڕەیی ڕۆحی بازاڕییان و ترسی خۆم دەخەمە نێو مشتێک چیرۆک و دیوانی قیژەقیژ و قەسیدەی ژاوەژاو و فەلسەفەی نەهامەتی، لەگەڵ پیچەک درۆی بەردەم مایکی میدیا ژەهراوییەکان، بۆ خوشکەکەم دەبەمەوە. پێسترکی شکاوی گەیشتن بە ستێرەی بۆ دەکەمە عەلاگەیەکی دڕاو و پارچەی لەتلەتبووی پەککەوتەی نەخۆشخانەکانی شاری بۆ دەبەمەوە، دەمم پڕ دەکەم لە جوێنی ئایینییەکان و قوڕگم پڕ دەکەم لە تفی شەوگەڕەکان و لوتم پڕ دەکەم لە بۆنی پیسی مزگەوتەکان و چاوم پڕ دەکەم لە خوێنی بەرپرسەکان و گوێم پڕ دەکەم لە قیژەی منداڵی برسی و دڵم پڕ دەکەم لە دڵپڕبوونی كچان و سەرم پڕ دەکەم لە تەمی ڕەشی شاخەکان و ڕۆحیشم؛ ئایی ڕۆحی لەتلەتبووی هەر پارچە لە شوێنێکدا کەوتووم هەڵدەگرمەوە و دەیبەخشم بە ئازاری گەریلاکان و سنگم بە خیزەخیزی جگەرەکێشان و زمانیشم بە دێڕی تاریک پڕ دەکەم و بۆ خوشکمی دەبەمەوە.
چیدی دەرەوە بۆ خوشکم ناگێڕمەوە، چیدی چیرۆکی بەرئاگردان بۆ خوشکم ناگێڕمەوە، هەموو بوونم دەکەمە دەرەوە و بۆ خوشکم دەگێڕمەوە: دەرەوە هیچی لێ نییە.
شەڕی پڵنگی ژەهراویی پۆلیس و خۆپیشاندەرانی بۆ دەخەمە چوارچێوەی فرەیمێک و فۆتۆی کوژرانی ژنێکی بەساڵاچووانی بۆ دەگرم و زیڕەزیڕی ماشێنی پۆلیس و زریکەی خوێندکارێکی بۆ دەبەمەوە.
چیتر ئەم ئومێدە فریوم نادات، چیدی گوڵی باخچەکان ئومید دە نێومدا ناچێنن. چیدی شۆڕشی ژیان بۆ خوشکم ناگێڕمەوە.
خوشکم تکە تکی فرمێسکەکانم هەڵدەگرێت و دەیخاتە نێو ئینجانەکانی، ڕەشاوی ئارەقی جەستەم ئاوپرژێنی گوڵی نێو ئینجانەکەی دەکات، هەوای دەمی پڕجوێنم دەکات بە لقی گوڵەکاندا، تفی قوڕگم دەکاتە نێو دڵی ئینجانەوە، بۆنی پڕپیسی لوتم دەکاتە نێو پانکەیەکی چکۆلە و باوەشێنی گوڵی پێ دەکات، خوێنی چاوم دەکات بە یادەوەری گوڵەکان و قیژەقیژی گوێم بە قەدی گوڵاندا و دڵپڕبوونم دەکات بە نانی ئینجانە، تەمی ڕەشی سەرم دەکات بە ئاسمانی گوڵەکان و ڕۆحی لەتلەتبووم بەرامبەر بە ئینجانە دادەنێ و خیزەخیزی سنگم بە زەوی ئینجانە و دێڕی تاریکی زمانم دەکات بە خودای گوڵان. خوشکم هەموو بوونم دەکات بەبەری گوڵدا و دەمم ماچ دەکات و دواتریش بۆی دەکات بە گوڵەکاندا.
(هەزار ساڵ لە باوەشی خۆیدا دەمخەوێنێ)
“وەک چۆن گوڵەبەڕۆژە هەمیشە ڕووی لە خۆرە، پیاویش دەبیت هەمیشە ڕووی لە ئازادی بێت” ئەم دێڕە بە گوێمدا دەزرنگێنێ، خوشکم.
خوشکم گازی ژیان بەسەرمدا دەڕژێنێت و دەمخەوێنێت، هەزار ساڵ دەخەوم و هەزاران ساڵ دەگەڕێمەوە ڕابردوو، خوشکم هەزار ساڵ تۆوی بەربووی گوڵ لە سەرمدا دەچێنێت.
دەژیێمەوە! خوشکم باسی ئەودیودەرەوەم بۆ دەکات و گوڵم پشان دەدات، ئەو گوڵەی بە خوێنی من ئاوی دەدا. ئینجانەی بە بوونی من گەورە کردووە. خوشکم ژنێتیی دەنێومدا چاند و ئینجانەش لە من، منی هەزار ساڵ لەوەوبەر گەورە کرد و ئەمێستا ئینجا بە دەرەوەدا دەگەڕێ و دەرەوە پڕ دەکات لە من.
خوشکم، خوشکم، خوشکم…
خوشکم فێرم دەکات دەرەوە نەماوە، خوشکم ئاسمانم بۆ دەکێشێ بە زەویدا و خوشکم بە نیگای، مەرگ دەوەستێنێ. خوشکم زلەی ژیان دەکێشێت بە ڕوومەتمدا. حەپەساوم بە دونیای نوێ، حەپەساوم بە بۆی نوێ، بە دەنگ و بەهاری نوێ، دۆشداماوم بە جلی نوێ و ئاسمانی نوێ و بارانی نوێ. خوشکیشم باڵەکانی کردووەتەوە و سەما دەکات، ملیارێک پەپوولە بە چواردەوری هەڵدەپەڕن؛ نەمدەزانی بۆچی خوشکم وەها دەکات، کەچی گوتی گوێ ڕادێرە لە بڵندگۆکانی مزگەوتەکان:
“ژن، ژیان، ئازادی…”