سۆران محەمەدەسوورە | (١٩٩١ - )
August 23, 2026
سۆران محەمەدەسوورە، چەند مانگێک بەر لە کۆڕەو، لە شارەدێی حاجیاوا لەدایکبووە، بهشی زمان و ئهدهبی كوردیی زانکۆی سۆرانی تهواو كردووه. دواتر بهردهوامیی به خوێندن داوه و ماستهری، له بواری بەراوردی شیعری کوردیی و فارسیی، لە ساڵی ٢٠٢١ لە زانکۆی کوردستانی سنە، وهرگرتووه. وهک دهستهی سهرپهرشتیاری گۆڤاری كهلێن كاری كردووه. ئێستا دانیشتووی سۆرانە و خاوەنی چەندین توێژینەوە و وتارە لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەب و ڕۆشنبیریدا.
سۆران محەمەدەسوورە خاوەنی کۆمەڵە شیعرێکە بە ناوی قوژبن.
زریان
سۆران محەمەدەسوورە
دەمویست ئافاتێک بپەروەرێنم
نزیکیت … مرۆڤ نەناسێ
هاتیت … بەرف نەبوویت خوێنمان تەزی
بەڵام ژیان لەم بێدەنگییەدا گڕی دەسوو
لاڕەشە بە پەنجەکانمانەوە بانگی دەدا
ئێمە ددانمان لە ئێسکی یەکتردا دەشکا “… دەناشت“
*
لە تەنیاییتدا
ماچ … کە ماچ نەمابوو
پاشماوەی برینێکی کۆنەساڵ
لەسەر لێوی بێدەنگیی دەگەنا “… نا کرم تێیزابوو“
*
نیگارکێشێکی شێت
تا باوەش بە کەسێکدا بکات
‘قیژە’ی کێشا
*
ویستم باوەشت بکەم …
جێباوەشم بۆشایی و
بۆگەن بەلێومەوە شاری داشاردبوو
ئاھت “دووریت” … باخچەی ژەهری کرد بە قوڕگی شاردا
قیژە تامی ژەنگی منە
وا لە بێباکی لەقوڕگت دادەچۆڕێت!
*
گوتت مرۆڤ دەروەستی ئەوینێکی بابووردووە
تەنیا لە مەرگدا دڵنیایە لێی!
*
لەنێو پێکی پێکەنینێکی بە/تاڵ
ژیان بوو بە گەروویەک خوێ- ـن
هات لە ئاژاوەی بەربەیاندا
زەوی مشتێک مەرگی خۆڵی هەڵفڕاند … تفاینەوە!
دووریت
نێزیک داکەوت!
*
هەر کە گوتت تۆ …
وەک ئەشکەوتی دۆڵێکی هاڵاوخنک
دەنگدانەوەیەکی غەریبی مێشکخڕمی تێ جێمابێت وای
قوڕگم … تاسە چنگی لێ دەڕنێ
نەمبۆنیت
کە نەمبینیتەوە بوون … وەک تابووتێک
فراوانتر داهات!
دووری لە هەستی مەگیرانیتدا … دیلتر
*
من بەریناییم بە بەندی قەفەزی سینەت دەپێوا “… هەڵدەچاند“
بەڵام کۆتایی ئەم دێڕە بە تۆ تەواو بوو “… تۆ نەبوویت“
ژیان … ئەگەر هاوبەشێکی نەبوایە
بیرکردنەوە
ئاوها هێواش و بێباک … کاسەسەری نەدەهاڕی!
*
شەو بەسەر شاردا دادەتفێت
خۆر کە هەڵدێت برینێکی کولاوەیە
دووریت بەهەشتێکی ساردە بانگت دەکەم
ئاگر!
نزیک داکەوە …
تەلیسمی چاوەڕوانیمان لە ئاسمان هەڵنواندووە
هیچ سەردەمێک هێندەی ئێستا بە پەرستنت تینوو نییە
*
بانگت دەکەم ئەی ئازار
خوێنچێژیم
وەک ئاشێکی خاو … بێبەزەییی
جەستەم دەهاڕم لەبری سڕبوون
خۆم بە ‘خۆشیی سووتان’ دەقڕچێنم
ئەمە باوێشک نییە
بانگکردنی زریانە بۆ نێو تابووت!
چون ئازادیم … لە کۆیلایەتیی گڕی تۆدا داییسێت
*
با هیچ شەرمنییەک ئەم ڕاستییە نەشارێتەوە
پاکی ئازاردەرە … ئەگەر نێیت
دڵی کەسێکی تۆقاو بە ژوورەکەمدا هەڵدەواسم و
ناوی دەنێم … نیشتمان