هیچ هەواڵێک لە هیچ بێژەرێکەوە

سرووشت نەوزاد / (١٩٩١ - )

August 8, 2026

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی کێڵگەی بەتاڵەوە. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. 

هیچ هەواڵێک لە هیچ بێژەرێکەوە
سرووشت نەوزاد

چیدی ئەم خاکە ناناسمەوە!
ناتوانم کورسییە بچووکەکە بۆ بەر دەرگای
حەوشەکەم بەرم
کاتێک دڵکەیف و مەستم بە ئازادی…
بەڵام ژاوەژاو و دەنگی منداڵانێک کە لە کۆڵانەکەدا نین غەمبارم دەکەن!
ناچار بۆ ژێر زەمینی ماڵەکەم دەڕۆم بەتەنیا،
سەرەتا هەستەکانم و کەمێک نۆستالیژیا ڕۆ دەکەمە نێو قۆرییەکی ئیستیل لەسەر زۆپایەک،
پاشان پلاکی شەمەندەفەری یارییەکە دادەگیرسێنم
ئەوەی تاوێکى دیکە وا دەیبینم ڕووبەڕووم دێت
بە دوو لایتی ڕووناکەوە،
هەر جارێک دەخولێتەوە عەرەبانەیەکی سووک
لەسەر پێچێکی تەسک بەدووی خۆیدا کێش دەکات.
ئایا باشتر نییە سەر نەوی بکەم
یان وەک تونێلێک تەخت لێی بکەوم و شەمەندەفەرەکە بە ناوەوەمدا بڕوات
تا ناوی
هەر فەرمانگەیەکی حوکمی و
بەڕێوەبەرەکەیم تیا بسڕێتەوە؟
باشتر نییە گوێسەبانی نائەندازیاری خانووە
قوڕەکانى دامێنى شەقامەکە بکووتمەوە،
ئەو باڵاخانە درێژانە وەلا بنێم کە شارێکی بچووکیان پێک دەهێنا و حەوزێکی کاشیی بریقەداریان
لە جیاتی چەمێک جێگیر دەکرد؟
جوانتر نییە هەر جار پێڵاوە سپییە چکۆلەکانم لە پێ دەکەم
هێڵی پەڕینەوەی پیادەڕەوان و گڵۆپە سوور و سەوزەکانیان وەلا بنێم وەک ئەوەی بمەوێ زووتر
پێ ڕا بگەم و دەروازەی قوتابخانەکە جێ بهێڵم؟
ئایا سەختترە دەست بەو فیکەیەوە بگرم
جارناجار چەشنی زریانێک دەمهەژنێت
وەک لەوەی بە پلیکانەی کۆنکرێتی ژێرزەمینەکەدا سەر بکەوم
تا قاچەکانم بەسەر قەنەفەی ژوورەکەدا شۆڕ بکەمەوە و ناچاربم دووگمەی تیڤییەکە دابگرم
ئەگەرچی دەشزانم شاشەکە وا بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا لێ دەخوڕێت،
هەر دەڕوات تا ئەوەی دیمەنی ڕێپێوانێک دەکاتە
هی خۆی سەبارەت بە قەیرانەکانی جپس.

ڕەنگە هیچ هەواڵێک لە هیچ بێژەرێکەوە نەبێت
دەربارەی دروستکردنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون
بۆ هەندێک ژن و پیاوی کانزایی و بازرگانیکردنیان
‌بە تایە و کەلوپەلی سوتاو لەبەینی دوو ڕووباردا.
هیچ هەواڵێک دەربارەی ئەو بوومەلەرزە زەبەلاحەی وا لە نێو زیلێک لە دامێنی شەقامەکەدا قوڵپ دەدا
پاش بوومەلەرزەیەک بە ڕێختەرێکی بەرز.
هیچ چاوێکی تاکەکەسی سەبارەت بەو بەفرە زۆرەی
کە وا باریوە،
هەروەها ڕۆچوونی لە ناکاوی شەقامەکە و
لێکترازانی دوو دەستی برسی،
پاشان ونبوونی پیاوێک لە تەمەکەدا لە پشت سوکانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە.
سەرباری ئەوەی هیچ ئەگەرێکی گونجاو بۆ وێنەگرتنی ئەو هەورە چڕە نییە کە بەسەر کێڵگەکاندا دەدات و
ئەو دانەوێڵانەش لە پاش نیوەڕۆیەکی نەبڕاوەی هاوین کەوا خەریکن لە تاوەکەدا دەسووتێن.
ناچار دەگەڕێم، بۆ تۆ دەگەڕێم

تۆ ئێستا کە لێرەیت لەگەڵم
ڕووخسارێکی گەورەی نەناسراو
ئەوەی وادەکەمان پێکەوە دەبەینە سەر:
سەرەتا شیعرەکانت دەخوێنیتەوە و دەخوێنمەوە
پاشان قولاپەکانت فڕێ دەدەیت و فڕێ دەدەم
ئەوەی وا لە بازاڕی لەنگە دزیبوومان!
تا تێگەیشتن لە هەر هێما و تابلۆیەکی کەنار دەریاکە ئاسانتر بێت کاتێک دەگەڕێینەوە بە قولاپ و
تۆڕیی زێدیی و ناوخۆییمان
بۆ ڕاوکردنی ئەو ماسییانەی
ڕۆژانێکی زۆرە چاوەڕێمان دەکەن.