کتێبخانەی سووتاو

سروشت نەوزاد

سروشت نەوزاد | (١٩٩١ - )

November 6, 2024

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی کێڵگەی بەتاڵەوە. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی یەکەمی شیعری بردۆتەوە.

 

 

 

 

کتێبخانەی سووتاو
سروشت نەوزاد

 

 

شۆرتی لە ناکاوی گڵۆپەکە
کتێبخانەکەمی سوتاند!
ئاگری ترسناک وەک ئەوەی بیەوێت
زەبەلاحی خۆیمان نیشان بدات،
لە ناکاوڕا دەرپەڕی و بە خێراییەکی زۆر
باڵی بەسەر ماڵەکەم و پاشان هەمووشتێکدا کێشا.
سەرەتا خۆڵەمێشی کتێبێک دەکەوێت:
چیرۆکێک،
ناونیشانی هۆشمەندانەی، کە وەک ئەوەی
وا دەربکەوێت توانایەکی گەورەی هەبووبێت
بۆ ڕێنماییی ئەوانەی لە شەمەندەفەر دادەبەزن و پاشان سەر دەکەونەوە.
تەنانەت ڕێنووس و خاڵبەندییە ڕێکوپێکەکانی،
کە هەر هێمایەک ئازادییان لەژێر خۆیاندا ڕادەخست و بانگهێشتی شوێنێک یان کێڵگەیەکیان دەکردین، کاتێک لەوێ
پاسەوانە زۆردارەکەیان وەدەر دەنا، ئەوەی وا دەمەتەقێی لەگەڵ کەسانێکدا خۆشبوو
هەرکات بیانویستبا، شەقامەکەی بەر پێمانیان کۆ دەکردەوە و
بە ئاسانی ناوەکانمانیان دەگۆڕی
پاشان دەستیان بۆ پلاکی دەستەمۆکراوی هەسارەکە درێژ دەکرد و
دوگمەکەیان دەکوژاندەوە.

ئەمە سەرەتاکەیە، ئیدی ڕوودانی نزیکەی هەر دزێوییەک زەحمەت نییە:
هیچ نامەیەکمان بەدەست ناگات کە لەسەر مێز و کورسییەک بە ئارامی لە لایەن نووسەر یان ڕۆماننوسێکی فارس یاخود عەرەبییەوە نووسرابێت
هیچ کۆرسێکی مەلەوانییان، هیچ فریاگوزارییەکی سەرەتایی ئەگەر هاتوو لەهەر کاتێکدا بەلەمەکە پەکی کەوت،
یاخود لە ناکاو دارستانی نزیک دەریاچەکە گڕی گرت.
هیچ ژەمە دەرمانێکیان،
هیچ پەرداخێکی پڕ لە شیر
هیچ پەڕۆیەکی ساردییان لەسەر ناوچاومان، کاتێک پێ دەزانین چەندە لە خۆمانەوە دوورین، -تا- دەگرین و ڕەوانەی بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکە دەکرێین.
تەنانەت ڕەنگە دواتر بە دیارچاوی ئەوانەوە
ئەوە جێ بگرێت کەسانێک لە نێو
لاپەڕە و وشەی سووتاوی ئەم ماڵەی منەوە
دەربپەڕنە دەرەوە
پێڵاوەکانیان هەڵبکێشن و
لە جۆگەلەی تەنک و گەرم نەبووی خەونەکانیان بدەن.
ئەگەر بژین! وەک هەمیشە پەنجەکانیان لە پشت سەریانەوە گرێدراون
وێنەیان نەگیراون ئەگەر بێت و لە هەوای
دڵڕفێنی دەشتەکەدا دانیشتبن و خەریکی
دروستکردنی زەڵاتە بن!
ئەگەر بژین، دەناسرێنەوە
وا ڕێدەکەوێت نزیکەی هەمیشە
لە شاشەی تیڤییەکەوە دەر بکەون
شەست خولەکی تەواو تەنیا بنێشت دەجوون.
ئەگەر بەرواری مردنیان نزیک بێت
وادەی زیندووبوونەوەیان نەزانراوە
بیر لە فڕێدانی جلە کانزاییەکانیان ناکەنەوە
کەلەبچەکەی دەستی ڕاستیان لە هۆڵەکەدا جێ دەهێڵن
بۆ پێشوازیی نەناسراوەکان، ئەو بیرە مەزنانەی کە جار جار دێن و
بەشدار دەبن لە پرسەکانیاندا.