وەک تلۆربوونەوە بەسەر سووژندا ئازادیم دەکەیتە بێژنگ

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

دابان عەتار | (١٩٩٠ - )

September 30, 2025

دابان عەتار ساڵی ١٩٩٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. لە بوارەکانی ڕۆمان و چیرۆک و شیعردا دەنووسێت، لە ئێستادا خاوەنی چوار کتێبی چاپکراوە، ئەوانیش، (تابووتی خۆڵەمێش-ڕۆمان- ٢٠١٨)، (ناچیرۆک- چیرۆک ٢٠١٩)، (کتێبی نا -شیعر-٢٠٢٠)،(كوده‌تای گاڵته‌جاڕی- چیرۆك-٢٠٢٤).

 

 

 

 

وەک تلۆربوونەوە بەسەر سووژندا ئازادیم دەکەیتە بێژنگ

دابان عەتار

 

 

جوانیت: ڕەوایی دەدات بە چاوم شیوەنگێڕ بێت
ڕەوایی دەدات بە دڵم، ببێت بە کانگەی ویستنت
جوانیت: ڕام ناکرێ!
مەگەر ئاسکە کێوی بە چاوی مێرووئاسای من دەگیرێت؟
جوانیت شێتانەیە:
وەک زریانێکی ویرانکەر، دڵم دەخاتە مەترسییەوە
مەترسیت بۆ سنوورم
کەلاوەیەکی بێ بناغەم و جوانیت دەریایەکی هەڵچووە
:بمخە باوەشی شەپۆلێکی ئارامتەوە
با داروپەردووم نەکەوێتە ژێر هەرەسی نەبوونتەوە
جوانیت: وەک گەوهەرێکی گرانبەها لە نێو دەستەکانمدا دەشارمەوە
گیرفانەکانم خاڵین لە سۆز
دەستانم پڕن لە پەرێشانی
هەوام قانگ دراوە و هەوەسم بەرهەڵدا…
بێ تۆ ڕایەڵەی ئەم قردێلەی سەرگەردانییە نابەسترێتەوە بە ستوونی قاقاوە
شەپۆلی شێتیم پێویستی بە کەنارێک ئارامیی هەیە
کەنارێک بەشی هەموو بوونم بکات
جوانیت: ئارامیم دەشێوێنێ
مرۆڤی نائارمیش سەرێکی شێتییە و یەکی داهێنان
هێزی داهێنانم نییە، بە سەرگەردانبوونم لە دامێنی ئەم کەنارە دڵنشینە بڕوا دێنم
مرۆ لە دێرزەمانەوە کوشتەی جوانییە، منیش پەیکەرێکی داماو لەبەردەم تابلۆی نیگارت
نیگارت چۆکم دەشکێنێت
نیگات لەزەویم دەچەقێنێت
جوانیت: وەک قاوەیەکی تاڵ دەخۆمەوە
تاڵ: وەک حەقیقەتێکی جەرگبڕ
جەرگبڕ: وەک کۆیلەکەری مرۆڤ و چەپاندنی حەزی یاخیبوون
جوانیت: وەک سەپاندنی حوکمی کۆیلایەتی ئەبەدی بەئازارە
وەک تلۆربوونەوە بەسەر سووژندا ئازادیم دەکاتە بێژنگ
یاخیبوونم پەلبەستە
هەناسەم قەتیس لە وشەیەکتدا
ڕۆحم کزۆڵ لەژێر پێی سەفەرت
قەفەسی جەستەم کەی دەشکێ؟
کەی باڵم لێ دەڕوێ؟
چۆن ئەم ڕێیانە لە منەوە تا ئاسمان درێژ دەبنەوە؟
کەی خلۆردەبمەوە باوەشت؟
چلۆن دڵم دەبێتە کانیت؟
کەی دەستم بە نەستت؟
نەستمت مینڕێژ کردووە
خەونەکانمت شێواندووە
زیندەخەوە دونیا و ئەوەی هەیە تێیدا؟
ئەم ڕێیە تا کوێ درێژدەبێتەوە؟
کەی سەرم دەگاتە شانت؟
کەی لە شەپۆلتدا دەژەنرێم؟
کەی لە باختدا ڕێی ڕوانم دەدەیت؟
کەی چاوانم دەکەیت بە مێرگوزاری ڕوانین؟
کەی کەلاوەم خاپوور دەکەیت؟
چۆن لە بەردەڵانی وجوودی منەوە ژیاویتەوە
چۆن لە سەرکەشیمەوە حیلەت دەستەمۆ کردووە؟
چلۆن بانگت بکەم و غروریم نەڕژێت؟
چۆن بتنەخشێنم و نەخشەی پەنجەم یەخسیرنەبێ؟
جوانیت پێمدا دەتەقێتەوە و دەمکاتە هەزارپارچە نۆتەی ویستنت
هەزار ئاوازی تاڵ و خەمگینی کۆیلایەتی لە تاڵی ژێی تاری سروودی نیشتیمانیم کە لە تۆوە دەست پێ دەکات و بە تۆ کۆتایی دێت ئەی سەرکردەی دیکتاتۆر و خۆشەویستم
ئەی ئەو درکاندنەی بۆ مرۆڤ گەلێک بە ئازارە
ئەی گەورەم!