ئاوڵەمە

نەورەس محەمەد | (١٩٩٧ - )

نەورەس محەمەد | (١٩٩٧ - )

October 20, 2025

نەورەس محەمەد شاعرێکی کوردە، لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٧ـە لە شاری هەولێر. چەندین ساڵە شێر دەنووسێت و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕ، شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، خاوەنی کتێبێکی شیعریشە کە ساڵی ٢٠٢٠ چاپ بووە بە ناوی شقارتە.

خوێنەری نوێترین شیعری نەورەس بن

 

 

 

ئاوڵەمە

نەورەس محەمەد

 

 

دەستی لێ بەردام
وەک ئاسمان، باران جێی دەهێڵێت،
هەوریش لەگەڵ بادا دەڕوات
وەک درەختێک، گەڵا جێی دەهێڵێت و
سەرما گەمارۆی دەدات
ئاوا دەستی لێ بەردام

وەک دەشتێک، ئاو
لە نیوەڕۆیەکی گەرمدا فەرامۆشی کردبێت….

وەک بایەکی تووش،
لەچک لە سەری ژنێکی قرچۆڵ فڕێدەدات و
ئاوڕی لێ ناداتەوە
وەک دڵبەرێک دڵدارەکەی بیرچێتەوە
ئاوا بەجێی هێشتم

ڕۆژ دەبێتەوە؛ وێنەی گێلاس دەبینم و دەگریم، کەچی دەبارم بەسەر پیاوەکەم و کچەکەمدا

وامدەزانی خەون بوو
بەڵامم دوێنێ بوو، ژوورێک کە هەموو ژنێک دەناسێ و
من نەمدەناسی، دزێوانە هەناوی دەهێنامە دەرێ

دیتم، لە چاوانم هەڵدەفڕێ…
بیر لە خودا و شیعر دەکەمەوە
دەبێ کامیان بە هانامەوە هاتبن، تا لێرە ناویان بنووسم.

ژوورەکەمم دەپێوا،
هەمتر قاچەکانم لەبەر چاوی خۆمدا دەلەرزین
شیعریش ئەم ژانەی هەرگیز دوور نەخستەوە.

شەوی هەینییە
دوو دەستی چکۆلانە دەیانەوێ لە سکم بێنە دەرێ،
پێش ئەوەی بزانم خەون نییە
هەزاران دەم لەسەر سەرم پێدەکەنن
هەزاران چاو لەسەر سەرم دەردەپەڕن و
ئەم ژانەی من نابینن!

گوتم دایە، ئەو ئاسنانەی جەرگیان هێنامە دەرێ،
کە چەند جارێک جەرگی تۆیان هێنا دەرێ
چۆن لەبیرکەم؟!
گوتی کچم؛ خەونە ڕزگاربوون لەو خەیاڵانەی
بە ئاودا چوون.