ئۆسكار میلۆش، شاعیری لیتوانی-فەڕەنسی له ٢٨ـی مەیی ساڵى 1877ـدا له مۆگیلێف-بێلاڕووس لە دایك بووه و له ساڵى ٢ـی مارسی 1939 لە تەمەنی ٦٦ـساڵیدا لە فەڕەنسا كۆچى دواییی كردووه. – باڵندە
گۆرانیى پاییز
ئۆسكار میلۆش
وه‌رگێڕانى له فرانسییه‌وه:
د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر
شه‌وان گوێ له ده‌نگى با بگره
كۆنه ده‌نگى با، ده‌نگى ماته‌مینى با
نفرینى مردووان، لانكى زیندووان
گوێ له ده‌نگى با بگره.
چیتر گه‌ڵا نه‌ماون، چیتر میوه نه‌ماون
ڕه‌ز وێران بووه
بیره‌وه‌رییه‌كانیش هه‌ر مه‌پرسه هیچ له هیچ
ئومێدیش دوور كه‌وتووەته‌وه
گوێ له ده‌نگى با بگره.
هه‌موو خه‌مه‌كانت، ئاى ماته‌مى من، بێهووده‌ن
له‌بیرچوونه‌وه وه‌ك به‌فرى شووم به‌سه‌ر گۆڕى
دۆست و دڵبه‌راندا ده‌بارێ…
گوێ له ده‌نگى با بگره.
په‌ڕۆى هاوین به دواى باى ده‌شتدا دێ،
هه‌موو بیره‌وه‌رییه‌كانت، هه‌موو ئازاره‌كانت،
له‌ناو ڕه‌شه‌باى لاڵى زه‌مه‌ن په‌رشوبڵاو ده‌بنه‌وه
گوێ له ده‌نگى با بگره.
ئه‌وه بۆ تۆیه، بۆ ماوه‌یه‌ك، ئه‌م ئاوازه‌ى
ڕۆژانى مردوو، شه‌وانى ڕابردوو…
ئێسته له یادى بكه، ئاواز ژیا، دوور كه‌وته‌وه.
گوێ له ده‌نگى با بگره.
ده‌چین خه‌ون ده‌بینین سبه‌ى له‌سه‌ر شوێنه‌وارانى
ئه‌مڕۆ، ده‌با وشه‌كانى خه‌مبارى ئاماده بكه‌ین
په‌شیمانى كه ڕۆژانه خۆى ده‌گۆڕێ
ده‌با گوێ له ده‌نگى با بگرین.