سیوسێ گوللـە

ئەحمەد عارف/شاعیری باکووری کوردستان

May 12, 2020

٧٧ ساڵ بەر لە ئێستا، لە ساڵی ١٩٤٣دا لە قەزای قەرقەلی (ئۆزاڵپ)ی سەر بە شاری وان لە باکووری کوردستان، لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی مانگی تەمموزدا بە فەرمانی ژەنەڕاڵ مستەفا موغڵەڵی، فەرماندەی فیرقەی ٣ ی سوپای تورکیا ٣٣ کەس کە گوایە “قاچاخچییەتیان بە ئاژەڵەوە کردووە” بەبێ دادگا و لێپرسینەوە، تیرباران کران.

ڕووداوەکە دوای سێ ساڵ واتە لە ساڵی ١٩٤٦ لە میدیای ئەو سای تورکیادا بڵاوکرایەوە. دوای چەندین ساڵ ئەحمەد عاریف شیعرەکە دەنووسێت، بەڵام قەدەغەی بڵاوبوونەوەی دەکەوێتە سەر و بەهۆیەوە لێدانی زۆریش دەخوات. هەر چۆنێک بووە بە پێداگری زۆری شیعرەکە بڵاودەکاتەوە و ئەو کۆمەڵکوژییە لە شیعرێکدا بۆ مێژوو هەڵدەگرێت، کە درێژترین شیعرییەتی.

ئە‌حمە‌د عارف Ahmed Arîf) کە ناوە دروستەکەی حیکمە‌ت ئۆنال (Ahmed Önal)ـە لە‌٢١ نیسانی ١٩٢٧ لە گە‌ڕە‌کی خانچە‌پە‌کی ئامە‌د لەدایکبووە و لە ساڵی کۆچکردووی ١٩٩١ ئەنقەرەی پایتە‌ختی تورکیا، شاعیرێکی بە ڕە‌چە‌ڵە‌ک کوردی باکوورە کە ھۆنراوە‌کانی بە زمانی تورکی ھۆنیوە‌تە‌وە. لە شاری ئامە‌د (دیاربە‌کر) گە‌ورە‌بووە و خوێندنی سە‌رە‌تایی لە شارۆچکە‌ی سێوەرەک دە‌ست پێکردووە و ناوە‌ندیی لە شاری ئورفا و پاشتر لە شاری ئە‌فیون حە‌سار تە‌واو کردووە. خوێندنی زانکۆی لە ئە‌نقە‌رە لە بە‌شی فە‌لسە‌فە خوێندووە و پێی تە‌واو نە‌کراوە بە‌ھۆی جموجۆڵی سیاسیی و زیندانیکردنی. ساڵی ١٩٥٠ دە‌گیرێت و دووساڵ زیندانی دە‌کرێت. بە‌رھە‌م وشیعرە‌کانی ئە‌جمە‌د عارف ئە‌گە‌رچی بە زمان تورکین، بە‌ڵام بە ھە‌ست و خوستی کوردانە ھۆنراونە‌تە‌وە و ژان و ھە‌نسکی کوردە‌واریی پێوە دیارە.

شیعرە‌کان کە بە تورکبن لە ساڵانی ١٩٤٠-١٩٥٥ لە گۆڤارە‌کانی ئە‌وسا دێنە وە‌شاندن. یە‌کە‌م پە‌رتووکی ساڵی ١٩٦٨بە ناوی ((Hasretinden Prangalar Eskittim):کە‌لە‌بچە‌کانم لە حە‌سرە‌تی تۆ داڕزاند)ناودە‌نگێکی زۆری بە دە‌ستھێنا و تا نھا چل جار چاپکراوە‌تە‌وە و وە‌رگێرراوە‌تە سە‌ر زمانی کوردی. ھە‌ندێک ھە‌لبە‌ستە‌کانی لە‌لایە گۆرانیبێژی کورد ئەحمەد کایا کراوە‌نە‌تە گۆرانی. پاش کۆچکردنی ١٩٩١ نووسین و شیعرە‌کانی کۆدە‌کرێنە‌وە کە زۆربە‌یان لە ڕۆژنامە و گۆڤارە‌کان بە پە‌رش وبڵاوی بڵاوکرابوونە‌وە لە دووتوێی پە‌رتووکێک بە ناوی (Yurdum Benim Şahdamarım: وارێ من شادە‌مارێ من) ساڵی ٢٠٠٣ چاپ دە‌کرێت کە ھە‌ندێک لە بە‌رھە‌می بڵاونە‌کراوە‌شی لە خۆگرتووە.

 

 

سیوسێ گوللـە
ئەحمەد عاریف
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: فەرهاد چۆمانی

 

 

١

ئەم چیایە، چیای مەنگەنەیە

لە ئەنگۆرەی بەرەبەیاندا، لە وان

ئەم چیایە ڕۆڵەی نەمروودە

لە سفیدەی بەیاندا، بەرانبەر نەمروود

لەلایەکت هەرەسی بەفرە و لایەکەی دیت بەیاری قەفقاس

لایەکیشت مافووری موڵکی عەجەمان

لە دوندان سەرووی بەستوو

کۆترگەلی ڕەوەک لە دەراوان

وە ڕەوێک ئاسک

پۆلێک کۆتر

نکۆڵی لە مێرخاسی ناکرێ

لە شەڕی دەستەویەخەدا نەشکان

هەزاران ساڵە تا ئەمڕۆ، ڕۆڵەکانی ئێرە

تۆ بێژە، هەواڵ بە کێ بدەین

نە ڕەوەی قوڵنگانە ئەمە

نە بورجی ئەستێرەی ئاسمان

سی و سێ دڵی گوللـەئاژنن

سی و سێ کانیلەی خوێن

ئیدی پێل نادەن

لە باخەڵی ئەم چیایانەدا قەتیس بوون

 

 

٢

کەروێشکێک لە دامێنی ئەو هەورازە هەڵدەستێ

پشت بەڵەک

بن سکی سپی چوون شیر

سەیرە، کەروێشکێکی دووگیانی کێوی

لە ترسا هەترەشی چووە

مرۆڤ پەژیوان دەکاتەوە

کات تاک و تەنیا بوو، تاک و تەنیا

سپێدەیەکی بێ کێماسی بوو

ڕووت ڕووت، بێ سووچ و تاوان

یەکێک لەو سی و سێیانە

لە بەتاڵی سکی برسی خۆی ڕوانی

سەر و ڕیشی ئاڵۆسکاو

ڕشک و ئەسپێ تێکەوتوو

بینی قۆڵەکانی بریندارن

مێرخاسێکی دڵدۆزەخی

لە کەروێشکێکی سەمەرە

لە ڕابردوو

 

فیلینتا(١) نازەنینەکەی هاتەوە بیر

لەژێر سەرینەکەیدا زیز

ئەو جوانووەی کە لە دەشتی حەران هێنا بووی، هاتەوە یادی

یاڵەکەی مینای شینی پێوە

سێ پەڵەی سپی

بە ئەنییەیەوە

خۆشڕەو و چاپووک و لەزگین و باریکەڵە و

ئەسپی ڕەنگ مەرەزی سەگڵاوی

دەتگوت دەفڕێت، کاتێک بەبەردەمی هۆزاتدا تێدەپەڕی!

وەلێ ئێستا، وەها بێچارە و وەها گرێدراو

ئەگەر لوولەیەکی وەها سارد بەدوایەوە نەبوایە

دەیتوانی خۆی لە بەرزاییان پەنا بدات…

 

ئەم چیایانە، برا چیان، چارەنووسی وی دەزانن

سەرەتا خودا و دواتر ئەم دەستانە هەرگیز مرۆڤ

 شەرمەزار ناکەن

لە خۆڵەمێشی جگەرەی داگیرساودا،

لە کەوانی زمانی ماری قۆچدار، کە لەبەر تیشکی خۆر دەدرەوشێتەوە

لە یەکەم پللێدان، دەیئەنگاوت

بەو دەستە کارامەنە…

 

ئەو چاوانە هەرگیز بە هەڵە سێرەیان نەگرتووە

لە قیامەتی ئەو گەرووانەی چاوەڕێی هەرەسی بەفر بوون

لە بەخیلی نەرمایی گوێی بەفراوی

لە هەڵدێری

ئەو چاوانەی پێشبینی دەکەن…

بێچارە،

دەپێکرا

فەرمان هەر دەکرا

ئیدی با خشۆک و کەلاکخۆرەکان تەرمەکانیان بخۆن…

 

 

٣

من پێکراوم

لەنێو گەرووی چیایەکی تاک و تەنیادا

دەموساتی نوێژی سپێدە بوو

ئیدی من لەنێو خوێنی دەڵاومدا دەخەوم

 

ئەز پێکراوم

خەونم لە شەو تاریکترە

ئیتر کەڵکی هیچم نەماوە

بێ ئەجەل گیانم دەسەنن

جێم لەنێو پەڕتووکاندا نابێتەوە

پاشایەک بە ئاماژەیەک فەرمانی داوە

من کوژراوم، بەبێ دادگا، بێ لێپێچینەوە لێم

 

یارۆ دۆخی من هەر ئاوا بنووسە!

بەڵکە بە چیرۆکێکی دەزانن

گوڵی مەمک نەبوون

گوللـەی کوژەر بوون

پارچە پارچە لەنێو دەمماندا…

 

٤

فەرمانی کوشتنیان بەجێ هێنا

تەمی چیای شین

وە بای تاریک و ڕوون

منیان لە خوێن وەردا.

دواتر هەر لەوێ تفەنگەکانیان پێکهەڵپەساردن

بەرک و باخەڵیان کۆڵینەوە

زوێڵ(٢) زوێڵیان کردین

شاڵە ئاڵە کرماشانییەکەم

تەسبیح و قوتووی جگەرەکەمیان برد و ڕۆیشتن

هەمووشیان دیاری عەجەمان بوون…

 

ئێمە یارۆی یەکدین، براین، هاوخوێنین

لەگەڵ گوندەکانی هاوسێ، بە هۆبەکانی ئەوانەوە

ژنخوازیمان هەیە، بە درێژایی هەزاران ساڵ

ئێمە هاوسێین، دەرکەمان لە دەرکی یەکدایە

مریشکەکانمان تێکەڵی یەک دەبن، بە نەزانینەوە نا

لە هەژاریمانە

دڵمان بە پاسەپۆرت خۆش نەبووە

هەر ئەمەیە تاوانی کوشتنمان

ئیدی ناومان بە جەردە

قاچاخچی

ڕێگر و چەتە و خاین دەڕوات…

 

یارۆ خەیاڵەکانم دروست وەها بنووسە

بەڵکە بە چیرۆکێکی دەزانن

گوڵی مەمک نەبوون

گوللـەی کوژەر بوون

پارچە پارچە لەنێو دەمماندا…

 

٥

لێدەن هەرچینە لێدەن

من هەروا بە ئاسانی نامرم

من پشکۆی ژێر خۆڵەمێشم

هێشتا قسەگەلێکم دە دڵدان بۆ ڕەوشناسان

باوکم چاوەکانی لەبەردەم ئورفا بەخشین

سێ براکەیشی

سێ سەرووی نازەنین

سێ زناری چیای لە ژیان تێرنەبوو

بێ مراز لە بورج و گرد و منارەکان

کاتێک منداڵی یارۆیان، هی خزمان، زارۆیانی چیا،

لە دژی گەمارۆی فەرەنساییەکان بەرخودانیان دەکرد

خاڵە بچووکەکەم؛ نەزیف

کە تازە سمێڵی ئارەقگیر دەبوون

کەشخە

نازەنین

سوارچاک و پاک

گوتبووی؛ لێدەن براینە لێدەن!

ئەمڕۆ ڕۆژی نامووسە

وایگوتبوو و ئەسپەکەی خستبووە سەر پاشوویان

 

یارۆ خەیاڵەکانم دروست وەها بنووسە

بەڵکە بە چیرۆکێکی دەزانن

گوڵی مەمک نەبوون

گوللـەی کوژەر بوون

پارچە پارچە لەنێو دەمماندا…

 

 

 

١-جۆرە چەکێکە

٢-دڕاندنی پارچە قوماش بۆ پارچەی بچووکتر پێی دەگوترێ زوێڵ.