هەموو شتەکان دەمرن

ئاڵفرێد لۆرد تێنیسن/شاعیری بەریتانی

February 23, 2022

ئاڵفرێد لۆرد تێنیسن (١٨٠٩-١٨٩٢) یەکێک بووە لە شاعیرە ناودار و دیارەکانی سەردەمی ڤیکتۆریا لە بەریتانیا، بگرە زۆربەی جارەکان بە نوێنەری شاعیرانی وێژەی سەردەمی ڤیکتۆریا هەژمار دەکرێت. لە ساڵی ١٨٥٠ پلەی شاعیری شاهانە وەردەگرێت و تا مردنی لەو پلەیەدا دەمێنێتەوە. لە ٦ـی ئۆکتۆبەر، لای کاتژمێرێک دوای نیوەشەو، بە هۆی نەخۆشییەوە گیانی بە مەرگ دەسپێرێت، هاوکات دەستەکانی کتێبێکی کراوەی کارەکانی شەیکسپیریان هەڵگرتبوو لەژێر ڕۆشناییی تریفەی مانگدا، جێخەوەکەیشی بە خانەوادەکەی دەورە درابوو. هەزاران ماتەمبار بەشداری پرسەکەی بوون. مەرگی لۆرد تێنیسن تەواوی شاری لەندەنی هەژاند.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

هەموو شتەکان دەمرن
ئاڵفرێد لۆرد تێنیسن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کامۆ ئاراز

 

 

خوڕەی تەوژمی ڕووبارە شینەکە بە ڕوونی دەزرینگێتەوە
لەژێر چاوەکانم؛
گەرموگوڕ و بە فراوانی بایەکانی باشوور هاژەیانە
لەسەروو ئاسمان و گیانم.
یەک بە دوای یەک هەورە سپییەکان کەشتیگەلئاسا گەشت دەکەن؛
هەموو دڵەکان بەم بەیانییەی جۆزەردانە لە خۆشیدا لێ دەدەن
بەوپەڕی شادومانییەوە؛
کەچی هەموو شتەکان دەبێت بمرن.
سەرچاوەی کانی وشک دەبێت و خوڕە ناکا؛

باهۆزی باشوور مات دەبێت و چیدیکە هەڵناکا؛
ئیدی لەنگەری هەورەکان ڕادەگرن کەشتیوانی؛
دڵەکانیش دەوەستن لە ترپەترپ و گۆرانی؛
ئاخر هەموو شتەکان دەبێت بمرن.

 

هەموو شتەکان دەبێت بمرن.
هەرگیز بەهار نایەتەوە ئەم جێیە
ئۆ، پووچی!

مەرگ لە لای دەرگەکەوە چاوەڕێیە.
تۆ ببینە! هەموو هاوڕێیانمان وازیان هێناوە
مەی بنۆشن و کەیفوشادی بکەن تا کات ماوە.
ئێمە وا بانگ دەکرێین— دەبێت بڕۆین.
سیس و لاواز، سیما زەرد و دەستخەڕۆین.
لە تاریکیدا دەبێت لێی ڕۆنیشین.
ساتە شادەکان وا لە جووڵە کەوتوون؛
دەنگی باڵندەکان چیدیکە نابیسترێن،
هاژەی بای سەر گردەکەش ون.
ئاخ، پەژارە!
گوێ بگرن! بانگهێشتنامەی مەرگ جاڕ دەدا
کاتێ لەگەڵتان دەدوێم،
شەکەتی شەویلگەم بۆ خوارەوە کێش دەکا،
کوڵمی ئاڵم سپی هەڵەگەڕێ

پەلی بەهێزم پەکی دەکەوێ؛
سەهۆڵ لەگەڵ خوێنی گەرم تێکەڵ دەبن
گلێنەی چاوەکان لە جێی خۆیان جێگیر دەبن.
نۆ جار زەنگی کڵێساکە دێت و دەچێ ئاوا:
ئەی ڕۆحە شادەکان، ماڵئاوا.

 

زەوی دێرین
هەیبووە لەدایکبوونێ،
هەروەکوو هەموان دەزانن،
سەردەمانێکی زۆر پێش ئێستا.
زەویی بەساڵاچوویش دەبێت بمرێت.
سا لێگەڕێ بایە گەرموگوڕەکان هەڵبکەن،
شەپۆلە شینەکانیش خۆیان لە کەنارەکە بدەن؛
ڕۆژ و شەوان
چیدیکە هیچ نابینیت
بۆ هەتاهەتا.
هەموو شتێک لە دایک بووە.
چیدیکە ئێوە بوونتان نابێت،
ئاخر هەموو شتەکان دەبێت بمرن.

 

 

سەرچاوەی شیعرەکە بە ئینگلیزی:
https://www.bartleby.com/361/55.html