گەنج وەک بەیانی، پیر وەک زەریا

مایکڵ دەیڤد ڕۆسنبێرگ، شاعیر و گۆرانینووسی بەریتانی

November 22, 2018

 

 

مایکڵ دەیڤد ڕۆسنبێرگ، میوزیسیان، شاعیر و گۆرانینووسی بەریتانی، لە ١٧ـی مەی ١٩٨٤ـدا لە برایتۆن لە دایک بووە. ئەو زیاتر بە (پاسنجەر) ناسراوە. لەم شیعرەیدا، ڕوون، کورت و شیرین، دەپەرژێتە سەر مەیلە سادە و شیعرییەکانی خۆی، لەو ماوە کورتەی هەیەتی، کە هێندەی تەقینەوەی یارییەکی ئاگرین درێژە. وەک شتێک بیەوێت دەرفەتەکە بقۆزێتەوە، کە ڕوون نییە دەکرێت یان نا. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

گەنج وەک بەیانی، پیر وەک زەریا
مایکڵ دەیڤد ڕۆسنبێرگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

 

 

 

دەمەوێت نزیک دەریاچەیەک پاڵ بکەوم لە نەرویج
دەمەوێت بەناو کێڵگەیەکی سەوزی سویددا پیاسە بکەم
دەمەوێت دارستانەکانی فینلەندا ببینم
دەمەوێت بە بەلەمێک بە دەریای بەڵتیکدا گەشت بکەم

 

 

دەمەوێت هەست بە زستانی ڕووسیا بکەم
دەمەوێت بچم بۆ ماڵی داپیرەیەکی پۆڵەندی
دەمەوێت فانۆسە هەنگارییەکان ببینم
دەمەوێت بەسەر ئەو شەقامەدا پیاسە بکەم کە دەچێتەوە ڕۆم

 

 

دەمەوێت ئازاد بم، وەک ئەو بایەی بە لامدا ڕادەگوزەرێت
دەمەوێت ڕوون بم، وەک ئەو هەوایەی هەڵیدەمژم
دەمەوێت گەنج بم، وەک بەیانی
دەمەوێت پیر بم، وەک زەریا

 

 

دەمەوێت لە بەرزایییەکانی سکۆتلەندا و

لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای ئەیرلەندا و

شنەباکانی کۆرنیشدادا خۆم ون بکەم

 

 

دەمەوێت لەژێر تیشکی هەتاوی ئیسپانیادا پشوو بە ئێسکەکانم بدەم
کەناراوەکانی ئیتاڵیا بانگم دەکەن
دەمەوێت ئازاد بم، وەک ئەو باڵندانەی بە لامدا دەفڕن
دەمەوێت بدرەوشێمەوە، وەک ماسییەکانی دەریا
دەمەوێت ژیر بم، وەک چیاکان
دەمەوێت باڵا بم، وەک درەختەکان

 

 

دەمەوێت ڕووناک و درەوشاوە بم، وەک هەتاو
دەمەوێت پڕ و دڵخۆش بم، وەک مانگ
ژیانم کورتە، وەک ئەو یارییە ئاگرینانەی لە ئاسماندا زوو لەناو دەچن