زەهایمەر

شانۆ بەکر | (١٩٩٩ - )

شانۆ بەکر | (١٩٩٩ - )

April 21, 2025

شانۆ بەکر محەمەد ساڵی ۱۹۹۹ لە سلێمانی لەدایکبووە. خوێندکاری کۆلێژی پزیشکی ڤێتەرنەرییە. لە تەمەنی ۱٥ ساڵییەوە خەریکی وەرگێڕانە، چەندین شیعر و چیرۆک و فیلم و وتاری ئەدەبی وەرگێڕاوە و لە گۆڤار و ماڵپەڕەکاندا بڵاو بووەتەوە. 

 

 

زەهایمەر

شانۆ بەکر

 

 

 

خۆشەویستەکەم
خۆشەویستە کۆنەکەم
ناوت چی بوو؟
ناوت کە زۆر درەوشاوە بوو
پێستت چی ڕەنگێک بوو؟!
پێستت کە هەزار جار ڕووت بوو،
کە هەمیشە لای من ڕووت بوو!

***

تۆ خەندەیەکی جوانیشت هەبوو
دەبینی؟ هەموو شتێکم لە یاد نەکردووە !
تۆ پشیلەت هەبوو
بەڵام سەگ نا، سەگم بیر نایەت…
خۆشەویستە بەهارییەکەم
خۆشەویستە زۆر کورتخایەنەکەم
تۆ یەکەم خۆشەویستی من بوویت بەڵام،
چاوت چی ڕەنگێک بوو؟

***

خۆشەویستم
ناوت بە حەرفی “د” یان “ی”،
یان شتێکی تر دەست پێ دەکات؟
دەزانم حەرفێکی جوان بوو،
بەڵام من ئەو حەرفە جوانەم بیر نایەتەوە…

***

وێنەیەکت بە دیواری ژوورەکەمەوە هەڵواسراوە
من و تۆین لە چەمەنێکداین
بزەیەک دەمگرێت
لەپڕ دنیا تاریک دەبێت
سەرم… ئاهـ، سەرم ژان دەکات
بۆچی ناتوانم ناوەکەت بڵێم!

***

ئەم ژوورە
ئەم خانووە
ئەم شارە
کە پێم دەڵێن تێیدا گەورە بووم
بەڵام من نایناسم.
پێم دەڵێن ئەوە منم لەسەر شۆستەکانی
ئەوە منم لە باخەکانیدا
بە بەدلەیەکەوە و بە منداڵی؛ لە ئاوەکانیدا
پەنجە درێژ دەکەن بۆ وێنەیەک
لە باوەشی ژنێکی نەناسراودا
گوایە منم لە باوەشی دایکمدا!
بەڵام دایکم ناوی چی بوو؟!

***

پێم دەڵێن ئابڕووی خێزانەکەمم بردووە
چونکە لە میوانی بووین و هاوارم کردووە
بەڵام ئەو ژنە دەیویست بمخنکێنێت!
کەچی کەس باوەڕ ناکات
پێم دەڵێن نابێ هاواریش بکەم!
تۆ چی دەکەیت گەر کەسێک پەلامارت بدات؟!

***

کاتێک خەمۆکی هێرشم بۆ دەهێنێت
ڕەخنەم لێ دەگرن کە لاوازم
کاتێک دڵخۆشم پێیان وایە زیادەڕەوی دەکەم
کاتێک بێدەنگ دەبم
ڕەخنەم لێدەگرن کە بەشداری پرسەکان ناکەم
کاتێک قسە دەکەم
پێیان وایە شتانێکی بێمانا دەڵێم
کاتێک دەترسم نابێ پیشانی بدەم
کاتێک ئەو ژنە دەیەوێ هێرش بکاتە سەرم نابێ هاوار بکەم
لە هەمووی خراپتر مافی ئەوەم نییە چیتر پرسیاری ناوی تۆ بکەم
بۆیە لە یەزدان دەپاڕێمەوە کە پێم بڵێت
ناوە جوانەکەت چی بوو؟!

***

دوێنێ ئاژاوەیەک دروست بووە
خێزانەکەم دەیانەوێ فڕێم بدەن
دراوسێکان دەیانەوێ فڕێم بدەن
جێخەوەکەم دەیەوێ فڕێم بدات
حکومەت دەیەوێ فڕێم بدات!
گوایە من ئاژاوەکەم ناوەتەوە
بەڵام کام ئاژاوە؟!

***

متمانەم بە خۆم نەماوە.
هەست دەکەم خۆم لەدەست دەدەم.
ناتوانم بخەوم.
شەوان ورچێکی ڕەشی خەمۆک لەسەر دڵم دادەنیشێت.
لەناکاو تووڕە دەبم و شتەکان دەشکێنم
لەپڕیش باش دەبمەوە و هەمووانم خۆش دەوێت!
هەندێک ڕۆژ جەستەم ئازارم دەدات، بەڵام ناتوانم دەریببڕم!
هەست بە شەرمەزاری دەکەم.
لە داهاتوو دەترسم.
لە شوێنی نوێ و کەسی تازە دەترسم.

***

کچۆڵەیەک لە تەنیشتمەوە بۆڵەبۆڵ دەکات
دەڵێم: بۆچی وایت؟
پێم دەڵێت: 10 جار پرسیارم لێ کردووە کە ئەو کێیە!
کەچی هێشتا نازانم ئەو کێیە…

***

دەمەوێ هاوار بکەم
بەڵام نازانم بۆچی!
دەمەوێ بگریم
بەڵام هۆکارەکەیم بیر نییە!
تەنیا هەست بە بۆشاییەک دەکەم
کە ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت…

***

لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا هەمووان بیرەوەرییان هەیە
هەمووان چیرۆکیان هەیە
هەمووان لە چیرۆکی یەکتریدا هەن
من نەبێ ونم!
مرۆڤێکم بێ چیرۆک
مرۆڤێکم بێ مێژوو
وەک منداڵێک لە دارستانێکدا بە تەنیا و خودا بەفر ببارێنێ بەسەریدا
بێ پاڵتۆ
بێ کڵاو
هەمیشە لە کۆبوونەوەکاندا ڕەقهەڵدێم!
سەرمامە لە گەرمترین کۆڕەکانیاندا!
دەمەوێ بگریم لە کاتی قاقای ئەوانی تردا…
من مرۆڤێکم بێ ڕابردوو!
وەک خاکێک دیمۆگرافیاکەی بگۆڕن
وەک گەلێک زمانەکەی بسڕنەوە
دەسڕدرێمەوە…

***

خۆشەویستەکەم ناوت چی بوو؟
ناوت کە وێردی سەرزمانم بوو
ناوت کە ترۆپکی ئارەزووەکانم بوو
ناوت کە شیعرترین شیعری دنیام لێ دەنووسییەوە
ئێستاش وەک پێغەمبەرێک خودا پشتی تێ کردبێت، بۆ ناوت پەرێشانم
ئەی ئەوەی ناوت گوڵزار و باخی بەهەشتم بوو
ئەی کە ناوت هیوا و خەونی تەمەنم بوو
وەرە و تەنیا ناوتم پێ بڵێ
لەسەر ئەو شەقامانەی دەبوورێمەوە
وەرە و ناوت بچرپێنە بە گوێمدا تا بەخەبەر بێم.

***

خۆشەویستەکەم چاوت چی ڕەنگێگ بوو؟
چاوت کە لە بیابانەکاندا ئەستێرەی ڕێنیشاندەرم بوو
چاوت کە لە ئەشکەوتەکاندا ئاگرم بوو
ئەی ئەوەی چاوت خشڵی نووسینەکانم بوو
ڕەنگی چاوت مرواریی ناخی دەریاکان
ئەی ئەوەی هیچ کەس چاوت لەبیر ناکات منی بەدبەخت نەبێت!
چاوت چی ڕەنگێک بوو؟!

***

شەو بوو
لە ناوەڕاستی شەقامێکدا خۆمم بینییەوە
دەمزانی منداڵەکان لە باوەشی دایکیان دەخەوتن
گەنجەکان لە ئامێزی دڵدارەکانیان دەخەوتن
من…
لەسەر شەقامەکە دەڕشامەوە!
کەدەستم بە دیوارەکەدا هێنا
زبری ژیانم بیرهاتەوە
کە شۆستەکە قاچی شین و مۆر کردمەوە
ئەوسا زانیم دونیا ساردە
بەڵام لە کوێ بوون پێڵاوەکانم؟!

***

دایکم دەڵێت:
ئەو ڕۆژانەیم بیرە، ئەوانەی تیایدا ژینی بە جەژنێک دەزانی،
هەموو کات پیرۆزبایی لە هەموو خەڵک و هەموو شت دەکرد:
‏(ئاسمان، بەردەکە، کتێبەکە، پیاوە سەوزەفرۆشەکە…
هێی جەژنتان پیرۆز بێت).
‏ئێستا بێدەنگە،
زۆر بێدەنگە…

***

ئەی ئارامی…
ئەی خوداوەندی ئارامی
حەبەکانم
پزیشکەکانم
من بە دەنگی تەنیایی خۆم ئەم غەزەلە دەڵێمەوە
من لەگەڵ خۆم ناگونجێم
نامۆم بەم ئازارە
کە خۆمم!

***

بێهیوام کاتێ
بەزەیی، پێکەنین، منداڵ
دەبینم.
بێهیوام کاتێ
خەڵکی دەربارەی هیوا
دەپەیڤن.
شیعرەکانم نەیانتوانی ڕزگارم بکەن
پزیشکەکانم نەیانتوانی ڕزگارم بکەن
تەنانەت گوڵەکانیش…
نەیانتوانی ڕزگارم بکەن.

***

لە پەنجەرەکەوە تەنیا ڕەنگێکی خۆڵەمێشی دەبینم
کاتژمێرەکەم وەستاوە
لە جیهانێکدا کە بیرەوەرییەکانی دەمرن
گریانم بۆ ناوێکە!
ناوی تۆ…
کە لە مندا مرد!
ئازیزەکەم…
لەوپەڕی شارێکی دوورم،
شارێکی سەخت،
بێئارام…
ناوت دەتوانێ ڕزگارم بکات
بەڵام ناوت چی بوو؟!

***

بێدەنگییەک دروستم دەکاتەوە
زیادتر لە هەموو هاوارەکانی دروونم
دەمهەژێنێ!
لە ئاوێنەکەدا تەماشای ژنێک دەکەم
ژنێک کە منم!
من کێم؟!
ناوم چییە؟!
لە چاوەکانی خۆم دەترسم!
لە نیگای خەمۆکم دەترسم!

***

ناوی باوکمم لەبیر کرد
ناوی دایکمم لەبیر کرد
ناوی شارەکەمم لەبیر کرد
ناوی کچەکەمم لەبیر کرد
تەنانەت ناوی خۆشمم لەبیر کرد
هیچیان ئازارم نادەن…
جگە لە ناوی تۆ
کە لە پێکهاتەمدا نەما، خۆشەویستم…