ئیسماعیل سابیر | (١٩٩٤ -)
April 25, 2025
ئیسماعیل سابیر، شاعیر و پارێزەر، ساڵی ١٩٩٤ لە ناحیەی گوێڕ لە دایک بووە، لە هەولێر دەژی. ماوەی چەند ساڵێکە دەنووسێت و سەرلەدووی زمان و دەربڕینێکی تایبەتە کە بتوانێت دنیاکەی خۆی پێ دەربڕێت. تا ئێستا خاوەنی دوو کتێبی شیعریییە بە ناوی “سۆراغ بۆ شیوەنێکی نەبڕاوە ٢٠٢٠” و “هەوری مات٢٠٢٤” . خوێنەری نوێترین شیعری ئیسماعیل سابیر بن
ئیسماعیل سابیر
ئەو ڕۆژەی کە وەک بێچارەكان
دونیایان لە پارچە کاخەزێکدا لێ بچووک كردییهوه
مامۆستاکان چونکە نەخوێندەوار بوون
دەربارەی خۆسەپاندن هەر هێندەیان دەزانی
بنهڕێنن.
تۆش تەنیا لەبەر ئەوەی دوا ساڵی خوێندنت بوو
لەتەنیشت پەنجەرەی کافتریاکە
سەبارەت بە ستەم و نادادپەروەریی
لهودیو ههڵمی كوپه چایهكهوه
له كچه مهكربازهكانت دهڕوانی
بێ کەس و بێ پشتیوان بۆیه دانیشتی
سەرەڕای ئەوەی کە زۆر پهست بووی
ئهو ڕۆژە
تۆ ئهگهرچی ئاهێکی زۆرت هەڵکێشا و
بهڵام هیچ قسەیەکت بۆ هیچ كهسێك نەکرد.
بە برینداریی ڕۆژێک نیگاری خەونەکەت تەواو کرد و
چونکە لە هیچ شوێنێک نمایش نەکرا
تابلۆی ژیانت كه هێنده پڕ ئێش بوو
بۆیه تۆ ئەگەر هاتیتە سەر شەقام و
هاوارت کرد
کەس وەڵامی داواکارییەکانتی نەداوە
بمبەخشە.
ئەگەر لە خۆپیشاندانەکان تەنیا مایتەوە و
هێندە بە تووڕەبوون
باسی ماف و جوانیت کرد
پۆلیسەکان بۆیە دەستدرێژیان کردە سەرت و
زامداریان کردی
من شەرمم لە خۆم کرد
ئەگەر لە شارەکەی خۆت
هەرکات دەچوویت بۆ گەشت و سەیران
لە بازگەکان خەڵکانێک هەبوون
پێکەنینیان لێ ڕادەگرتی و
بە فیشەک خۆیان بادەدا.
بمبەخشە
ئەگەر لە کارەکەت دەرکرای و
پارەی کرێی خانووت نەدا
ژن و منداڵەکانت چونکە داوای پارەیان لێ کردی و
تۆش بۆ ئەوەی هەست بە شەرمەزاریی زیاتر نەکەیت
هەستای چووی ماڵ و گهڕەکەكهت چۆڵ کرد.
بمبەخشە
ئەگەر بە درێژاییی شەوان لەناو جێگا تلایتەوە و
لەجیاتی خۆنووساندن بە سەرین
بیرت بۆ نامهیهكی نههاتووی من چوو.
کە لە شەقام خەیاڵت رۆیشت و
کەسێک نەبوو دەستەکانت بگرێت
ئۆتۆمبێلەکانیش یارمەتی پەڕینەوەیان نەدا
یان ئەگەر شکاندیانەوە سەرت
تۆش لەبەر ئەوەی تاقەتی هیچت نەبوو
ئەو ڕۆژە ڕاوەستای و هیچت نەگوت.
ئەگەر بە پرسیار و لێپێچینەوەی بێمانا بریندار کرای و
حەسرەتی زۆرت کێشا
بۆ ئەو کەسەی خۆشت دەویست
تهمهنت ههڵكشاند و
بهدرێژایی تهمهن
ئاو و چایەت بۆ مێوانهكانت گێڕا
بەڵام لهبهر ئهوهی دڵت لە خوازبێنییەکانت ڕەق بوون و
بۆ ههمیشه چاوەکانت ئهگهر هیچیان نەبینی
بمبهخشه
بێجگە لە من
بە هیچ کەسێک چونكه تۆ ڕازی نەدهبوویت.
بمبەخشە
ئەگەر لە کەشێکی ساف و خۆمانە نەچوویت بۆ پیاسە
چونکە دڵت لە باران و درەخت و باڵندە شکا
ئەگەر قوڕگت ئێشا و
گۆرانییەکان چونکە زامی تۆیان تیمار نەکرد
ئەگەر دڵت تەنگ بوو،
شەوێک بۆ حاڵی شیعرێكم
فرمێسک بە چاوەکانتدا هاتە خوارەوە،
منیش ئەگەر نەبووم
لهو دوورانه
تا بێم و حهتمهن
شان به شان
لە پاڵتدا بگریهم.