بۆگەنی جەنگ

جوان نەبی | (١٩٨٣ - )

جوان نەبی | (١٩٨٣ - )

July 24, 2024

جوان نەبی نووسەر و شاعیر و وەرگێڕ و ڕۆژنامەوانێکی کوردە، ساڵی ١٩٨٣ لە شاری قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان هاتووەتە دنیاوە و هێشتا نیشتەجێی ئەوێیە. ساڵی ٢٠٠٧، بەشی یاسای لە زانکۆی حەلەب تەواو کردووە. ساڵی ٢٠٠٣، دەستی بە بڵاوکردنەوەی نووسینەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا کردووە. چوار کۆمەڵە شیعری بڵاو کردووەتەوە، لەوانە: وەک گوللەیەکە نەتکوژێت (٢٠١٤) کە ئەم دەقانەی لێ هەڵبژێردراوە. شیعرەکانی بۆ عەرەبی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، هندی و تورکی وەرگێڕدراون، هەنووکەیش بە ئاگاداریی خۆی بە کوردیی ناوەندی (سۆرانی) داڕێژراونەتەوە.

 

 

 

 

 

١٠ هۆنراوەی جوان نەبی
لە کورمانجییەوە: ژیار هۆمەر

 

 

 

شێتەکەی شار

شێتەکەی شار بە تەنیا ماوەتەوە،
پێخاوسە، شەو ساردوسڕە، گوللـەبارانە…
سا سڵ لە چی بکاتەوە؟!
نە منداڵێکی هەیە،
نە مەملەکەتێک جگە لەم شارە،
کەوتووەتە پەلەقاژە!
بەسەر ئەوانەی شار جێ دەهێڵن دەقیڕێنێت،
وەک ئەوەی پاشماوەی ئەقڵیان لەگەڵ خۆیاندا بردبێت،
جگەرەی لێ بڕابێت!
لە بەر باران دەقیڕێنێت،
لە چۆڵەوانییەکەی دەوروبەری دەڕوانێت،
لە ڕێگاوبان،
لە شار،
نزیکترین سەیوان هەڵدەبژێرێت و
وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت ڕادەکشێت!

 

 

قاوەخانە

قاوەخانەکەی شار چەند چۆڵە!
شەوی دیکە
مێزێکی چۆڵت نەدەبینی،
نە کارەکەرێکیش
مێزەکەت بە پەڕۆکەی پاک بکاتەوە،
بەر لە قاوەخواردنەوە.
ئەو قاوەخانەیەی تەلەڤیزۆنی هەڵ نەدەکرد
گەر ڕیاڵ مەدرید
لەگەڵ بەرشەلۆنەدا یاریی نەکردبایە!
ئێستا تەنێ کارەکەرێکی لێ ماوە،
هەواڵ بە هەواڵی تەلەڤیزۆنەکە
بە پەڕۆکەی پاک دەکاتەوە،
هەواڵ بە هەواڵ
بەرەو مێزەکان ڕادەکات و
کەس نابینێت بانگی بکات…

 

 

جەنگ

جەنگ بەیانیان ڕادەوەستێت،
دەتوانییت گوێ لە شۆپان بگریت
گەر کتوپڕ لە دەستەچەپی شار تەقینەوە ڕوو نەدات،
بناغەی شار هەڵنەتەکێنێت،
لەگەڵ خواستی شێتبوونەکەیشت.
دەتوانییت گوێ لە فەیرووز بگریت،
تەمبوورەکەی لاوێ ڕەمۆ زیاد بکەیت،
گۆڤەندێکی گەرم و کوردانە بگێڕیت.
جەنگ لەگەڵ شەودایە، پێم گوتیت،
بڕوانە ژنان جلی شۆردراوی مێردەکانیان
بە تەل و تەنافدا هەڵدەواسن.
بڕوانە، بۆگەنی جەنگ دەڕەوێتەوە،
پیاوان تفەنگەکانیان پاک دەکەنەوە،
چاکەیان دەخۆنەوە.
بڕوانە منداڵان، قەوانەگوللـەی بەتاڵیان لە جادەوباندا نەهێشتووە،
ئەمە یارییە نوێیەکەیانە،
منیش وەک منداڵێکی تێکچووم،
کەمتر لە هەموو هاوڕێکانم
گوللـەی بەتاڵ کۆ دەکەمەوە!

 

 

شەهید
(بڕگەیەک)

منیش شەهیدم،
وەک زۆربەی هاوڕێکانم
هیچ جێیەک بۆ ناوم لە ڕیزی هەواڵەکاندا نەماوە،
هیچ هەڵبەستێک تەرمەکەم هەڵناگرێتەوە،
هیچ سترانێک…

من شەهیدم،
ناوم
لە زریکەی دواڕوانینمدا وشک هەڵگەڕاوە…

 

 

هۆتێل

هۆتێل لە شار هەبوو،
دەرگاکانیان وەک دڵی شار کراوە بوو،
وەک شار
لە ڕۆژانی ئاشتیدا میوانیان بانگ دەکرد،
لە دوووووورەوە…

ئەو هۆتێلانەی بە ئاگری جەنگ داخراون،
هۆتێلە تاریکەکان
ئەمشەو یەک بە یەکیان
بە گوللـە دەبژێریت،
ئەو میوانانەی شار وا چیدی نایەن دەبژێریت،
هاوڕێ نەڕۆیشتووەکانت،
حەسرەتەکانت…

سەرلەبەری شار لە جەنگدا هۆتێلکە.
بە خۆت دەڵێیت.
سەرلەبەری ژیان لە جەنگدا هۆتێلێکە…

 

 

شاعیر

شاعیر خۆی بۆ جەنگ ئامادە دەکات،
دەبینێت هێشتا پەنجەی پێوە ماوە،
دەبینێت هێشتا دڵی لە لێدان نەکەوتووە،
بە بارینی گەواڵەهەورێک هێشتا دەگریێت،
هێشتا بەهاران دەپشکووێت و،
لە چاوی منداڵان دەڕوانێت، لە چاوی شار…

شاعیر بەرەو کوێ هەڵبێت؟
تەقینەوە لە کوێ بێت دڵی لەوێیە،
ئەوەی بمرێت شاعیرە.
فرمێسک بە فرمێسک ئاوا بە شیعرەکەی دەڵێت…

شاعیر شار دەکاتە تورەکەکەیەوە،
خەمگینانە بەرەو شیعرەکەی دەبێتەوە،
لە نیوەی ڕێ ڕادەوەستیت و
تورەکەکەی جوان گرێ دەدات، ئەرخەیان دەبێت.
شاعیر دەترسێت شاری لێ بکەوێت…

 

 

وڵاتەکەم

ئێستا هەموو شارەکانی وڵاتەکەم دەناسم،
هەموو ناوچەکان،
هەموو گوندەکان،
مشتەنوور بۆ نموونە،
گەر لەگەڵمدا سەر پاس بکەوێت
کرێیەکەی بۆ دەدەم
ئێستا ئێمە هاوڕێین، خوشک و براین…

ئێستا هەموو شارەکانی وڵاتەکەم دەگرین،
هەموو ناوچەکان،
هەموو گوندەکان،
کۆبانی بۆ نموونە،
سەری لەسەر سنگی قامیشلۆ داناوە
و بە دەسڕەکەی
فرمێسکی شەنگال دەسڕێتەوە…

 

 

سەگوەڕ

شەوانە وەڕەوەڕی سەگی
بەرەڵڵای سەر جادە ناتترسێنێت…
سەگوەڕ
پێت دەڵێت خەڵک خەوتوون…

 

 

بەختەوەری

چەند بەختەوەرن
ئەو منداڵانەی بە ناڵەی تۆپ دادەخورپێن،
چەند بەختەوەرن
ئەو باوکانەی هاواری منداڵەکانیان دەبیستن
و لە ئامێزیاندا
دەڕواننە چاوی هێشتا کراوەیان…

 

 

دواهەڵبەست

وەک گوللـەیەکە نەتکوژێت
وەک گوللـەیەکە نەتکوژێت
تا هەموو ڕۆژێک بمریت…