بۆ ئۆفیلیا و دێزدەمونا و نورا… ژنە هەمیشەییەکانی ناو ژیانم

ڕاهۆز کامەران | (١٩٩٤ - )

ڕاهۆز کامەران | (١٩٩٤ - )

March 27, 2025

ڕاهۆز کامەران لە شاعیرانی نوێی کوردە. لەدایكبووی ١٩٩٤ـە لە شاری سلێمانی و بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی و کۆلیجی سینەمای لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. هەروەها لە (فێستیڤاڵی گەلاوێژ)دا خەڵاتی شیعری بردووەتەوە. خاوەنی کۆمەڵە شیعرێکە بە ناوی (ئاژاوەی بێدەنگ) کە ساڵی ٢٠٢٢ چاپ بووە.

 

 

 

 

 

بۆ ئۆفیلیا و دێزدەمونا و نورا… ژنە هەمیشەییەکانی ناو ژیانم

ڕاهۆز کامەران

 

 

 

کات
دەوەستێت
لە دەستەکانی ئێمەدا،
کاتێک وشەکان دەست دەکەن بە ڕۆیشتن
لەسەر پردی ڕووناکی.

ڕووناکی
کە دەبێتە ئاوێنە
دەبێتە ئاو        و
دەبێتە خوێن
لەیدی مەکبێس، خەونەکانی تیادا دەشۆرێت!

*

ئۆفیلیا
بە دەستی خۆی نەمرد
بەڵکو بە دەستی زمان بوو.
مەرگ هەمیشە وشەیەکە
لە بوونی ئێمە بەهێزتر.

بوون
ئەو بۆشاییەیە
کە خودا تێیدا ون بووە،
کە مرۆڤ تێیدا خۆی دۆزیوەتەوە.

*

لە دەستپێکدا
وشە هەبوو
جەستە هەبوو
شانۆیەک هەبوو
ئۆفیلیا لەوێ بوو
هاملێت لەوێ بوو
من لەوێ بووم،
تۆ تەنها بینەر بوویت

*

شەو
لە پەنجەرەوە بەرەو ژوورەوە دەڕوانێت
چاوەکانی شینن،
مانگ سەمای پرچە خاوەکەی شەوە.

مانگ
خاڵەکانی ئۆفیلیا دەخوێنێتەوە،
ڕووبار
ئەو وشەیەیە کە ئاسمان بەکاری دەهێنێت،
کاتێک خەون دەبینێت بە خۆیەوە!

*

لە دڵی ئۆفیلیادا
ڕووبارێک هەیە
لە دڵی ڕووبارەکەدا
ئۆفیلیا هەیە،
ڕاستی و ئەفسانە کامیان خەونە
خەون و وشە کامیان ڕاستییە؟

*

جیهان لە ئاوێنەدا
ئاوێنە لە جیهاندا،
هەردووکیان
لە ساتێکی دیاریکراودا
دەبن بە یەک.

کاتێک پێکەوە دەبن بە یەک
ئێمەش دەبین بە یەک،
ئۆفیلیا و ئاو
هاملێت و زەمەن
شاعیر و وشە
خوێنەر و دەق.

*

جیهان
تەنها کاتێک ڕاستەقینەیە
کە دابەشی دەکەین لەگەڵ ئەوانی تردا

تا پێکەوە بە پەتی ئەو خەیاڵەوە هەڵیواسین

کە پێی دەڵێین واقیع

*

ئەوەی بوویت
ئەوەی هەیت
ئەوەی دەبیت،
هەمووی
لە وشەیەکدا
لە ساتێکدا
لە ڕووبارێکدا
بەرەو ئەبەدییەت دەڕۆن.
بەڵام من،
کە هاملێتێکم لەسەر تەختەی شانۆ جێماوم،
کە گوناهێکم هیچ کەس ئامادە نییە ئەنجامم بدات،
چیبکەم؟