چوونەماڵەوەم هەبوو، لەدەستم دا

دیار سۆفی | (١٩٩٢ - )

دیار سۆفی | (١٩٩٢ - )

March 29, 2025

دیار سۆفی، لە ساڵی ١٩٩٢ لە گەرمیان لەدایکبووە. دەرچووی بەشی ئابووری زانکۆی سلێمانییە. ئێستا نیشتەجێی وڵاتی بەریتانیایە. دیار تا ئێستا دوو کۆمەڵە شیعری بڵاو کردووەتەوە، یەکەمیان بە ناونیشانی برینێکم بەڕوومەتی زەوییەوە. دووەمیان زمانم دەکێشمەوە

 

 

 

 

چوونەماڵەوەم هەبوو، لەدەستم دا

دیار سۆفی

 

 

 

ڕەنگە تاریكی كێشی هەبێت، شەو قورسە.
دڵخۆشی گەڕاوەتەوە ماڵەوە
سەرم دەنێم بە پەنجەرەی پاس و تەماشای دەرەوە دەكەم
وەک كۆتایی ئاهەنگێك چۆڵە.

لە گوندەكەمان خانوویەک هەبوو
بە كتێبخانە ناوم دەبرد
ئەوان بە ماڵەكەی من
ئەو خانووەم جێهێشت
پێیەكم لەسەر سەكۆی ماڵەوە جێما و
پێیەكەی ترم لە وێستگەی قەتارەكان چاوەڕێ.
لەسەر سەكۆی قەتارەكان
چاوی زۆر بە سەرمدا بارین و
تۆ نەبوون.

لە ماڵ هاتمە دەرەوە
بەرەو ڕووی جیهان چووم
ئەو جیهانەی ترسناكانە هێرش دەكات.

دایكم ژنێكی نیان بوو
چاوی ئاسمانیی پێی وتم; بیركردنەوەكانت تۆم لێ دەسەنن؟
دایكە ئەوەی شاعیرێک پێویستی پێیەتی
گەڕانە بەدوای شوێندا

لە سینگمدا كانییەكی ڕوون هەبوو
لێڵیان كرد
ئارەزووی بینینێک لە چاومدا كوێریان كرد
ئێستا لە شارەكانی ئەواندا بێ یادەوەری و
لە یادەوەرییاندا بێشارم.

ڕێگەم خۆشدەویست
لەبەر ئەوەی جێهێشتن بەشێكە لە پێكهاتەی ڕێگە،
دڵتەنگم دەكات
بۆیە دژ بە مانای ڕێگە، بەرهەڵستی دەكەم.
گەیشتمە شارێک خەڵكەكەی بێدەنگ بوون،
ماڵەکانیش.

لەم شارەدا كە خۆشم ویستی، دوور بوویت
هەرچەند ئەوینت ماڵیی كردم بە خۆی،
بەڵام زمانت بێگانەبوو.
لە كوێیت
بمبە بۆ ناو دڵت
مەزاری درۆكانت دەپەرەستم.

شۆفێری پاسەكە ئومێدی ڕۆژێكی جوانی بۆ خواستم،
بەڵام ئەهوەن نابێتەوە ئەو هاوارەی لە داڵانی بیرمدا شوێن ناوت دەكەوێت.

گوندێكی بچكۆلە كە زێدم بوو لە كەنار ڕووبارێک بەرد
گەرچی شارەكان وەک شەو دایانپۆشیم،
كەچی وەك ئاسەواری برینێكی قوڵ لەسەر لاپەڕەی
یادەوەرییمدا مایەوە.

سپێدان زوو دێمە دەرەوە
بێماڵەكان بە تەنیشت قوتووی بەتاڵی بیرەوە
لە وێستگەی پاسدا وەک چلوورەی بەرهەتاو تواونەتەوە.
لە چەرچ ڕۆدم
ئێرە جادەی بیانییەكانە
غەریبەكان لێرەن یەكتری ئاوەدان بكەنەوە.
چەرچ ڕۆد لە دڵی بریستڵەوە سەرچاوە دەگرێت
وەك حەزی من بۆ ئامادەییت درێژ دەبێتەوە.