درزەکانت لە بەرژەوەندی تفەنگی منن

نەهرۆ جەرجیس | (٢٠٠٠- )

نەهرۆ جەرجیس | (٢٠٠٠- )

August 24, 2024

نەهرۆ جەرجیس عومەر، شاعیرێکی گەنجی کوردستانە، لە ساڵی ٢٠٠٠ لە شاری هەولێر لەدایکبووە، دەستپێکی کارەکانی وەک ڕۆژنامەوان بووە. تا ئێستا سێ کۆمەڵە شیعری  چاپ کردووە، (زمانی دووەم، كۆمەڵە شیعر، ٢٠٢٠)، (پیاوێكی سپی، شیعر و پەخشانە شیعر، ٢٠٢١)، (یادەوەریی فرمێسكاوی، ٢٠٢١). فەرموون خوێنەری نوێترین شیعری نەهرۆ بن.

 

 

 

درزەکانت لە بەرژەوەندی تفەنگی منن
نەهرۆ جەرجیس

 

لەم سەوزی تاریکییەمدا،
ئەستێرەیەکی دڵتەنگیت.
گەرممکەوە، ئەی پشکۆ و سەروەتم،
ئەی کۆگای بایەکانی ئێوارەم،
ئەی دوورگەی من
ئەی نەورەسی بەهاری زمانم.
شاعیرێکیت لەسەر شانم دانیشتوویت.
کۆچەرێکیت،
لە نێو دەمارەکانی هەستمدا ڕاکشاویت.

 

سوێند بە خەندەت؛
کە تەمی ترسی لێ نیشتووە.
سوێند بە قوڕگت؛
کە پەناگەی پەیڤەکانی تەنیاییمە.
بە مۆسیقای خامۆش؛
کە بناغەی هەوری شەیداییمە.
سوێند دەخۆم جامخانەکانم،
ناوی تۆیان لەسەر کوژاوەتەوە.
ئەوەی گرینگە لە بیرەوەرییم بزر نابیت.
لە دەنگم دەڕوێیتەوە و
لە سێبەرێکی بەڕەڵڵادا
هەناسە دەچنیتەوە.

 

تابووتێکیت،
لە گۆڕستانی یادگەم هەڵمگرتوویت.
درەختی گۆرانییەکی فێنکیت،
لە باخچەی بێدەنگیم دەتشارمەوە.

 

بەرپرسی لە: ڕۆژە بریندارەکانم،
چونکە وەرزەکانم لەژێر پێت ڕاخست.
لە ئاپۆڕای تەنیایی، سێبەرێکی سارد،
بەرەو ڕووناکییە چۆڵەکانی
یەک و پەنجا و هەندێک چرکەی شەو و
شەقامی شارێکی بێ پەنجەرەی بردم.
لەوێوە،
دیلی وێستگەکانی میهرەبانیت بووم.
لە قەرەباڵغیتدا،
ئالوودەی کەنارەکانی گومان بووم.

 

دێتەوە بیرم:
ئەو شەوانەی دەبووینە یەک گیان و
لە حەوشەی یەکتر داهێنانمان لە ماچ و دەستبازی دەکرد.
هێندەی تەمووز گەرم بووین.
بۆ نەختێک شاد بوون
لە دەشتایی جەستەت؛ تەقەم دەکرد،
لە زەوی سینگتدا؛ دەخەوتم!
خەونم بە تەقەکردنەوە دەبینی.
له‌ ئامێزتدا، له‌دایكده‌بوومه‌وه‌ و
له‌ژێر بارانی هه‌وری وه‌همێكی سه‌وز،
نه‌فره‌تم له‌ ڕووناكییه‌ تاڵه‌كانی سپێده‌ ده‌كرد و
بڕوام به‌ گۆرانییه‌كانی تاریكی و
ئاوازه‌كانی جوتبوون ده‌هێنا.