سندی ڕێشاخ ساڵی ١٩٨٧ لە شاری هەولێر لەدایکبووە. ئێستاش هەر لە هەولێر دەژیێت. شاعیر و چیرۆکنووس و فۆتۆگرافەرە. خاوەنی ٣ کتێبە و یەکێک لە کتێبەکانی کۆمەڵە شیعرێکە بە ناوی برین لە پێستی گایەکی ئیسپانیدا.
دوو پەڵە هەور
سندی ڕێشاخ
(١)
لۆچی توڕەیی لەسەر برۆکانمە و
ئومێدیش لە ناوەوەم
وەک گەنمی هاڕیوو ورد ورد بووە
بەڵام دڵم بەوە فریو دەدەم
کە هێشتان چۆلەکەکان
بە زمانە خۆماڵیەکەی دەستگیرانەکەم
دەجریوێنن.
(٢)
کە شەوت بەسەر داهات
ئەستێرە کۆ دەکەمەوە و
بە چواردەورتدا دەیانچەقێنم
ڕەشۆڵەی ئەوینم بۆ ناو پرچت هەڵدەفڕێنم و
سەر دەکەوم بەسەر ڕەشترین لووتکەدا
لەوێ سترانە هەرە سپییەکانت بۆ دەڵێمەوە.
(٣)
چاوەکانت
دوو پەڵە هەوری سپی منداڵین
بە قەمەرەیەکی گچکۆکە
گۆرانییەکی باکوریی دەخەمە سەر و
لەناو بەردی ڕێگاکان گوڵت بۆ دەچنم و
بەرەو ڕووت دێم.
(٤)
دەستم بگرە
پەنجەکانت کە دەکەونە دەستم
وەک فیشەکی ڕاون
خەمەکانم هەڵدەدەمە ئاسمان و
یەک یەک تەقەیان لێدەکەم.
(٥)
وەک گیڤەی ئەشکەوتێکی پڕ شەمشەمەکوێرە
کە دێمە سەر چەمەکە
وشەکانم وەک شوێن پێت
ناسک دەبنەوە
گەڵاکان دەشنێنەوە و
باڵندەکانیش بە دەورمدا دەنیشنەوە.
(٦)
لە پەپوولەی خەونێکی ئارام دەچیت
بەدزی هاوڕێ بەدفەڕەکانمەوە
گوڵێکم خستووەتە بەر لێوم و
لەسەر سک
دەستم ناوەتە ژێر چەناگەم و
بە دەورمدا دەخولێیتەوە