ئەنابێڵ لی

Edgar Allan Poe; portrait by Gabriel Harrison, 1896

January 19, 2019

 

ئێدگار ئاڵن پۆ، شاعیر و چیرۆکنووسی ئەمەریکی، لە ١٩ـی جێنیوەریی ١٨٠٩ـدا لە ئەمەریکا لە دایک بووە، لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ١٨٤٩ـدا کۆچی دواییی کردووە. بە بنیادنەری بزووتنەوەی ڕۆمانتیک دەناسرێت. ئانابێڵ لی، ناوی دواهەمین شیعری کامڵی ئەوە و هەروەک زۆرێک لە شیعرەکانی دیکەی، دەربارەی مەرگی ژنێکی جوانە. ڕاویی شیعرەکە، لێرەدا بە منداڵی وەها عاشقی ئانابێڵ لی بووە کە فریشتەکان ئیرەییی پێ دەبەن. ئەو تەنانەت دوای مەرگی ئەنابێڵیش سەبارەت بە عەشقەکەی وەفادار دەمێنێتەوە. ڕوون نییە کە پۆ کەسایەتیی ئەنابێڵـی لە کێ وەرگرتووە، بەڵام زۆرێک لە گومانەکان باس لە هاوسەرەکەی پۆ دەکەن، بە ناوی ڤێرجینیا ئیلیزا. پۆ ئەم شیعرەی لە ١٨٤٩ـدا نووسی، بەڵام ماوەیەک دوای مردنی بڵاو بووەوە. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

ئەنابێڵ لی
ئێدگار ئاڵن پۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: میران جەنگاوەر

 

ساڵانێکی زۆر زۆر بوو لەمەوبەر،

لە شانشینێ لای دەریاوە،

کیژۆڵەیەک دەژیا ڕەنگە ئێوە بیناسن

بە ناوی ئەنابێڵ لی؛ ئەم کیژۆڵەیە

لەگەڵ هیچ بیرکردنەوەیەک نەژیا

جگە لەوەی عاشقی بم و عاشقم بێ.

 

من منداڵ بووم، ئەویش منداڵ بوو،

لەم شانشینە کە لای دەریاوەیە،

بەڵام یەکدیمان خۆش ویست لە عەشقێکدا، کە زیاتر بوو لە عەشق-

من و ئەنابێڵ لیی من-

عەشقێ، کە فریشتەی باڵدار لە ئاسمانەوە ئیرەییی برد، بە من و ئەنابێل لی.

 

ئەمە هۆکارەکە بوو، کە ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر،

لەم شانشینە کە لای دەریاوەیە،

بایەک لە هەورەکانەوە هەڵی کرد،

ڕچاندی، جوانکیلەکەم، ئەنابێڵ لی؛

بۆیە خانەدانێک لە خوێنی خۆی هات، لێی بردم،

تا کپی بکا لە تابووتێکدا لەم شانشینە

کە لای دەریاوەیە.

 

فریشتەکان، زۆر ئاسوودە نەبوون لە ئاسمان،

ئیرەیییان برد بە من، بە ئەنابێڵ لیی من-

بەڵێ!- ئەوە هۆکارەکە بوو (وەکوو هەموان دەزانن لەم شانشینە کە لای دەریاوەیە)

کە بایەک لە شەودا لەناو هەورەکانەوە هەڵی کرد، هات،

ڕچاندی، کوشتی ئەنابێڵ لیی من.

 

بەڵام عەشقمان زۆر بەهێزتر بوو،

لە عەشقی ئەوانەی پیرتر بوون لە ئێمە-

گەلێک حەکیمتر بوون لە ئێمە-

نە فریشتەکان لە سەرەوە لە ئاسمان

نە دڕندەکان لەژێرەوە لە قووڵاییی دەریا،

نەیانتوانی ڕۆحم بترازێنن هەرگیز،

لە ڕۆحی جوانکیلەکەم ئەنابێڵ لی؛

بۆیە، مانگ نادرەوشێتەوە بەبێ ئەوەی خەونم بۆ بێنێ

خەون بە جوانکیلەکەم ئەنابێڵ لی؛

 

ئەستێرەکان هەرگیز دەرناکەون، بەڵام من هەستی پێ دەکەم

بە چاوە ڕووناکەکانی جوانکیلەکەم ئەنابێڵ لی.

هەموو شەوە پڕ شەپۆلەکان،

ڕادەکشێم لە تەنیشت ئازیزەکەم-ئازیزەکەم-ژیانەکەم- بووکەکەم

لە تابووتەکەیدا لەوێ لای دەریاوە- لە گۆڕەکەیدا لای دەریا

شەپۆلاوییەکەوە.