زانیار ڕەوا | (٢٠٠٢ -)
March 23, 2025
زانیار ڕەوا لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٢ـی شاری مەهاباد-سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و هەر لەوێش دەژی و لە یەکێک لە زانکۆکانی مەهاباد دەروونناسی دەخوێنێت. ماوەی ٩ ساڵ دەبێت شیعر دەنووسێت. لە تەمەنی ١٣ساڵیدا یەکەم شیعری خۆی نووسیوە. لە ئیستادا جارجارە کورتەچیرۆک دەنووسێت و لە فارسیشەوە وەرگێڕان دەکات بۆ سەر زمانی کوردی.
زانیار ڕەوا
شتێک نییت جگە لە خاڵێکی ڕەش
کە تا کۆتایی، تەق تەق تەق
مێشکم دەکوتی و
دەبم بە شاعیرێکی شێت.
دیمەنی یەکەم و کۆتایی؛ نەخۆشخانەی دەروونیی ورمێ.
لە درێژەدا خۆم شاعیرێکی شێتی نیاندەرتاڵ لە دارستانەکانی ئامازۆن، کە دەیهەوێت بچێت بۆ ئەفریقا. تا دەگاتێ، شارستانییەت درووست دەبێت و مێژوو پەرە دەستێنێت. لە لایەن ئینگلیزەکان بە کۆیلە دەگیرێت. دەینێرنەوە بۆ ئەمریکا و لەوێشەوە پێی دەگوترێت تۆ شارومەندێکی ئازادیی ویلایەتە یەکگرتوویەکانی ئەمریکایت و ئەمانەش نیاندرتاڵە شێتە گەمژەکانن و دەبێ ڕاویان بکەین و وشکیان بکەین و لە مۆزەخانەکاندا نمایشیان دەین.
ئێستا من شاعیرێکی شێتی شارومەندی ئەمریکی خوێڕیم لە نەخۆشخانەی دەروونی ورمێ و بەرامبەرم هاوڕێ نیاندەرتاڵە بەستەزمانەکانم:
تەق تەق تەق
تۆ شاعیرێکی شێتی؟
تەق تەق تەق
نا تۆ خۆت شاعیرێکی شێتی.
تەق تەق تەق
من شاعیرێکی شێتم؟
تەق تەق تەق
نا خۆم شاعیرێکی شێتم.
تەق تەق تەق
نەخێر خۆم شاعیرێکی شێتم.
تەق تەق تەق
کێ شاعیرێکی شێتە؟!
تەق تەق تەق
نازانم! کێ شاعیرێکی شێتە؟
تەق تەق تەق
نازانم! دەیانگوت هێمن شێت بووە، فەرهادیش شێت بووە، قانعیش شێت…
تەق تەق تەق
شێخ ڕەزات بیرچوو!
تەق تەق تەق
تاڵەبانی؟!
تەق تەق تەق
بەڵێ.
بۆ مەگەر ئەویش شێت بووە؟!
کێ؟
تەق تەق تەق
نازانم ئەوەی ئێستە گوتت
چیم گوت؟
گوتت من شاعیرێکی شێتم.
تەق تەق تەق
نەخێر خۆت شاعیرێکی شێتی.