شوان

فێرناندۆ پێسۆوا/شاعیری پورتوگالی

September 7, 2019

بە “هەرگیز مەڕم ڕانەگرتووە”فێرناندۆ پێسۆوایەکێک لە جوانترین شیعرەکانی پورتوگال و جیهان دەست پێ دەکات، کە تێڕامان و پرسیارکردنێکە لە خود، بوون، سروشت و شاعیر خۆی.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

شوان
(بژاردەیەک لە شیعرەکە)
فێرناندۆ پێسۆوا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار

 

 

 

 

هەرگیز مەڕم ڕانەگرتووە

بەڵام وەکوو ئەوە وایە چاودێریان بووبم.

ڕۆحم وەکوو شوانێک وایە،

کە با دەناسێت و خۆر دەناسێت و

دەست-لە-دەستی هەموو وەرزەکان دەڕوات

تا پەیڕەوی بکات و گوێگر بێت.

خەڵکی لێ دەرچێت هەموو ئارامییەکانی سروشت،

دێن و لە پاڵمدا دادەنیشن.

بەڵام من وەکوو خۆرئاوابوون بە خەمباری دەمێنمەوە

وەکوو ئەوەی کە خۆمان دەیهێنینە پێش چاوی خۆمان

وەختێک کزەیەک دەکەوێتە کەناری دۆڵێکەوە

تۆش هەست دەکەیت شەو وەکوو پەپوولەیەک لە پەنجەرەوە

هاتووەتە ژوورەوە.

*

بەڵام خەمبارییەکەم چونکە واقیعییە و ڕاستە

لەسەرخۆیە

ئەو شتەیە کە پێویستە لەناو ڕۆحدا هەبێت

وەختێک بیر لە هەبوونی خۆی دەکاتەوە

دەستەکانیش بەبێ ئەوەی بیانناسن گوڵەکان هەڵدەگرنەوە.

*

لەگەڵ زەنگوڵەی مەڕەکاندا

پێش پێچکردنەوەی ڕێیەکە

ئەندێشەکانم قانعن.

بەداخەوەم کە دەزانم قانعن

چونکە ئەگەر من ئەوەم نەزانیبایە

لە بری قانعی و خەمۆکی

لە قانعی و بەختیاریدا دەبوون.

*

بیرکردنەوە وەکوو ڕۆیشتنی ژێر باران ناڕەحەتییە

وەختێک با دەکشێت و لەوە دەچێت بارانی تر ببارێت.

*

من هیچ ئارەزوو و خواستێکم نییە.

شاعیربوون لە خواستەکانی من نییە.

تەنیا ڕێیەکە بۆ بەتەنیامانەوە.

*

بان-سروشتییەکی گەورە لە بیرنەکردنەوەدا بوونی هەیە.

*

من لە بارەی دنیاوە چۆن بیر دەکەمەوە؟

من چۆن ئەوە بزانم کە من لە بارەی دنیاوە چۆن بیر دەکەمەوە؟

ئەگەر نەخۆش بوومایە بیرم لێ دەکردەوە.

*

بیرۆکەم دەربارەی شتەکان چییە؟

بۆچوونم لەسەر هۆ و ئەنجامەکان چییە؟

ئەو ڕامانانە چین کە لەسەر خودا و ڕۆح و

دروستکردنی گێتی هەمبوون؟

نازانم، بۆ من بیرکردنەوە لەوانە وەکوو داخستنی چاوەکانم وایە.

بیرنەکردنەوەش وەکوو پەردەدادانەوەی پەنجەرەکانم وایە (بەڵام پەنجەرەکانم پەردەیان پێوە نییە)

*

نهێنیی شتەکان؟ چۆن بزانم نهێنی چییە؟

تاقەنهێنی ئەوەیە کە یەکێک هەبێت و بچێت بیر لە نهێنی بکاتەوە

پیاوێک کە نازانێت خۆر چییە،

لە بەر خۆردا دەوەستێت و چاوەکانی دادەخات و

بیر لە هەموو ئەو شتانە دەکاتەوە کە گەرمی دەدەنەوە.

*

بەڵام چاوەکانی دەکاتەوە و خۆر دەبینێت

ئیدی ناتوانێت بیر لە هیچی تر بکاتەوە

چونکە تیشکی خۆرەکە لە بیرکردنەوەکانی هەموو فەیلەسووفەکان و شاعیرەکان بەبەهاترە

تیشکی خۆرەکە نازانێت خۆی چییە

بۆیە هەمیشە وێڵگەرد و عورفی و پەسەندە.

*

مێتافیزیک؟ ئەو درەختانە چ مێتافیزیکێکیان هەیە؟

ئەوەی کە ڕەنگیان سەوزە و لقوپۆپیان هەیە و لە کاتەکانی خۆیاندا میوە دەدەن- ئەمەش وا لە ئێمە ناکات بیریان لێ بکەینەوە-

ئێمەیەک کە نازانین لەوان بەئاگا بین.

بەڵام چی لەم مێتافیزیکەی ئەوان باشترە،

کە نازانن بۆچی دەژین و

ناشزانن کە نازانن؟

*

لە یەکێک لە ڕۆژەکێوی و ڕوونەکاندا،

لەو ڕۆژانەی کە تێیدا ئارەزوو دەکەیت کارێکی زۆر بەبەرهەم بگەیەنیت

بە هۆی دەستبەتاڵیمەوە

چاوم وەکوو ڕێیەیەکی درەختاوی

چووە سەر ئەو شتەی کە ڕەنگە نهێنییە گەورەکە بێت،

ئەو نهێنییە گەورەیەی کە شاعیرە ساختەکان لە بارەیەوە دەدوێن.

*

بینینم کە لەناو هیچ سروشتێکدا

هیچ سروشتێک بوونی نییە

بینیم کە شاخەکان، دۆڵەکان، دەشتایییەکان هەن

کە درەختەکان، گوڵەکان، سەوزەڵانەکان هەن

کە رووبار و بەردەکان هەن

بەڵام سەر بە هیچ وەحدەتێک نین

تەنیا پەیوەندییەکی ڕاست و حەقیقی کە لە نێوانیاندا هەبێت

بیرۆکە نەخۆشەکانی ئێمەن.

سروشت پارچەیەکە بەبێ هیچ یەکینەیەک

ڕەنگە ئەمە ئەو نهێنییە بێت کە ئەوان لە بارەیەوە دەدوێن.

*

ئەمە ئەو شتەیە کە بەبێ هیچ بیرکردنەوە و وەستانێک

دەرکم کرد کە هەر دەبێت ڕاستییەکە بێت

ئەوەی کە هەموو دەرچوون و بە دوایدا دەگەڕێن

بەڵام بە تەنیا من دۆزیمەوە، چونکە بۆی نەدەگەڕام.

*

دەچمە ژوورەوە و پەنجەرەکان دادەخەم.

چراکەم بۆ دەهێنن و شەوشادم لێ دەکەن،

دەنگە قانعەکەشم شەوشادیان لێ دەکاتەوە.

بریا هەموو ژیانم بەم شێوەیە بایە:

هەموو ڕۆژەکان هەتاوی یان نەرمەباراناوی

یان تۆفاناوی وەکوو ئەوەی کە دنیا ئیدی کۆتایی بێت

ئێوارەکانی نەرم و

لە پەنجەرەکەمەوە ئارەزووی سەیرکردنی پیاسەکەرەکانی دەرەوە

نیگاکردنی هاوڕێیانە و هێمنیی درەختەکان

پاشان، داخستنی پەنجەرەکە و داگیرساندنی چراکە

نە خوێندنەوە و نە بیرکردنەوە لە هیچ و نە خەوتن،

هەستکردن بە ژیان وەکوو ڕۆخی ئەو ڕووبارەی کە هەست بە ڕۆیشتنی ڕووبارەکە دەکات بەسەریدا،

پاشان لە دەرەوە بێدەنگییەکی گەورە وەکوو ئەوەی کە خودا نوستبێت.