هەموو زایەڵەکان ڕەنگ دەچڕن

ماریۆ دی ساکارنێرۆ/شاعیری پورتوگالی

June 12, 2022

ماریۆ دی ساکارنێرۆ (١٨٩٠-١٩١٦)، شاعیر و ڕۆماننووسی پورتوگالی، لە نەوەی یەکەمی شاعیرانی مۆدێرنیستە. هاوڕێ و هاوشانی پێسوا، بە یەک لە شاعیرە کاریگەر و گەورە نوێخوازەکان دادەنرێت. کارەکانی بە گشتی دەوروخولی پرسگەلی سایکۆلۆژیی وەک ڕاڕایی، شێتی و تەنیایی دەدەن. ساکارنێرۆ لە تەمەنی بیستوشەشساڵیدا، لە پاریس خۆی دەکوژێت.- ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

هەموو زایەڵەکان ڕەنگ دەچڕن
ماریۆ دی ساکارنێرۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەها ئەبوبەکر

 

 

کۆتایی [لە بنەڕەتدا بێناونیشانە]

تەقە لە تەنەکەکان بێنن، کاتێک دەمرم،
بە بازدان و سنوورەکانەوە ڕابکەن،
شەقە لە قامچییەکان بێنن لە هەوادا،
بانگیان بکەن لێبووک و تەنافبازەکان.

 

با تەرمەکەم بەسەر کەرێکەوە ببرێتە دەرێ
ڕازێنراو بە شێوازی ئەندەلووسی…
بە لای پیاوێکی مردووەوە هیچ شتێک نکۆڵیلێکراو نییە،
بە دڵنیایییەوە بە سواری کەر دەمەوێت بڕۆم.

 

 

 

لابردن [لە بنەڕەتدا بێناونیشانە]

تەختی زێڕینی هەردەم-ونبووی من
کەوتووە.
لێ داگیرکەرەکە دیار نەماوە
لەنێو کۆشکەکەدا.

 

بێهوودە بە دوای زرێیەکەیدا دەگەڕێم،
بە شوێن پێوانەکانی…
(لەنێو ئەو گێژاوەدا، دەرکەنار دەبم:
— ئایا هەڵۆکانی ڕۆحمم کوشتووە…؟)

 

دەورم گشتی تەماوی و لێڵ بوو
لە شکۆدا.
— لە شوێنێکی دی، خوێناوی، نیگەرانیم
عاج بوو.

 

هەموو زایەڵەکان ڕەنگ دەچڕن
لە بێدەنگیمدا و
مینا هەسارەیەک
هەڵهاتم— بەسەر باڵەکانی ئازارەوە…

 

من جامەکەی ئیمپراتۆر بووم،
من خەنجەرەکەی شاژن…

 

 

مێیانە [تەنزێک]

دەمەوێت ببمە ئافرەت سا دەتوانم پەرشی بکەمەوە
خۆم، لەسەر کورسییەکان، لەگەڵ هاوڕێیان، لە کافێیەکان.
دەمەوێت ببمە ئافرەت سا دەتوانم پەرشی بکەمەوە
پاودەری برنج لەسەر دەموچاوم، بۆ هەموان تا بیبینن، لە کافێیەکان.

 

دەمەوێت ببمە ئافرەت بۆ وەدووربوون لە بیرکردنەوەکانی ژیان
بۆ ناسینی پیرەپیاوەکان دەتوانم پارەم چنگ بکەوێت—
دەمەوێ ببمە ئافرەت بۆ بەسەربردنی تەواوی ڕۆژەکە
بە قسەکردن دەربارەی مۆدە، زەمکردن— هەمووی بە بێخەمی.

 

دەمەوێت ببمە ئافرەت بۆ بوونی دۆستی زۆر
فریودانی هەموویان— تا ڕادەی ڕاڕایی— و
چۆنچۆنی گاڵتە بە خۆشەویستە قژزەرد و لاوازەکەم بکەم
بە بووکەڵەیەکی کوڕانەی چووكەڵە، تەڕپۆش، ناشیرین و قەڵەوەوە…

 

دەمەوێت ببمە ئافرەت بۆ ورووژاندنی هەموو ئەوانەی دەمبینن،
دەمەوێت ببمە ئافرەت تا هەرگیز نەڵێم بمبوورە…