نزیک وەکوو خاک

ڕەوا هەژار/شاعیر

October 23, 2020

ڕەوا هەژار ساڵی ١٩٨٨ لە سلێمانی لە دایک بووە. لە منداڵییەوە لەگەڵ بنەماڵەکەیان ڕوو دەکاتە بەریتانیا و لەوێ دەژی. فیزیای خوێندووە. جارجارەیش شیعر دەنووسێت. لەم شیعرەیدا سەرنجی لە سرووشت و شیعر و مرۆڤ- لێرەدا خۆی- چڕ کردووەتەوە. شیعرەکە وێنایەکی ڕەوتی  کات دەکێشێت و ڕامانێک لە هەموو ئەو شتانە دەخاتە ڕوو، کە دەیانبینێت و درکیان دەکات. – ماڵپەڕی باڵندە 

 

 

 


نزیک وەکوو خاک
ڕەوا هەژار

 

 

منی ھەمیشە جووڵاو
لەناو بەردەوامیی ئێستادا
چوارمشقی دانیشتووم

 

لار دەبمەوە ناو خۆم و
لە ئەوانی تردا سێبەرەکەم دەبینمەوە
بەبێ ھیچ گلەیییەک ڕادەبوورم

 

چاوەکانم دادەخەم و
تامی ئەو بەردانە دەکەم
کە سیحرەکانی کات دروومانی گەردوونی پێ کردوون
وەکوو گوێگرێکی بەردەوام
پڕ دەبم لە دەنگەدەنگەکانی یەکەمجار
ئەو دەنگانەی کە شیعرن
ئەو شیعرانەی کە دەربارەی دەربارەن

 

ئاو
کە یەکەمین یادگاریمە
وێنەیەکی تەڵخی قوڕاوییە و
وەکوو ڕووبارێک لە بەردەمم دەڕوات
من بە دوو جزمەی شینەوە
وەکوو منداڵێکی دووساڵان
لە قەراغیدا وەستاوم…
لە سەیرکردن زیاترم بۆ ناکرێت

 

وەکوو جەستەیەک کە لە دوێنێدا ژیابێت
لەمڕۆدا زیندوو دەبمەوە و ون دەبم و دەنێژرێمەوە

 

نزیک وەکوو خاک لێرەم و
دوور دەمرم