لەگەڵ تۆ خەوتن شیعرە

فێرناندۆ سیلڤان/شاعیری تیمۆری

October 4, 2019

فێرناردۆ سیلڤان، لە ٢٦ـی ئۆگەستی ١٩١٧ـدا لە دیلی پایتەختی تیمۆری ڕۆژهەڵات لە دایک بووە. ٢٥ـی دیسەمبەری ١٩٩٣ لە کەشکایشی پورتوگول کۆچی دواییی کردووە. زمانی فەرمیی وڵاتەکە تەتوومی و پورتوگالییە. زمانی تەتوومی سەر بە خانەوادەی زمانە ئۆسترۆنیزیایییەکانە، کە ١٢٥٧ زمان لە خۆ دەگرێت. ئاخێوەرانی خانەوادەکە بە ٣٨٦ میلیۆن کەس دەخەمڵێنرێن. بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەی دانیشتووانی تیمۆری ڕۆژهەڵات ١ ملیۆن و ٢٩٦ هەزار کەس بووە. لێرە لەو یەک میلیۆن و ئەوەندە کەسەدا، شیعرەکانی شاعیرێک بە ناوی فێرناندۆ دەخوێننەوە؛ کورت، سادە، هایکۆئاسا و ئەڤیندارانە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 


لەگەڵ-تۆ-خەون شیعرە
فێرناندۆ سیلڤان
لە پورتوگالییەوە: دەیڤد شۆک
لە ئینگلیزییەوە: هەڵۆ فەریق

 

 

١

لە وشەکانی تۆ شیعرێکم نووسی.

ئەوەش بەسە تا بمکات بە شیعر.

 

٢

شیعرەکەم لە ڕووناکی و

لە دەنگی بێدەنگی دروست کراوە-

لەسەر جەستەی ژنێک نووسیمەوە.

لەسەر جەستەی تۆ.

 

٣

یەکێک لە شیعرەکانتم بۆ بخوێنەرەوە.

سەرمامە.

 

٤

شیعرێکی خۆشەویستی دەکەم بە بناغەی دوورگەکەم

تۆ یەکەمین دانیشتووی سەربەستیی دەبیت.

 

٥

دەڕۆم.

ئەستێرەکان لەسەر زەوین.

هەرگیز هێندە لە نزیکەوە نەمبینیون.

ڕووت، وەک ڕووتیی تۆ.

 

 

٦

هەمیشە هەناسەیەک لەسەر لێوەکانیەتی

تا ڕووخسارم ئارام بکاتەوە.

 

٧

ڕەنگی گوڵەکان دەگۆڕێت

کە تۆ دەستیان لێ دەدەیت و قسە دەکەیت.

 

٨

پێکەوە خەوتین.

دواتر، تۆ پەنجەرەکەت کردەوە و

دوور فڕیت

لەسەر پشتی باڵندەیەک.

 

٩

ئەو سێوە

هەمان ڕەنگی

پێستی تۆی هەیە.

هەرگیز تامی میوەیەکی هێندە خۆشم نەکردووە.

 

١٠

دوای خۆشۆردن

گۆڕینی تۆ

وەک نووسینی شیعر وایە.

 

١١

ئاوی ڕوون.

پەرداخی کریستاڵ.

کامیان کامیانی هەڵگرتووە؟

ئەی من و تۆ

کاممان؟

 

١٢

دەبێت وشەیەک دابهێنم

مانای زیاتر بێت لە

خۆشەویستی

تا ئاماژە بێت بۆ تۆ.

 

١٣

پیاسەکردن لەگەڵ تۆ، بەر لەوەی خۆر لە دایک بێت؛

لەگەڵ تۆ

دارستان باخچەیە.

 

 

١٤

وەک خۆری هاوین

تۆ

هەموو شت ڕۆشن دەکەیتەوە.

 

١٥

ڕووبارێک هەیە بە ناو تۆدا دەڕوات

لەو شاخە لە دایک بووە کە من تێیدا لە دایک بووم.

منیش بەلەمێکی کاخەز دەخەمە ئاوەکەوە

تا بە ناویدا تا خوارەوە گەشت بکات.

 

١٦

ڕووت

تۆ هێندەی وشەکانت

ڕووتیت.

 

١٧

لەگەڵ من دەخەویت

بەئاگا

وەک هەموو شەوەکە

ڕۆژ بووبێت.

لەگەڵ-تۆ-خەوتن

شیعرە.

 

١٨

من ئاوم.

تۆ ئاو دەخۆیتەوە.

بە ویستی خۆت.

بەڵام ئەو بەهارەی من لێوەی هاتووم

بۆ تینوویەتییەکەت دەپاڕێتەوە.

 

١٩

هەمان بەرەبەیان

هەردووکمان بەئاگا دێنێتەوە.

 

٢٠

جلەکانی ژێرەوەت

لە خۆشەویستیی دەستەکانم

دەلەرزن.

 

٢١

ماچەکانت

هەمیشە تامی شتێکی نوێ دەدەن

وەک گێلاسەکانی ناو خەیاڵ.

 

٢٢

بە کێشانی وێنەی تۆ

ناوی خۆم دەنووسم.

 

٢٣

هەموو بەیانییەک

گوێم لە شیعرێکە هاوار دەکات

لەسەر شەقامێکی شین خۆی دەکاتەوە

لە مندا.

ئەوە تۆیت.

 

٢٤

پێستی جەستەت

دایکی مروارییە.

 

٢٥

کە ئاوێزانی یەکتر دەبین

گوێم لە دەنگە پاکیزەکانی جەستەتە.

 

٢٦

سەما دەکەین سەما دەکەین

هەردوو سەما دەکەین

گۆرانی دەچڕین گۆرانی دەچڕین

هەردوو گۆرانی دەچڕین

تا بەیانی

تا بەیانی

تا گەڕانەوەی

سەردەمێکی منداڵی

کە من تێم پەڕاندووە و

تۆ هێشتا لەناویدایت

تۆ هێشتا لەناویدایت

هەردوو سەما دەکەین

هەردوو گۆرانی دەڵێین

تا گەڕانەوە

بۆ سەردەمێکی منداڵی

کە تۆ هێشتا تێیدایت.

 

٢٧

گوێ لە جەستەت بگرە.

هەست بەو دەنگە ئارامانە بکە

کە لەناویدا دەپەیڤن

وەک دەنگدانەوەی من.

 

٢٨

ئاسکە گڕگرتووەکەی ناوت

هەمیشە لەگەڵ من دەمێنێتەوە.

 

٢٩

جەستەم چاوەڕێت دەکات

کێوی و شێتانە

وەک ڕووبارێک

بێ ڕۆخ و بێ کەنار.

 

٣٠

لێرەدا

هیچ شیعرێک نانووسم.

پێویستم بە بۆشایییەک هەیە

تا لەگەڵ تۆدا بژیم.

٣١

هیچ هەڵۆیەک نییە.

هیچ هەڵۆیەکم نییە.

هیچ شیعرێکم نییە.

خۆشەویستم، تۆ لە کوێیت؟

 

٣٢

دەبێت تەنێ ئەو وشانە

بەکار بهێنیت

کە تەنیا لەگەڵ مندا

پاکیزە بوون.

شەمەندەفەرە خاڵییەکە

شەمەندەفەرە خاڵییەکە

خەڵکێکی زۆر بەناویدا دەڕۆن

سەر دەکەون و دادەبەزن

شەمەندەفەرە خاڵییەکە

شەمەندەفەرە خاڵییەکە

تۆی تێدا نیت.

 

٣٣

لە هیچ جێیەکی دی بۆت ناگەڕیم، لە دەرەوەی خۆم.

ناتدۆزمەوە

وەک ئەوەی کە هەیت

لە هیچ جێیەکی دی.

 

٣٤

هیچ کەس ناتوانێت بە هەمان ئەو کووچانەدا پیاسە بکات

کە تۆ پێیاندا پیاسە دەکەیت

چونکە لەوێ گوڵانێک هەبوون

کە من چنیومن.

 

٣٥

تۆ لە جەستەی مندا دەژیت.

تەنانەت ئەگەر ئاماژە بە ئەدرەسێکی دیکەش بدەیت.