فێرناندۆ پێسۆوا شاعیر، ڕەخنەگر، نووسەر و وەرگێڕی پورتوگالی، ١٣ـی جوونی ١٨٨٨ لە دایک بووە و ٣٠ـی نۆڤەمبەری ١٩٣٥ لە تەمەنی ٤٧ـساڵیدا کۆچی دواییی کردووە. بە یەکەمین نووسەری مۆدێرنی وڵاتەکەی دادەنرێت و بە ڕیلکە و شەکسپیر بەراورد دەکرێت. بە چەندین ناو نووسینەکانی بڵاو کردووەتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە
نازانم چەند ڕۆحم ھەیە
فێرناندۆ پێسۆوا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڕەوا هەژار
من نازانم چەند ڕۆحم ھەیە.
من لە ھەموو چرکەیەکدا کەمێک گۆڕاوم.
ھەمیشە ھەست دەکەم نامۆم.
من ھەرگیز نە خۆمم دیوە، نە ناسیوە.
لەم ھەموو بوونەمدا، تەنیا ڕۆحم ھەیە.
پیاو کە ڕۆحی ھەبوو ئارامیی نابێت.
پیاو کە بینی، ھێندەی بینینەکانی دەبێت.
پیاو کە ھەستی کرد، چیدیکە خۆی نییە.
وەختێک دیقەتی خۆم و بینینەکانم دەدەم،
دەبم بەوان و خۆم نامێنم.
ھەر یەکێک لە خەون و ئارەزووەکانم
بوونە موڵکی خاوەنەکانیان و من نا.
من نیشتیمانی خۆمم،
من تەماشای خۆم دەکەم لە گەشتدا-
ھەمەجۆر و گەڕۆک و تەنیا.
لێرە، لەم شوێنەی کە خۆمی لێم، ھەست بە خۆم ناکەم.
بۆیە وەکوو نامۆیەک، دەخوێنمەوە،
وەکو ئەوەی ھەموو بوونم چەند لاپەڕەیەک بێت.
نازانم چی دێت و
ڕابردووشم بیر دەچێتەوە
لە پەراوێزی خوێندنەوەکەمدا چەند یادداشتێک دەنووسمەوە
یادداشتی ئەوەی وام دەزانی ھەستەکانمن.
وەختێک دەیانخوێنمەوە، بە خۆم دەڵێم: «داخۆ ئەوە من بووم؟»
خودا دەزانێت، چونکە خۆی نووسیویەتی.