هێماچیرۆکی پیاوەشێتەکە

فرێدریک نیچە/شاعیر و فەیلەسووفی ئەڵمانی

August 13, 2020

فرێدریک نیچە(١٨٤٤-١٩٠٠)، شاعیر و فەیلەسووفی ئەڵمانی، دۆست و نەیار خۆشیان دەوێت، تەنانەت خوێنمژێکی وەک هیتلەر عاشقی بوو. ساڵانێک بەدناو کرا و کتوپڕ سەری هەڵدایەوە. لێرەدا شیعرە ناودارەکەی دەخوێننەوە؛ مەرگی خودا ڕادەگەیەنێت. بەم دێڕە مێژوویەک هەڵدەتەکێنێت. هێشتاکە، کاریگەریی ئەم شیعرە، وەک دوێنێیە.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

هێماچیرۆکی پیاوەشێتەکە
فرێدریک نیچە
کوردییەکەی: ڕەوا هەژار

 

 

 

بەسەرهاتی پیاوەشێتەکەت بیستووە، ئەوەی لە بەرەبەیانێکی ڕووناکدا بە فانۆسێکەوە
ڕای کردە بازاڕ و یەکبینە هاواری دەکرد
بۆ خودا دەگەڕێم، من بۆ خودا دەگەڕێم
ئەوانەشیان کە بڕوایان بە خودا نەبوو
لە دەوری کۆ بوونەوە و
دەتریقانەوە
یەکێکیان پرسیی: بڵێیت ون بووبێت؟
یەکێکی تر: بڵێیت ئەمە وەکوو منداڵێک ون نەبووبێت؟
یان خۆشاردنەوەیە؟
لە ئێمە دەترسێت؟ موسافیرە؟ ئاوارەیە؟
هەر دەیاننەڕاند و دەتریقانەوە.

 

 

شێتەکە بازی دایە نێوانیانەوە و بە چاوەکانی هەموانی سمی
هاواری کرد: پێتان بڵێم خودا لە کوێیە؟
ئێمە کوشتمان… من و تۆ
هەموومان دەستمان لە خوێنەکەیدایە
بەڵام ئێمە چۆن وامان کرد؟
چۆن توانیمان دەریا بخۆینەوە؟
کێ ئەو دەسڕەی داینێ کە هەموو ئاسۆی پێ بسڕینەوە؟
ئێمە چکارە بووین کاتێک زنجیرەکەی زەویمان لە خۆرەکەی کردەوە؟
ئێستا لە کام خولگەداین؟ بەرەو کوێوە دەڕۆین؟
دوور لە هەموو خۆرەکان؟
لە نغرۆبوونێکی جار-لە-دوای-جارەدا نیین؟
بە دوادا، بە لادا، بە پێشدا، بە هەموو جێدا؟
داخۆ هێشتا سەر و خوار ماوە؟
داخۆ ون نەبووین، وەکوو ناکۆتایییەک لە هیچ؟
هێشتا هەست بە هەناسەی چۆڵی شوێنەکان ناکەین؟
ساردتر نەبووە؟ تاریکی بڕێک زیاتر نەهاتووە؟
پێویستمان بە هەڵکردنی فانۆسەکان نییە لە بەیانییاندا؟
هیچ گوێمان لە دەنگەدەنگی گۆڕهەڵکەنەکان نییە، ئەوانەی خودا دەنێژن؟
هیچ بۆنی گەنیوی پیرۆزییەکان ناکەن؟
خواداکانیش دەگەنێن.
خودا مرد.
خواد بە مردوویی دەمێنێتەوە.
ئێمە کوشتمان.

 

 

ئێمەی بکوژی هەموو بکوژەکان، چۆن دڵنەوایی خۆمان بدەینەوە؟
ئەوەی لەم زەوییەدا تا ئێستا لە گشت پیرۆزتر و گەورەتر بوو لەژێر چەقۆکانی ئێمەدا خوێنی پژا و مرد: ئێستا کێ ئەم خوێنە لە گیانمان دەسڕێ؟
بە کام ئاو خۆمان پاک بکەینەوە؟
بە کام شایی کەفارەت بدەین، کام سەرگەرمی دابهێنین و پیرۆزی بکەین؟
ئایا ئەم کارە مەزنە لە خۆمان مەزنتر نییە؟
نابێت ئیتر ئێستا خۆمان ببین بە خودا تا شایستەی وەها کارێک بین؟
هەرگیز هیچ کارێک لەمە گەورەتر نەبووە، هەر کەسێکیش بە دوای ئێمەدا دێتە دنیا، بە هۆی ئێمەوە سەربە مێژوویەکی باڵاتر دەبێت لە هەموو مێژووەکانی پێشتر.

 

 

لێرەدا شێتەکە بێدەنگ بوو، تەماشا ناوچاوی گوێگرەکانی کردەوە
ئەوانیش بێدەنگ بوون، بە سەرسامییەوە زەقەی چاویان دەهات
دواجاردا فانۆسەکەی کێشا بە زەویدا،
پارچەپارچەی کرد و چووە دەرەوە
ئنجا گوتی: من زۆر زوو هاتووم، هێشتا کاتم نەهاتووە.
ئەم ڕووداوە گەورەیە هێشتا لە ڕێیە، جارێ گەڕیدەیە
هێشتا نەگەیشتووەتە گوێی مرۆڤ
هەورەبرووسکە پێویستی بە کاتە
ڕووناکیی ئەستێرە پێویستی بە کاتە
ئەو ڕووداوانەی دەمێکە ڕوویان داوە پێویستیان بە کاتە تا بگەن
ئەم کارە لە ئەستێرە دوورەکان دوورترە بۆیان
هەرچەندە خۆیان بە دەستەکانی خۆیان ئەنجامیان داوە.

 

 

دەگێڕنەوە لە هەمان ڕۆژدا
شێتەکە بە زۆر خۆی کردووە بە چەندین کڵێسادا و
هەمان نوێژە-بەکۆمەڵی بۆ کردوون.
هەر پرسیارێکیشیان لێکردبێت، هیچی لە وەڵامدا نەگوتووە ئەوەندە نەبێت:
ئەم کڵێسانە چین ئەگەر گۆڕی خودا نەبن؟

 

 

 

 

 

Source: Friedrich Nietzsche, The Gay Science (1882, 1887) para. 125; Walter Kaufmann ed. (New York: Vintage, 1974), pp.181-82.