بەندەرەکان کرابوونەوە

ئینگەبۆرگ باخمان/شاعیری نەمسایی

October 23, 2020

ئینگەبۆرگ باخمان، شاعیری نەمسایی، ٢٥ـی جوونی ١٩٢٦ لە دایک بووە. ١٧ـی ئۆکتۆبەری ١٩٧٣، کە ٤٧ـساڵان بوو، لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا گیانی لە دەست دا. لە ١٩٥٣ـوە دەستی بە نووسین کرد و ئەندامی گرووپی ٤٧ بوو. فیلۆلۆژی، فەلسەفە و دەروونناسیی خوێند و دوکتۆراکەی دەربارەی مارتن هایدگەر بوو.-ماڵپەڕی باڵندە

 

 

بەندەرەکان کرابوونەوە
ئینگەبۆرگ باخمان
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کەریم پەڕەنگ

 

 

بەندەرەکان کرابوونەوە. ئێمە ئاژووتمانە ناویانەوە،
چارۆکەکان لە پێشەوە، خەون لەسەر کەشتی،
پۆڵا بە ئەژنۆکانمانەوە و پێکەنین بە دەوری قژمانەوە،
چونکە سەوڵەکانمان لە خوا خێراتر بەر دەریا کەوتن.

 

سەوڵەکانمان بەر بێڵەکانی خوا کەوتن و سێڵاویان کردە دوو لەتەوە،
ڕۆژ لە پێشەوە بوو و شەوەکان لە دواوە مانەوە،
ئەستێرەکەمان لە سەرەوە بوو و ئەوانی دیکە لە خوارەوە ڕۆ چووبوون،
لە دەرەوە زریان کپ بوو و لە ژوورەوە مستمان گەورەتر بوو.

 

کاتێ باران گڕی تێبەر بوو، دیسان گوێمان گرت،
تیر دابارین و فریشتە دەرکەوتن
چاوی ڕەشتر بە چاوە ڕەشەکانی ئێمەوە نووسان،
تارومار وەستابووین، بە درووشمەکەمان زانرا:
خاچێک لە خوێندا و کەشتییەکی گەورە بەسەر دڵەوە.