مەرگی منداڵێک

هانس کریستیان ئەندەرسن/شاعیری دانیمارکی

August 4, 2018

 

 

ئەمە یەکەمین شیعری هانس کریستیان ئەندەرسن شاعیر و چیرۆکنووسی دانیمارکییە، لە ٢ـی ئەپڕێڵی ١٨٠٥ لە دانیمارک لە دایک بووە، ٤ـی ئۆگەستی ١٨٧٥ کۆچی دواییی کردووە. شیعری «مەرگی منداڵێک»ـی لە تەمەنی حەڤدەساڵیدا نووسیویەتی، ئەوکات لە خوێندنگەی لاتینی لە نزیک کۆپنهاگن وانەکانی دەخوێند. ئەندەرسن ئەم شیعرەی دوای ئەوە نووسی کە مامۆستاکەی هەوڵی داوە نەهێڵێت لە شیعر نزیک ببێتەوە و شیعرنووسینی بە کارێکی نابووت لە قەڵەم داوە. ئەندەرسن دەرئەنجامی ئەو کارە زۆر خەمگین و ڕەشبین دەبێت، ئەم شیعرە دەنووسێت و دواتر بیر لە خۆکوشتن دەکاتەوە. شیعرەکە بێ زانینی ئەو لە ڕۆژنامەی کۆپنهاگن پۆست بە ناوی خوازراوەوە لە ساڵی ١٨٢٧ـدا بڵاو کراوەتەوە و دواتر بۆ چەندین زمانی تر دێتە وەرگێڕان و ناوبانگێکی ئێجگار زۆری دەبێت. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

مەرگی منداڵێک
هانس کریستیان ئەندەرسن
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

 

دایە، من هیلاکم دەمەوێ بنووم

بهێڵە لەنێو دڵتدا بێهۆش بکەوم

مەگری، با یەکەم جار من بگریم

با فرمێسکت بە ڕوومەتم بسووتێ

لێرە سارد و لە دەرێ زریان هێرش دێنێ

بەڵام لە خەوندا هەموو شتێک جوانە و

منداڵە فریشتەکان قەشەنگ دەبینم

کاتێک هیلاکم چاوم دادەخرێ

 

 

دایە، هیچ فریشتەیەک لە تەنیشتم دەبینی؟

گوێت لەو ئاوازە ناوازەیەیە؟

ببینە، دوو باڵی سپیی جوانی هەیە

دڵنیام خودا پێی بەخشیوە؛

سەوز و زەرد و سوور لەبەر چاو هەڵدەگەڕێ

گوڵی فریشتە پەخش دەکا!

یان باڵ دەگرم کە دەمرم دایە؟

 

 

بۆ دەستم دەگوشیت؟

بۆ ڕوومەتت بە منەوەیە؟

تەڕ، وەک ئاگر دەسووتێ،

دایە، من هەمیشە هیی تۆم!

بۆیە ئاخ هەڵمەکێشە،

دەگریت، لەگەڵت دەگریم و

من بێئەندازە هیلاکم!

با چاو لێک بنێم

دایە، ببینە!

فریشتەکە ماچم دەکات!