هاوڕێ دەرزییەک بوو مرۆڤ لە تەنیایی خۆی دا

حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )

حسێن لەتیف | (١٩٧٤ - )

August 27, 2024

حسەین لەتیف شاعیر و نووسەر، لە ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. لە سەرەتای نەوەدەکانەوە دەستی بە نووسین کردووە. خاوەنی دوو کتیبی شیعر و سێ کتێبە لە بواری لێکۆڵینەوەی ئەدەبیدا. چوار جار لە فێستیڤاڵی گەڵاوێژ لە بوارەکانی شیعر و لێکۆڵینەوەدا خەڵاتی بردۆتەوە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ سەر   زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی. 

 

 

 

 

هاوڕێ دەرزییەک بوو مرۆڤ لە تەنیایی خۆی دا
حسێن لەتیف

 

 

یەکێک و دووان و نازانم چەندیتر
وەک سەربازی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ،
کە لە مەرگی خۆیان هەڵدێن،
هاتن و بێ سڵاو؛
تا ویستیان لە تۆدا دانیشتن؛
ماندوێتیان دەڕچوو
بێ ڕووخسەت ڕۆیشتن.
لە پەنجەرەی ڕۆژانێکی خۆڵەمێشییەوە
دەڕوانیتە پیادەڕۆکان
بەخۆت دەڵێیت: هەڵدێن،
هەندێکێان لەو ئاپۆڕایەی تێیکەوتوون؛
هەندێکیش لە خۆیان.

لە پەنجەرەی ڕۆژانێکیترەوە کە بەڕێوەن،
جارێک و نازانم چەندیتریش بە خۆت دەڵێیت: هەڵبێ،
لەخۆت ..نا،
لە وانەی دەیانەوێت گۆچان بیت بۆ دەستیان.
بەرپەنجەری هەموو ڕۆژەکان جێدەهێڵیت و …
لەدەفتەرێکی بچووکدا ئەم دێڕە یاداشت دەکەیت؛
گەڕان بەدوای هاوڕێدا هەڵهاتن نییە لە تەنیایی؟
دێیتەوە بەر پەنجەرەی ڕۆژەکانت و…
سیمای ئەوانەت دێتەوە بەرچاو کە زوو ئاوا بوون،
جگەرەیەک، دووان و زیاتریش دادەگیرسێنیت و… بە خۆت دەڵێیت: هەندێکمان لە تەنیایی هەڵهاتین؛
هەندێکمان لە قەرەباڵغی.
بە خۆت دەڵێیت:
مرۆڤ دەرزی و هاوڕێی دروستکرد،
هاوڕی دەرزییەک بوو مرۆڤ لە تەنیایی خۆیدا!
لەگەڵ ئەوەشدا هەر سوپاس بۆ هاوڕێ ….هەر سوپاس بۆ ژیان