هەوڵ بدە چاو نەترووکێنی

ژیار ئەسوەد | (٢٠٠١ - )

ژیار ئەسوەد | (٢٠٠١ - )

February 7, 2025

ژیار ئەسوەد، ساڵی ٢٠٠١ لە کەرکووک لەدایکبووە. لە تەمەنی پانزدە ساڵییەوە شیعر و چیرۆک دەنووسێ. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکان- بەشی سینەمایە لە زانکۆی سەڵاحەدین. یەکەمین کتێبی شیعریی بە ناوی (دوو پێی ون) ساڵی ٢٠٢٠ بڵاو بووەوە و لە چاپکراوەکانی باڵندەیە.

 

 

 

هەوڵ بدە چاو نەترووکێنی

ژیار ئەسوەد

 

 

 

بە چاوترووکانێ

مناڵەکان لە نەعلەکانەوە
قاچیان کێشایە ناو پێڵاوی گەورە
ئەوەی ماوەتەوە لە کۆڵان
لەتێ تەباشیر و
شوێنەواری کاڵی خەتخەتێنە.

 

 

شوانی گورگەکان

گورگەکان کە دەشت جێ دێڵن
ئەم شارە دەیانگرێتە باوەش.

شوان لێرە
پەزی خۆی سەر دەبڕێ و
دەرخواردی ئەوانی دەدا.

 

 

شکاندنی ئاوێنەی ئاو

لەپێناو ڕوونبوون ئاو پەلوپۆی دەجووڵێ
ئێمەین تا ڕزینی پێ
ترساو و تاساو هەڵدێینە ژوورەکانمان
گرینۆکانە باوەش بە ئاوێنە تەفرەدەرەکانا دەکەین.

نارسیسە بێزراوەکانی سەدەی بیستویەک ئێمەین
بۆ هیچ یەکێکمان ئاسان نییە بەرگە بگرین
وێنەی خۆمان ببینین
هەر ڕۆژەو بووبینە کەسی دی.

 

 

سەختەڕێ

لێرە بڕۆ ڤیڤاڵدی!
پەنجەکانم کاتێ بە تەپۆکەکانی
جەستەیدا هەڵدەگژێن
مۆسیقایەک دەبارێ
پەنجەکانی تۆ دەکەنە زبڵوزار
چوار وەرزەکەت بە سواڵکار.